رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ سەپاندنی هەژموونی وڵاتەکەی بەسەر گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهاندا نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا تەنگەی هورمز وەک "ناوچەیەکی نوێی ئەمریکا" نیشان دەدات.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نەخشەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا تەنگەی هورمزی وەک "ناوچەیەکی نوێی ئەمریکا" ناوبردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی سەبارەت بە سەپاندنی سەروەریی ئەمریکا بەسەر ئەو تەنگە ستراتیژییەدا.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئێران وەک وەڵامێک بۆ ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا دژی تاران دەستیان پێکرد، تەنگەی هورمزی داخستووە؛ ئەو رێڕەوەی کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەرێ.
ترەمپ یەکەمجار رۆژی هەینی رابردوو بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی لەلایەن ئەمریکاوە وروژاند و بە تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە گوتی، بەم زووانە وەک خاکی ئەمریکا دەیناسێنین. ئەمەش کاردانەوەی تارانی لێکەوتەوە و رایگەیاند "تەنگەکە بە ئێرانی دەمێنێتەوە." ترەمپ رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی جەختی لەسەر بیرۆکەکەی کردەوە و بە کارێکی "باش" ناویبرد.
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ هەڕەشەی لکاندنی خاکی وڵاتانی دیکە بە ئەمریکاوە دەکات. لەو کاتەوەی لە ساڵی 2025 گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە کەنەدا دەکاتە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا، دەست بەسەر گرینلانددا دەگرێ و تەنانەت ئاماژەی بە کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززەش کردووە، بەڵام هیچ کام لەو هەڕەشانەی جێبەجێ نەکردوون.
پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، تەنگەی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی کراوە بوو. ئێستا تاران دەڵێ، تاوەکو واشنتن داواکارییەکانی جێبەجێ نەکات، تەنگەکە ناکاتەوە.
مەرجەکانی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەکە بریتین لە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و پێدانی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ.



