رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی "سەردار گرووپ" رایدەگەیێنێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوەتیی سیستمی "ئەسیکۆدا" و کێشەی دۆلار، کارەکانیان لە بازاڕی کوردستاندا 50% کەمی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات کە لە واشنتن گرێبەستی دابەشکاریی براندێکی گرنگی ئەمریکییان بۆ هەموو عێراق واژۆ کردووە.
سەردار بیبانی، خاوەنی کۆمپانیای سەردار گرووپ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: وەک بەشێک لە شاندێکی 32 بازرگانی عێراقی و کوردی یاوەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمریکایان کردووە و لەوێ 48 گرێبەست لە نێوان کۆمپانیا عێراقی و ئەمریکییەکان واژۆ کراون.
سەردار بیبانی ئاشکرای کرد کە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا، گرێبەستی "دابەشکاری" (Distribution Agreement)ـیان لەگەڵ کۆمپانیای (Polaris)ـی ئەمریکی بۆ هەموو بازاڕی عێراق واژۆ کردووە. ئەو کۆمپانیایە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی ATV بۆ شوێنە سەختەکان (Off-road) کە لە بوارەکانی نەوت، کشتوکاڵ و سەربازیدا بەکار دێن. بیبانی گوتی: "پێشتر کارەکانمان تەنیا بۆ کوردستان بوو، بەڵام ئێستا پەرەی پێدەدەین بۆ هەموو شارەکانی عێراق."
سەبارەت بە دۆخی بازاڕ لە ناوخۆی وڵات، خاوەنی سەردار گرووپ نیگەرانیی خۆی نیشان دا و گوتی: "لە ساڵی رابردوودا قەبارەی کارەکانمان گەیشتە 3 ملیار دۆلار و 70%ـی لە رێگەی بازاڕی کوردستانەوە بوو، بەڵام لە ساڵی 2026ـدا کارەکانمان لە کوردستان 50% کەمی کردووە."
بە بڕوای سەردار بیبانی، هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشێیە بۆ کێشە بانکی و داراییەکان و سیستمی "ئەسیکۆدا" دەگەڕێتەوە. ئەو دەڵێت: "لە کوردستان ناتوانین دۆلار بە نرخی فەرمی (1320 دینار) لە بانکی ناوەندی وەربگرین و ناچارین لە بازاڕ بە 1530 دینار بیکڕین، بەڵام لە بەغدا دۆلاری فەرمی دەست دەکەوێت."
سەردار بیبانی داتاکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستە روو و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 12 هەزار ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە کە بەهاکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا پلانیان وابوو لەو ماوەیەدا 25 هەزار ئۆتۆمبێل بفرۆشن. سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی وەک (رەینج رۆڤەر، لاند رۆڤەر و لێکسس)، بیبانی ئاماژەی بەوە کرد کە 30% بۆ 35%ـی کۆی گشتیی کارەکانیان پێکدەهێنێت و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار ئۆتۆمبێلی گرانبەها لە رێگەی گرووپەکەیانەوە دەچێتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: کاک سەردار، تۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەرێکی نێودەوڵەتیت، پێشتر لە دوبەی لە کۆنفرانسێکدا یەکێک بوویت لە سەرمایەدارە دیارەکان، ئێستا لە ئەمریکا چی دەکەیت و لەم چەند رۆژەدا چیتان کردووە؟
سەردار بیبانی: زۆر سوپاس. ئەمجارە هاتنمان بۆ ئەمریکا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق بوو. ئامانجمان ئەوە بوو چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمریکی بکەین. بێجگە لەوەی کە لە پلاندا بوو، گرێبەستی کارکردنمان لەگەڵ کۆمپانیای "پۆلاریس" و هەموو براندەکانی دیکەی سەر بەو کۆمپانیایە نوێ بکەینەوە بۆ بازاڕی عێراق. لە ساڵانی رابردوودا زیاتر کارەکانمان تەنیا بۆ کوردستان بوو، بەڵام ئێستا کارەکانمان فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی لە هەموو شارەکانی دەرەوەی کوردستانیش پەرەی پێبدەین و کاری لەسەر بکەین.
رووداو: بەگوێرەی دیمەنەکان بڕوانامە یان نووسراوی لێکتێگەیشتنی (US-Iraq High-Level Business Summit)تان بەدەستەوەیە؛ ئایا ئەمە لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆکوەزیراندایە؟
سەردار بیبانی: بێگومان، ئەوە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن بوو. لەوێ گرێبەستەکان واژۆ کران. ئێمە و کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکەش لەوێ ئامادە بووین؛ لەم چاوپێکەوتنەی واشنتندا 48 کۆمپانیا گرێبەستیان واژۆ کرد.
رووداو: لەگەڵ کۆمپانیای پۆلاریس چ رێککەوتنێکتان هەیە؟ کار و ئیشی هاوبەشتان چییە؟ ئەو کۆمپانیایە لە چیدا تایبەتمەندە؟
سەردار بیبانی: ئەو کۆمپانیایە کۆمەڵێک براندی هەیە، یەکێک لەوانە ماتۆڕ و ئۆتۆمبێلی ATVـە. ئەوانە ئەو ماتۆڕ و ئۆتۆمبێلانەن کە بۆ (Off-road) بەکار دێن، واتە بۆ شوێنی سەخت بەکار دێن. دوو جۆری سەرەکیشیان هەیە: بۆ بواری مەدەنی (Civil) و بۆ بواری سەربازی (Military). کۆمپانیا نەوتییەکان زۆر بەکاری دەهێنن، هەروەها بۆ بواری کشتوکاڵیش بەکار دێت. لە ساڵانی رابردوودا لە کوردستان زۆر بەناوبانگ بووە و زۆر بەکار دێت. پلانەکەمان ئەوەیە کە بۆ دەرەوەی کوردستانیش ئامادەی بکەین، بەتایبەت لە رێگەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە.
رووداو: ئایا ئەو ماتۆڕانەی ئێستا لە کوردستان هەن، هی ئێوەن کە هێناوتانن؟
سەردار بیبانی: ئەوانەی ئێمە باسی دەکەین هی براندی پۆلاریسی ئەمریکییە، کە براندێکی زۆر بەناوبانگە لە جیهاندا. کۆمپانیایەکی زۆر گەورەیە لە بازاڕ و لە تەکنەلۆژیای تازەی بواری هاتووچۆی دەرەوەی رێگاوباندا. زۆر سەلامەتە و کۆمەڵێک حیساباتی زۆری سەلامەتی تێدایە.
رووداو: ئایا دەتوانین بزانین نرخیان بە چەندە؟ جیاوازییان چییە لەگەڵ ماتۆڕەکانی دیکە کە بۆ شاخ و داخ بەکار دێن؟
سەردار بیبانی: نرخەکانیان دەتوانین بڵێین لە 10 هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 40 هەزار بۆ 50 هەزار دۆلار بۆ هەر دانەیەک. جۆریان زۆرە و نرخەکەیان بەپێی توانای بزوێنەرەکە (مەکینەکە) و قەبارەکەی دەگۆڕێت.
رووداو: ناوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە نوێیەی کردووتانە چییە؟ ئایا رێککەوتنە؟ یان تەنیا نووسراوی لێکتێگەیشتنە یان ناوەکەی چییە؟
سەردار بیبانی: نەخێر، ئەمە گرێبەستە. پێی دەگوترێت گرێبەستی دابەشکاری (Distribution Agreement) بۆ هەموو بازاڕی عێراق. لە دوای ئەمەشەوە کۆمەڵێک شتی دیکە دێت، وەک مەشقی تیمەکانە کە چۆن بتوانن پێداویستییەکانی ئەم براندە جێبەجێ بکەن، بێجگە لە دابینکردنی پارچەی یەدەگ و هەر شتێکی تازە کە پەیوەندی بە ژینگەوە هەبێت؛ ئەمانە هەمووی لەناو گرێبەستەکەدا هەن.
رووداو: بەگشتی سەردانی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە رووی ئابووری، دارایی و وزەوە بوو. تاوەکو چەند ئەو گرێبەستانە سەرکەوتوو بوون و بە بەهای چەند گرێبەست واژۆ کران؟ رۆڵی کۆمپانیا کوردییەکان چی بوو؟ ئایا کۆمپانیای دیکەی کوردی هەبوون، وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکەن؟
سەردار بیبانی: بێگومان، ئەوەی من بینیم گەلێک لە برادەرانی کوردستان لەوێ بوون، هەروەها برادەرانی دیکەش لە بەغدا و بەسرەوە هاتبوون. بۆ نموونە کۆمپانیای "کار" و کۆمپانیای "ماس"ـم لەوێ بینی کە ئەوانیش گرێبەستی تایبەت بە کارەکانی خۆیانیان هەبوو.
رووداو: تۆ خۆت لەگەڵ شاندەکە لە بەغداوە رۆیشتیت یان لەوێ بوویت؟
سەردار بیبانی: من لە بەغداوە لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکەوە دەرچووین، بەڵام من بۆ راپەڕاندنی هەندێک کار لێرە (لە ئەمریکا) مامەوە.
رووداو: ژمارەی ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرانەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران بوون چەند کەس بوون؟
سەردار بیبانی: 32 بازرگانی عێراقی و کوردی بوون، کە پێکەوە نوێنەرایەتیی 32 کۆمپانیایان دەکرد.
رووداو: رێککەوتنەکان زیاتر لە چی بوارێکدا بوو، دیارە بەهایان چەندە؟
سەردار بیبانی: بەڵێ، زیاتری لە بواری وزە و کارەبا بوون، هەندێکی دیکەش هەبووە ئەوەی ئێمەشی لەگەڵدا بووین باسی ژمێریاری و هەندێک کاری دیکە بوو کە پەیوەندی بە کارەکانی ئێمەوە بوو ئەو جۆرە کۆمپانیایانەشمان لەگەڵ بوو.
رووداو: با باسێکی گرووپی سەردار بکەین؛ دۆختان لە عێراق چۆنە و بازاڕتان چۆنە؟ ئەمساڵ بە بەهای چەند ئۆتۆمبێلتان هێناوە؟ نرخی ئۆتۆمبێل چی بەسەر هاتووە لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە و بەرهەمهێنان گۆڕاوە؟ بەهای فرۆشتنتان چەند بووە؟
سەردار بیبانی: ئەوەی راستی بێت، وەک ئاگادارن لەم بارودۆخەی ئێستا لە ساڵی 2026، دەتوانین بڵێین کارەکانمان لە بازاڕی کوردستاندا بە 50% کەمی کردووە. بەڵام پێویستیی بازاڕ زۆر لەوە زیاترە. ئامادەبوونی ئێمە و لقەکانمان تەنیا پەیوەست نییە بە براندە ئەمریکییەکان، بەڵکو لەگەڵ براندە ژاپۆنییەکانیش بە هەمان شێوە دابەزینی بەخۆوە بینیوە. بەڵام دەبینین کە دەتوانین هێواش هێواش بگەڕێینەوە سەر باری ئاسایی خۆی. لە ساڵی رابردوودا قەبارەی ئیشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە گەیشتە 3 ملیار دۆلار.
رووداو: مەبەستت ئەوەیە گرووپی سەردار بەهای 3 ملیار دۆلار قەبارەی بازاڕ و پیشەسازی ئۆتۆمبێلی هەبووە؟
سەردار بیبانی: بەڵێ، بۆ هەموو بازاڕی عێراق بوو، نەک تەنیا کوردستان.
رووداو: بە بەهای 3 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگتان فرۆشتووە، یان تەنیا ئۆتۆمبێل؟
سەردار بیبانی: پارچەی یەدەگیشی لەگەڵ بووە، هەمووی پێکەوە.
رووداو: لەو 3 ملیار دۆلارە، چەندی بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە؟
سەردار بیبانی: دەتوانم بڵێم لە ساڵانی 2023 و 2024دا نزیکەی 70% لە رێگەی بازاڕی کوردستانەوە بووە، چونکە بناخەی کارەکانمان لە کوردستانە. بەڵام بەهۆی پێویستییەکان و ئەو بەرز و نزمییەی لە تێچوودا روودەدات، هێواش هێواش پشکی کوردستان کەم دەبێتەوە. دەتوانم بڵێم لە ساڵی 2026دا بووە بە 50% واتە 50%ـی لە رێگەی سنوورەکانی دیکەی عێراقەوە داخڵ دەبێت 50%ـەکەی دیکەی لە رێگەی کوردستانەوە دێت.
رووداو: هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە چییە؟
سەردار بیبانی: کۆمەڵێک شت هەن کە ناهێڵن ئیشەکان لەسەر سنووری کوردستان زیاتر ببن. یەکێک لەوانە ئەسیکۆدا کە تاوەکو ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە، ناتوانین پارە لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە وەربگرین. ئەم کێشە بانکی و داراییانە کاریگەریی زۆریان لەسەر کاروبارەکانمان کردووە و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.
رووداو: ئایا ئێوە ئۆتۆمبێل بە دوو نرخی جیاواز دەهێنن؟ ئەگەر لە دەروازەکانی دیکەی عێراقەوە بێت دۆلاری فەرمی بانکی ناوەندی (132 هەزار دینار) دەست دەکەوێت، بەڵام لە کوردستانەوە بێت، دەبێت دۆلار لە بازاڕ بە نرخی بەرزتر بە 153 هەزار دینار بکڕن. ئایا ئەمە وایکردووە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتای کوردستان گرانتر بێت لە تۆیۆتای بەغدا؟
سەردار بیبانی: بەڵێ، ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان. ئەم جیاوازییەی نرخی دۆلار وایکردووە کە تێچووەکە جیاواز بێت، بەڵام ئێمە وەک کۆمپانیا رێگەمان نەداوە نرخی فرۆشتن لە کوردستان بەرز ببێتەوە، بەڵکو لە قازانجی خۆمان لەو بەشەی عێراق دادەشکێنین بۆ ئەوەی هاوسەنگی بپارێزین.
رووداو: لە ساڵی 2026دا، بەگشتی نرخەکان چەند گران بوون؟
سەردار بیبانی: لای ئێمە نرخەکان گران نەبوون، نە بۆ تۆیۆتا و نە بۆ پۆلاریس. وەک باسم کرد ئێمە تێکڕای نرخەکانمان لەگەڵ بازاڕی عێراقدا هاوسەنگ کردووە.
رووداو: ئەی لەلایەن کارگەی سەرەکی و کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە لە دەرەوە گران نەبووە؟
سەردار بیبانی: لای ئێمە گران نەبووە. مەرج نییە ساڵ بە ساڵ نرخەکان گران ببن.
رووداو: ئەی کرێی گواستنەوە و دڵنیایی (تەمین) گران نەبووە؟
سەردار بیبانی: لەوێدا تۆزێک بەڵێ؛ رێژەیەکی کەم گۆڕانکاری لە نرخی دڵنیایی و گواستنەوەدا روویداوە.
رووداو: وەک دۆستێک پرسیار دەکەم؛ ئایا ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە پێشتر ئۆتۆمبێلتان بە گرانتر دەفرۆشت و ئێستا ناتوانن زیاتر گرانی بکەن؟ لە کاتێکدا لە جیهاندا هەموو شتێک لە کەرەستەی کیمیایی، نەوت، کرێی گواستنەوە و بیمە گران بووە، چۆن لای ئێوە گران نەبووە؟
سەردار بیبانی: من دەمەوێت ئەوە ئاشکرا بکەم کە هاوبەشەکانمان لە تۆیۆتا و لە کۆمپانیای "سۆمیتۆمۆ" (کە هاوبەشی ئێمەن لە تۆیۆتادا)، زۆر پاڵپشتمانن بۆ ئەوەی نرخ لە بازاڕی عێراقدا بەرز نەبێتەوە. ئەوان ئاگاداری دۆخی ئێمەن و دەزانن کە بارگرانییەکە لەسەر شانی ئێمەیە، دەزانن بە کاتێکی نەگونجاودا دەڕۆین، بۆیە هاوکارییەکی زۆریان کردووین بۆ ئەوەی نرخەکان لەگەڵ کەنداو بەرز نەبێتەوە.
رووداو: ئایا هیچ ئامارێکتان لەبەر دەستە کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا فرۆشی تۆیۆتا لە عێراق چەند بووە؟
سەردار بیبانی: ئەوەی لە رێگەی ئێمەوە هاتووە بێگومان دەیزانین، بێجگە لەوەی کە بە شێوازی نافەرمی (قاچاخ) داخڵ دەبێت ئەوانە ئاشکرایە لای ئێمە.
رووداو: ئێستا پێمان دەڵێیت؟
سەردار بیبانی: لای ئێمە هەموو شتێک ئاشکرایە. تاوەکو ئێستا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 12 هەزار ئۆتۆمبێل لە رێگەی ئێمەوە هاتووە و داخڵ بووە، لە کاتێکدا پلانی ئێمە بۆ ئەم ماوەیە 25 هەزار ئۆتۆمبێل بوو.
رووداو: بەهاکەی دەگاتە ملیارێک دۆلار؟
سەردار بیبانی: بەهای گشتییەکەشی نزیکەی ملیارێک دۆلار دەبێت.
رووداو: بازاڕی ئۆتۆمبێلی گرانبەها (Luxury) بۆ نموونە پێشتر هەر لەگەڵ جەنابتدا گفتوگۆم کرد باسی ئۆتۆمبێلی رەینج رۆڤەر و لاند رۆڤەرمان کرد. دەمەوێت بزانم بازاڕەکە چی لێهات؟ بە بەهای چەند لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا جەنابت شەقامەکانی کوردستانت پڕ کردووە لە ئۆتۆمبێلی نرخ و بەها بەرز و جوان؟
سەردار بیبانی: ساڵ بە ساڵ پێویستییەکان زیاتر دەکات، واتە داواکاری زیاترە. بێگومان ئەوەی باسمان کرد لە سەرەتای گفتوگۆکەماندا، کۆی گشتیی کارەکانمان باس کرد کە ئەوەندە بوو بە بەهای 3 ملیار دۆلار، گەیشتە 3 ملیار دۆلار لە هەموو سنوورەکانی عێراقەوە داخڵ دەبێت. ئیدی ئەوەیە بەدەست هاتووە، بەڵێ.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە بۆ نموونە کاتی خۆی باسی ئەوەمان کرد کە بەهای نزیکەی 1 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێلی رەینج رۆڤەر و لاند رۆڤەر جەنابت چی لێ ناو دەنێیت و هاتووەتە هەرێمی کوردستانەوە. دیارە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، یان ساڵی 2025 لەو 3 ملیار دۆلارە، چەندی ئۆتۆمبێلی گرانبەها بووە؟ واتە بێجگە لە تۆیۆتا.
سەردار بیبانی: دەتوانین بڵێین 30% تاوەکو 35%ـی ئەو بەشە گرانبەها (Luxury) بێت. نەک هەر تۆیۆتا و رەینج رۆڤەر، بەڵکو لێکسسیشی لەگەڵدایە. بەڵێ دەتوانین بڵێین 35%ـی کۆی گشتیی کارەکانمان بۆ شتی گرانبەها بێت.
رووداو: بەڵێ، واتە لە ماوەی ساڵێکدا بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار ئۆتۆمبێلی گرانبەها هاتووەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی گرووپەکەی ئێوەوە؟
سەردار بیبانی: بەڵێ ئەوە واقیعە و داتاکە ئاشکرایە لە فەرمانگەی گومرگ و لە سنوورەکان.

