رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، ئیسرائیل و سووریا پێشتر لەسەر ئەوە رێککەوتبوون کە ئەو دۆخە ئەمنییەی لە نێوانیاندا هەیە وەک خۆی بهێڵدرێتەوە، بەڵام سووریا بە رێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب، خەریک بوو ئەو رێککەوتنە پێشێل بکات.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیسرائیل چەندین جار هۆشداری دابووە سووریا کە جێگیربوونی ئەو هێزانە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام سووریا ئەو هۆشدارییانەی پشتگوێ خست.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی قبووڵ ناکات و پێشوازی لە گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخە دەکات کە لەسەری رێککەوتبوون.
ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، واشنتن رەخنەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی تەلئەڤیڤ گرت بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی (ئەبوو زوهوور) لە پارێزگەی ئیدلب.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی و گوتی: "ئەمە زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات."
تۆم باراک بەرگری لە حکومەتە نوێیەکەی سووریا کرد و گوتیشی: "حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع هیچ هەڵوێستێکی شەڕەنگێزانەی نەبووە و چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە پێی باشترە گرژییەکان کەم بکاتەوە،" داوایشی کرد لەبری بەکارهێنانی هێزی سەربازی، پەنا بۆ رێگەچارەی دیپلۆماسی ببردرێ.
چی لە فڕۆکەخانەی ئەبوو زهوور روویدا؟
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، هێرشەکەی ئیسرائیل کەمێک دوای ئەوە هات کە شاندێکی سەربازیی تورکیا سەردانی فڕۆکەخانەکەیان کردبوو بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی.
میدیا فەرمییەکانی سووریا دەڵێن، 8 مووشەک بەر رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە کەوتوون کە تەنیا زیانی ماددییان هەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش ئەمەی بە "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" ناوبرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئیسرائیل سەرکۆنە بکەن.
ئاڵۆزییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل
لە کانوونی یەکەمی 2024ەوە و دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانیی کردوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا. هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی گۆلان زیاتر چوونەتە نێو خاکی سووریا و تاوەکو ئێستاش ئامادە نین لێی بکشێنەوە، ئەوەش نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتووەتەوە.
سەرەڕای ئەم کێشانە، هەردوو وڵات چەندین جار لەژێر گوشاری ئەمریکادا کۆبوونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، تەنانەت لە مانگی کانوونی دووەمدا رێککەوتن لەسەر دروستکردنی "میکانیزمێکی هاوئاهەنگی" وەک ئامادەکارییەک بۆ رێککەوتنی ئەمنی، بەڵام ئەم هەوڵانە نەبوونەتە هۆی راگرتنی تەواوەتیی هێرشەکانی ئیسرائیل.



