رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا ناوەندێکی توێژینەوەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنی کردەوە.
کردنەوەی ئەم نێوەندە لە فڕۆکەخانەیەکی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، کەمتر لە دوو هەفتە دوای دۆزینەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو دێت لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ، کە ناوەندێکی سەرەکیی لۆجستییە بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا.
لە چەندین شوێنی دیکەی وەک بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکان، بینینی درۆنەکان زیادی کردووە. گومانەکان زۆرتر بۆ رووسیا دەچن، بەهۆی پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا بۆ ئۆکراینا لە شەڕی دژی مۆسکۆدا، هەرچەندە رووسیا بەردەوام تێوەگلانی لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە رەتکردووەتەوە.
ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کاتی کردنەوەی نێوەندەکەدا گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی بەرچاو توانای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی درۆنە دووژمنکارەکان بەهێز دەکەین؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ناوەندە گرنگی بە دۆزینەوە و ناسینەوەی درۆنەکان دەدات.
وەزیری ناوخۆ لەو فڕۆکەخانە بازرگانییە کۆنەی هەکلینگن، کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە باشووری بەرلینەوە دوورە، ئەوەشی خستەڕوو کە ناوەندەکە "دەبێتە توخمێکی سەرەکیی پێکهاتەی ئەمنی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە تێکەڵاوانەی درۆنەکان دروستیان دەکەن."
بەرلین، زاراوەی "هەڕەشەی تێکەڵاو" بۆ ئاماژەدان بە کردەوەی دووژمنکارانە بەکاردەهێنێت کە ناگاتە ئاستی هێرشی سەربازیی روون و ئاشکرا، لەوانەش سیخوڕی، سووتاندن و تێکدان، لەلایەن یان لەبریی هێزێکی بیانییەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیس، ساڵی رابردوو نزیکەی 1000 درۆنی گومانلێکراو بەسەر دامەزراوە هەستیارەکانی ئەڵمانیادا فڕیون. دۆبرینت هۆشداری دا کە دۆزینەوەی تەقەمەنی لە لایپزیگ لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەکەم دۆخی لەو جۆرە نەبووە و گوتی: "لایپزیگ بەشێکە لە وێنەیەکی گەورەتر، دۆخی هەڕەشەکان تووندتر بووە."
"پێویستمان بە رێکاری دۆزینەوەیە"
تاوەکو ئێستا بەرلین رەتیکردووەتەوە لێدوان لەسەر پاڵنەر یان ناسنامەی ئەو لایەنانە بدات کە لە پشت رووداوەکەی لایپزیگ بوون. لەو رووداوەدا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ چەند کاژێرێک راگیران و پۆلیس رۆبۆتی هەڵگرتنەوەی بۆمبی بۆ پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکە بەکارهێنا.
فڕۆکەخانەی لایپزیگ رۆڵێکی سەرەکی لە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی سوپای ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی ناتۆ دەگێڕێ، هەروەها وەک بنکەیەک بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی (ئەنتۆنۆڤ)ـی ئۆکراینی خزمەت دەکات.
ئانکە کایسەر پیزالا، سەرۆکی ئاژانسی توێژینەوەی ناوەندی ئاسمانیی ئەڵمانیا دەڵێ، ناوەندە نوێیەکە سەرنجی لەسەر دۆزینەوەی درۆن دەبێت؛ گوتیشی، کاتێک درۆنێک دەدۆزرێتەوە، پێویستە بزانرێ "ئایا کامێرای پێیە یان تەقەمەنی."
نزیکەی 65 کەس لەو ناوەندەدا کاردەکەن. دانیال نیسلەر، لە سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا، رایگەیاند کە دەبێت ئەڵمانیا تواناکانی دۆزینەوە بەهێز بکات و گوتی: "پێش گرتنەبەری رێکاری بەرگری، رێکاری دۆزینەوە هەیە، کە ئێستا لە ئارادا نین."



