رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوئاهەنگی ئیدیتۆریالیی کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوورووپایی ENEXدا کە رۆژانی 27و 28 ئەم مانگە لە لۆکسەمبۆرگ بەڕێوەچوو، ئەو ئامارانەی لە کۆبوونەوەکەدا پیشاندران دەریانخست کە بەرهەمەکانی تۆڕی میدیایی رووداو یەکێکن لە شەش پڕبینەرترین بەرهەمی میدیاکان لە ENEX دا.
بینەران چیدی چاوەڕێی ئاژانسە گەورەکانی جیهان ناکەن تاوەکو پەرەسەندنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بۆ بگوازنەوە، بەڵکو بە گوتەی مارک ئیڤانس، بەڕێوەبەری هەواڵ لە ئینێکس "رووداو بووەتە چاوی کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا". ئینێکس کۆمەڵەیەکی ئاڵوگۆڕی میدیاییە و 51 دەزگا و کەناڵی تەلەڤزیۆنی گەورەی ئەورووپا و ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا تێیدا ئەندامن و یەکێکیان رووداوە.

کۆبوونەوەی ئەم جارەی بەشی هاوئاهەنگی ئیدیتۆریالیی ئینێکس ئەوەی دەرخست لێرە بەدواوە رووداویش بەشدارە لە دیاریکردنی ئاراستەی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دا .
نوێنەری ئەندامانی ئینێکس، لەنێویاندا CBS و SKYnewsی بەریتانیا ، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداویان کرد، لەبەرئەوەی جێگەی متمانە بووە لە رووماڵکردنی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، لەوانەش لە گەیاندنی دەنگی کەمینەکان و لە شەڕی دژی داعش و جەنگی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ئێران دا .
مارک ئیڤانس لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند ئەوەی رووداو دەیکات بەرهەمی هەبوونی کەسانی شارەزایە لە بەردەم کامێرا و لە پشت کامێرا و نیشانەی ئەوەیە ئەوانەی لە رووداو کار دەکەن خاوەن ئەزموون و زانیارین، لەبەرئەوە جێگەی متمانەن و ئەو جۆرە راستگۆییەش لە جیهانی نوێ دا زیاتر پێویستە.
مارک ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بینەرێکی نێودەوڵەتی سەیری وێنەکانی رووداو دەکات، "دەزانێت راستگۆیی لە پشتیانەوە هەیە، بڕیاردانێکی بەهێز لەپشتیانەوە هەیە و لە پاشخانێکی دەوڵەمەندی زانیاری و ئەزموونەوە دێت."
گوتیشی، رووداو دیدگەیەکی ناوخۆیی بۆ رووداوەکان دابین دەکات، نەک دیدگەی کەسێک لە دەرەوە "ئەوەی ئێمە پشتی پێدەبەستین لە رووداو، ئەوەیە کە ببێتە چاوی ئینێکس وەک ئۆپەراسیۆنێکی کۆکردنەوەی هەواڵ لەو ناوچەیە، بۆیە بۆ ئێمە بەنرخە."
لە رۆژانی 28 و 29ی ئایاری 2026، شاری لۆکسمبۆرگ میوانداری کۆبوونەوەی هاوئاهەنگی ئیدیتۆریالی ئینێکسی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی هاوئاهەنگی زیاتری نێوان دەزگا ئەندامەکانی ئینێکس و تەکنەلۆژیی نوێی بواری میدیا گفتوگۆیان لەسەرکرا.

بەشداربووان و هاوبەشانی ئینێکس ئاماژەیان بەوەکرد کە رووداو وەک "چاوی ئینێکس"ە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، بەتایبەت لە رووماڵکردنی جەنگەکان، ململانێ سیاسییەکان و جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان. بەرهەمە هەواڵییەکان و گواستنەوەی رووداوەکان بەشێوەی راستەوخۆ بۆ ئەندامانی ئینێکس بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئەوان و کەناڵە ئەورووپایی و جیهانییەکان.
داهاتووی میدیا و شەڕی دژی "ڤیدیۆی ساختە"
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی رۆژی دووەمی کۆبوونەوەکە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی ڤیدیۆ ساختەکان بوو کە بە ژیریی دەستکرد AI دروست دەکرێن.
کۆڵم مەکگلینچی لە ئینێکس و نیکی رایان لە زە ژۆرناڵ، جەختیان لەسەر پێویستیی بوونی میکانیزمی بەهێز بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان کردەوە.
هەروەها باس لە داهاتووی (سوپەر کۆمپیوتینگ) و کاریگەرییەکانی لەسەر پیشەی رۆژنامەگەری کرا.

پاراستنی تەندروستی دەروونی پەیامنێران
لە پانێڵێکی تایبەت دا بە ناوی (بەڕێوەبردنی تەندروستی دەروونی؛ تراوما وPTSD لە ژووری هەواڵ دا)، تێرنس جارۆس لە ئینێکس و جەیمس سکۆری لە سکای نیوزی بەریتانیا، تیشکیان خستە سەر ئەو گوشارە دەروونییانەی رووبەڕووی پەیامنێرانی جەنگ دەبنەوە. ئەم بابەتە بۆ ئەو پەیامنێر و تیمانەی کە هەمیشە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکاندان، بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆ ئاشنابوون بە نوێترین رێگەکانی پاراستنی سەلامەتی دەروونی .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینێکس، دوایین گۆڕانکارییەکانی ئینێکسی خستەڕوو. هەروەها نیکۆلێتا پیسپیسا پلانی کارکردنی ئینێکسی بۆ ساڵی 2026-2027 راگەیاند، کە تێیدا هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ هاوبەشە کاراکانی ئینێکس یەکێک دەکرێت لە کارە لەپێشینەکان بۆ فراوانکردنی روووماڵە جیهانییەکان.

ئینێکس ENEX دامەزراوەیەکی جیهانییە لە 14 دیسەمبەری 1993 دامەزراوە و پێکدێت لە کۆمەڵێک کەناڵی تەلەڤزیۆنیی گەورە لە جیهان دا، کە زانیاری و ڤیدیۆ و هەواڵ لەنێوان خۆیاندا دەگۆڕنەوە و تۆڕی میدیایی رووداو یەکێکە لە هاوبەشە هەرە کاراکانی ئەم دامەزراوەیە لەسەر ئاستی جیهان و لە نیسانی 2015دا بووەتە ئەندامی ئینێکس .