رووداو دیجیتاڵ
نادین، ژنێکی ئەڵمانی تەمەن 42 ساڵ و دایکی چوار منداڵە، رۆژی پێنجشەممە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بە تۆمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ ڕێکخراوی داعش، لە دادگای باڵای هەرێمی لە شاری دۆسڵدۆرف بەڕێوەچوو.
داواکاری گشتی تۆمەتی پشتگیریکردنی داعشی خستووەتە پاڵ نادین و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە ڕێگەی کەناڵێکی تێلیگرامەوە بە ناوی "Free Our Sisters" (خوشکەکانمان ئازاد بکەن)، هاوکاریی دارایی بۆ هاوسەر و منداڵانی چەکدارانی داعش ناردووە.
زیلکە ڕیتسەرت، داواکاری گشتی لە دادگای دادی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێت: "ئەم تۆمەتبارە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوکاریی کۆکردووەتەوە و بۆ ئەندامان و لایەنگرانی داعشی ناردووە. بەهۆی شێوازی ناردنی پارەکان و بارودۆخەکەوە، پێمان وایە ئەم هاوکارییە داراییانە وەک پاڵپشتییەک بووە بۆ ئەندامانی داعش تا لەسەر چالاکییەکانیان بەردەوام بن و هانی لایەنگرانی دیکەش بدەن لە داهاتوودا پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە بکەن."
نادین هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی موسڵمانی بە ڕەگەز تورک کردووە. پارێزەرەکەی جەخت دەکاتەوە کە کۆکردنەوەی ئەو هاوکارییانە تەنیا کارێکی مرۆیی بووە و پەیوەندیی بە کاری ڕێکخراوەییەوە نەبووە.
هەرچەندە ئەو نکوڵی لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان ناکات، بەڵام سەرکان ئالکان، پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبارەکە دەڵێت: "بە بڕوای من بابەتەکە زۆر سادەیە. لە ناو دۆسیەکەدا بە ڕوونی دیارە کە پارەکان بۆ منداڵان خەرج کراون؛ بۆ نموونە بۆ دابینکردنی بیمەی گەڕانەوە یان کرێی پارێزەر. ئەمە دەری دەخات کە مەبەستەکە پشتگیریکردنی ڕێکخراوی داعش نەبووە."
لێپێچینەوەی یاسایی و پرۆسەکانی دادگاییکردنی لایەنگرانی داعش لە ئەڵمانیا بەردەوام لە ڕۆژەڤدایە، بەتایبەت کە خەڵکی ئەو وڵاتەش خۆیان بوونەتە قوربانیی ئەو فیکرە توند ئاژۆیە.