رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک چاوەڕوانی، یەکەم پۆستەری فەرمی فیلمی (فلێش ئیمپاکت) بڵاوکرایەوە؛ پێشبینی دەکرێت فیلمەکە ببێتە یەکێک لە پڕ باس و خواسترین بەرهەمی ئەم ساڵی هۆڵیوود.
داکۆتا جۆنسن، ئەکتەری ناسراوی هۆلیوود بە رۆڵێکی جیاوازەوە لە فیلمەکە دەردەکەوێت، یەکەم پۆستەری فیلمەکە وێنەیەکی مارلین مۆنرۆیە، وێنەکە هەوادارانی سەرسام کردووە، چونکە گۆڕانکارییەکی زۆر لە رووخسار و جلوبەرگی ئەکتەرەکە پێشان دەدات، بە رادەیەک کە زۆربەی رەخنەگرانی سینەما بە هەنگاوێکی بێوێنەی دادەنێن.
ماگی جیلنهال، دەرهێنەری ناسراو فیلمەکەی دەرهێناوە، فیلمەکە تەنیا ژیانی مارلین مۆنرۆ ناگێڕێتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات وێنەیەکی نوێ لە کەسایەتی و لایەنە نادیارەکانی ژیانی ئەو کەسایەتییە پێشکێش بکات.
هەروەها ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیوود ئێلن بورستین لە فیلمەکەدا رۆڵ دەگێڕێت.
پێشبینی دەکرێت فیلمەکە، پێش ئەوەی بگاتە سینەما جیهانییەکان، یەکەم جار لە فێستیڤاڵی سینەمای ڤێنیس پێشان بدرێت، فێستیڤاڵەکە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ دەستپێدەکات، هەمان فێستیڤاڵ فیلمێکی دەرهێنەری ناسراوی کورد هەڵکەوت مستەفای تێدا پێشان دەدرێ بە ناونیشانی (بەهەشت نابینیت ژنێک بتکوژێت).
بڵاوبوونەوەی یەکەم پۆستەری فیلمەکە، لە ماوەیەکی کورتدا کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، زۆر لە هەوادارانی سینەما چاوەڕوێن بزانن ئایا داکۆتا جۆنسن دەتوانێت یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی مێژووی هۆلیوود بەجۆرێک وێنا بکات کە رووبەڕووی شەپۆلی رەخنە نەبێتەوە؟
دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت: "ئەم فیلمە تەنیا باسی مارلین مۆنرۆ ناکات، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە مارلین و خەیاڵی من. ئەم فیلمە لەسەر ئەو ژنە ئەکتەرە و ژیانە هەستیار و سەختەکەیەتی".
هەروەها لەسەر هەڵبژاردنی جۆنسن کە رەخنەی زۆری لەمبارەیەوە ئاراستەکراوە بەوەی رووخساری لەگەڵ رووخساری مارلین ئاسمان و رێسمانە، دەڵێت: "لە سەرەتادا بیرم لەوەکردەوە ئەو لە رووی شێوەیەوە زۆر لە مارلین ناچێت، بەڵام دواتر گوتم: ئەمە گرنگ نییە. مارلین تاوەکو ئەندازەیەک بووەتە ئەفسانە و وێنەی خەیاڵی هەموواندا هەیە".
مارلین مۆنڕۆ ئەکتەرێکی سینەمایی جیهانییە و ساڵی 1926 لەدایکبووە و ساڵی 1962 بە مردوویی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.
.png&w=3840&q=75)


