رووداو دیجیتاڵ
مارک ئیڤانس، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی ئاژانسی ئینێکس، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسەکە لە لۆکسمبۆرگ، ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند، رووداو "چاوی ئینێکسە لە ناوچەکەدا" و بەهۆی رۆژنامەڤانە خاوەن ئەزموون و راستگۆکانیەوە، بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ بۆ جیهان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێکار عەزیز، هاوئاهەنگیکاری ئاژانسەکان لە رووداو، وەک نوێنەری رووداو لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەیە.
کۆنفڕانسی ئینێکس، کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی گرنگە بۆ نوێنەرانی دەستەی هەواڵی جیهانیی ئینێکس و هەر ساڵێک لە وڵاتێکی ئەندام ساز دەکرێت. لەم کۆبوونەوەیەدا، پەخشکارە نێودەوڵەتییەکان دەرفەتی فراوانبوون، گفتوگۆکردنی ستراتیژیی رۆژنامەڤانی و پلانی رووماڵکردنی داهاتوویان دەبێت.
لە هەڤپەیڤینێک مارک ئیڤانس، بەڕێوەبەری هەواڵی ئینێکس بە رێکار عەزیزی گوت، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی ئەم ساڵ، ئەو کێشە هاوبەشانەیە کە رووبەڕووی میدیای جیهان دەبنەوە و گوتی: "سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا تاڕادەیەک سەریان لە خەڵک شێواندووە لەوەی بۆ هەواڵەکانیان روو لە کێ بکەن."
سەبارەت بە رۆڵی رووداو لەنێو ئاژانسەکەدا، مارک ئیڤانس بەتایبەتی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی: "ئەوان بەشداریی زۆر هەواڵ و وێنەی جیاواز دەکەن، بەڵام پێموایە ئەو هۆکارەی کە رووداو ئەوەندە بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە رووداو رۆژنامەڤانی وای هەیە، هەم لە بەردەم کامێرا و هەم لە پشتی کامێرا، کە خاوەن ئەزموون و زانیارین و ئەو جۆرە راستگۆییەیان هەیە کە لە جیهانی نوێدا پێویستە."
مارک ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک بینەرێکی نێودەوڵەتی سەیری وێنەکانی رووداو دەکات، "دەزانێت راستگۆیی لە پشتیانەوە هەیە، بڕیاردانێکی بەهێز لە پشتیانەوە هەیە و لە پاشخانێکی دەوڵەمەندی زانیاری و ئەزموونەوە دێت."
بەرپرسەکەی ئینێکس گوتی، رووداو دیدگەیەکی ناوخۆیی بۆ رووداوەکان دابین دەکات، نەک دیدگەی کەسێک لە دەرەوە. "ئەوەی ئێمە پشتی پێدەبەستین لە رووداو، ئەوەیە کە ببێتە چاوی ئینێکس وەک ئۆپەراسیۆنێکی کۆکردنەوەی هەواڵ لەنێو ئەو ناوچەیەوە، بۆیە بۆ ئێمە بەنرخە."
ئینێکس (ENEX)، کە لە ساڵی 1993ـدا دامەزراوە و بنکەکەی لە لۆکسمبۆرگە، کۆمەڵەیەکی گەورەی هاوکارییە و زیاتر لە 75 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی بازرگانیی پێشەنگ لە پێنج کیشوەردا پێکەوە دەبەستێتەوە، لەنێویاندا سکای نیوز، سی بی ئێس نیوز و RTL.
بە پێچەوانەی ئاژانسە هەواڵییە نەریتییەکانەوە، ئینێکس لەسەر بنەمای هاوکاری کاردەکات؛ ئەندامەکان گرتە ڤیدیۆییە ناوخۆییەکان، هەڤپەیڤینە تایبەتەکان و پاکێجە هەواڵییەکانیان لەگەڵ ناوەندی سەرەکیی ئینێکسدا هاوبەشی پێدەکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو، لە نیسانی 2015ـدا بووە ئەندامی تەواوی ئینێکس و لەوکاتەوە دووەم تۆڕی تەلەڤزیۆنییە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە لەم تۆڕە جیهانییە تایبەتەدا بەشدارە.
کۆنفڕانسەکانی ئینێکس هەموو ساڵێک گرنگی بە بابەتە نوێیەکان دەدەن. لە ساڵی 2025 لە هۆڵەندا، سەرنجی لەسەر ژیریی دەستکرد بوو. لە ساڵی 2024 لە برۆکسل، سەرنجی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا و رووبەڕووبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بوو. لە ساڵی 2023ـیش لە بولگاریا، تەوەرەکە سەلامەتیی رۆژنامەڤانان بوو.
ئامادەبوونی رووداو لەم کۆنفڕانسە ساڵانەیەدا، دووپاتکردنەوەی رۆڵە گرنگەکەیەتی وەک پردێک لەنێوان کوردستان و جیهاندا.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ ئیڤانس مارک، بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی ئاژانسی ئینێکس
رووداو: بەڕێز ئیڤانس، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵماندایت. پێزانینمان بۆ ئەو دەرفەتە هەیە کە پێتداوین. دەتوانیت پێمان بڵێیت ئەم ساڵ [لێرە] چی روودەدات؟
مارک ئیڤانس(ئێنێکس): لە کۆنفرانسی ئەم ساڵدا باسی چەندین بابەتی جیاواز دەکەین. پێموایە یەکێک لەو شتانەی کە رۆژنامەڤانان لە سەرانسەری جیهاندا لەسەری کۆک دەبن ئەوەیە کە زۆرێک لەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبنەوە، کێشەی هاوبەشن. سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا تاڕادەیەک مۆدێلی پارەدارکردنی نەریتیی رێکخراوە هەواڵییەکانیان تێکداوە. خەڵک لەم جیهانە دیجیتاڵییە نوێیەدا سەریان لێشێواوە لەوەی بۆ هەواڵەکانیان روو لە کێ بکەن. روو لە کەسانێک دەکەن کە رەنگە هەمان راهێنان و شارەزایی و زانیاریی پەخشکارەکانیان نەبێت. بۆیە هەست دەکەین، چونکە زۆرێک لە کێشەکان بۆ رێکخراوە هەواڵییە جیاوازەکان هاوبەشن، دەرفەتێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەو رێکخراوانە وەک لێرە کردوومانە و دەتوانین گفتوگۆ لەسەر چارەسەرەکان بکەین.
رووداو: زۆر زۆر باشە. کەواتە، وەک دەزانیت ئێمە بەشێک بووین لە خێزانی ئێنێکس. دەتوانیت بە بینەرانمان بڵێیت، رووداو چ بەشدارییەکی لەم تۆڕەدا هەیە؟
مارک ئیڤانس(ئێنێکس): ئەوان بەشداریی زۆر هەواڵ و وێنەی جیاواز دەکەن، بەڵام پێموایە ئەو هۆکارەی کە رووداو ئەوەندە بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە تازە باسم کرد. رووداو رۆژنامەڤانی هەیە، هەم لە بەردەم کامێرا و هەم لە پشتی کامێرا، کە خاوەن ئەزموون، زانیاری و پابەندن و ئەو جۆرە راستگۆییەیان هەیە کە لە جیهانی نوێدا پێویستە. خەڵک دەزانن کاتێک سەیری ئەو وێنانە دەکەن، راستگۆیی لە پشتیانەوە هەیە، بڕیاردانێکی بەهێز لە پشتیانەوە هەیە و لەو پاشخانە دەوڵەمەندەی زانیاری و ئەزموونەوە دێت.
رووداو: زۆر باشە، دوایین پرسیارم، دەزانیت کە ئێمە چیرۆک و رووداوەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا رووماڵ دەکەین، بەتایبەتی لە ناوچە گەرمەکاندا وەک سووریا، عێراق و ئێران. کەواتە، رووماڵکردنی ئەو چیرۆکانە لەلایەن ئێمەوە چ مانایەکی هەیە بۆ بینەری ئەورووپی یان بۆ بینەری نێودەوڵەتی کە بەشێکن لە ئێنێکس؟ چۆن پەیامەکە دەگەیەنین؟
مارک ئیڤانس (ئێنێکس): پێموایە یەکێک لە بەشە گرنگەکان ئەوەیە کە رووداو ئەم نەریتە دێرینەی هەیە کە خەڵکی ئەو ناوچە فراوانەیە و لەنێو ئەو ناوچە فراوانەدا کاردەکات. بێگومان، پەخشکارە گەورەکانی ئەورووپا گەشت بۆ شوێنەکانی وەک ئێران و سووریا دەکەن وەک باست کرد، بەڵام ئەوە هەمیشە بە چاوی کەسێک دەبێت لە دەرەوە. ئەوەی ئێمە پشتی پێدەبەستین لە رووداو، ئەوەیە کە ببێتە چاوی ئێنێکس وەک ئۆپەراسیۆنێکی کۆکردنەوەی هەواڵ لەنێو ئەو ناوچەیەوە. بۆیە بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بۆ ئێمە بەنرخە.
رووداو: زۆر باشە. زۆر سوپاس. پێزانینم بۆ کاتەکەت هەیە.