باکۆ سۆرانی 30 ساڵە لە هۆڵەندا لەسەر شانۆ دەدرەوشێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
نیشانەکردن باکۆ سۆرانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باکۆ سۆرانی ساڵانی درێژە لە هۆڵەندا دەژیت. میدیای هۆڵەندی بەڕێزەوە باسی کارە هونەرییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەکات. شانۆکارێکە کە بە ئیشی بەرز لەسەر شانۆی هۆڵەندی دەوەستێ و چەپڵەی بۆ لێدەدرێ. 
 
باکۆ سۆرانی شانۆکار لە 1984 هاتووەتە هۆڵەندا و گوتی: "لە قۆناخی سەرەتای هاتنم بۆ ئەورووپا بیرم لە شانۆ کردووەتەوە، دوای ئەوەی گەورەبووم خەونەکەم گەورەتر بوو، ئیتر خۆم لە نێو دونیای شانۆدا بینییەوە".
 
گوتیشی: "شانۆ زمانی جووڵەیە، پێگەیشتن و هەستە، پانتایی شانۆ لەگەڵ دیاسپۆرانشینانی ئەورووپا کۆیکردینەوە".
 
سەبارەت بە بەرهەمە شانۆییەکانی، باکۆ سۆرانی دەڵێت، یەکەم بەرهەمی بەناوی "ئێستا و هەموو کاتێ باران دەبارێ" بوو، 35 کاری گەورە و بچووکی شانۆی کردووە. روونیشیکردەوە: "کورد خاوەن چیرۆکی زۆر جوانە بۆ شانۆ".
 
"شانۆی بێسنوور" یەکێکە لە شانۆیە سەرکەوتووەکانی سۆرانی، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت، 30 نەتەوەی جیاواز بەشدارییان لە شانۆی "بێسنوور"ـدا کردووە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، بەردەوام شانازی پێوەدەکات.
 
ئەوەشی خستەڕوو "بەردەوام کولتووری کوردی لە کارەکانمان پێشان دەدەین، زمانی کوردی تێکەڵ بە زۆربەی کارە شانۆییەکانمان دەکەین و کارەکانمان فرە کولتوورین".
 
باکۆ سۆرانی ئاشکرای دەکات، خەڵکی هۆڵەندا زۆر بایەخ بە شانۆ دەدەن و دەڵێت: "رۆژانە 50 شانۆگەری لە هۆڵەندا پێشکێش دەکرێن".
 
لەبارەی دوایین بەرهەمیشی، گوتی، شانۆگەریی "خەڵات" نوێترین بەرهەمی شانۆییەتی و باس لە کولتوورێکی نوێی پێکەوەژیان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە