رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی ساڵێک لە نمایشکردنی لە سینەماکاندا، فیلمی 'دیمۆن سلەیەر- قەڵای بێکۆتا' بە شێوازی دیجیتاڵی بەردەستکرا.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، دوای 11 مانگ لە نمایشکردنی لە سینەماکانی جیهاندا، بینەران دەتوانن بە شێوازی دیجیتاڵی سەیری یەکێک لە پڕبینەرترین فیلمەکانی ساڵ بکەن.
فیلمی 'دیمۆن سلەیەر- قەڵای بێکۆتا' (Demon Slayer: Infinity Castle)، لەلایەن هەردوو سینەماکار هیکارۆ کۆندۆ و هارۆ سۆتۆزاکی بەرهەمهێنراوە. چیرۆکی فیلمەکە لە بەشی کۆتایی زنجیرە کۆمیکەکەی وەرگیراوە کە لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 بڵاوکراوەتەوە.
فیلمەکە بۆ یەکەم جار لە 18ـی تەممووزی 2025 لە سینەماکانی ژاپۆن نمایشکرا و لە 11ـی ئەیلوولی هەمان ساڵدا لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکرایەوە. لە ماوەی ساڵێکدا توانی 790 ملیۆن دۆلار داهات بەدەستبهێنێت و بێتە ریزبەندی پڕداهاتترین فیلمی ئەنیمەیشن لە مێژوودا.
چ شتێک وایکرد بێتە سەرکەوتووترین ئەنیمەیشن لە جیهاندا؟
بەهۆی ئاستی بەرز و تەکنیکی ئاڵۆزی ئامادەکردنی، رەخنەگران پێیانوایە لەڕووی بینین، جۆری ئەنیمەیشن و جووڵەی کارەکتەرەکانەوە، یەکێکە لە باشترین فیلمەکانە.
ئەم بەرهەمە تەنیا سەرکەوتنێک نەبوو بۆ هەوادارانی ئەنیمێ، بەڵکو توانی بینەرێکی زۆر لە سەرانسەری جیهان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. ئەمەش سەلماندی کە دەکرێت فیلمی ئەنیمێ لە رووی داهات و ژمارەی بینەرەوە بێتە ڕیزبەندی فیلمە گەورەکانی هۆڵیوود و بۆڵیوود.
رووداوەکانی فیلمەکە درێژەپێدەری کۆتایی چیرۆکی زنجیرەکەن؛ تێیدا 'تانجیڕۆ' و ئەندامانی تیمی 'دیمۆن سلەیەر' دەخرێنە نێو قەڵای بێکۆتاوە. ئەم بەشە بە شەڕە خێراکان، ئەنیمەیشنی تایبەت و دیمەنە کاریگەرەکانی ناسراوە.
هارۆ سۆتۆزاکی، دەرهێنەر و ئۆپێرتۆری دیاری بواری ئەنیمێی ژاپۆنییە و بە گرنگیدان بە وردەکاری و دەربڕینی هەست لە چیرۆکەکاندا ناسراوە. هاوکات هیکارۆ کۆندۆ، وەک بەرهەمهێنەر لە چەندین پڕۆژە و کاری ناوداری ئەنیمێدا بەشداری کردووە.



