باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، ستراتیژی نوێی حکومەتی عێراقی بۆ کەرتی وزە خستەڕوو، کە ئامانج لێی دروستکردنی هاوبەشیی ئابوورییە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و کۆتاییهێنانە بە وابەستەبوون بە یەک دەروازەی هەناردەکردنی نەوتەوە.
باسم محەممەد، رایگەیاند کە رێککەوتنی سەرەتاییان لەگەڵ سووریا و هاوپەیمانییەکی کۆمپانیا ئەمریکی و قەتەرییەکان کردووە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی بۆریی نەوت لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لقێکی دیکەی ئەو تۆڕە لە حەدیسەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا درێژ دەبێتەوە، کە ئەمەش "زیاتر لە سییەک بۆ هەناسەدان" بە عێراق دەبەخشێت و چیتر بەتەواوی پشت بە تەنگەی هورمز نابەستێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی هەرێم وەک "بەشێکی دانەبڕاو لە عێراق" دەبینێت و ئامانجیان چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە. ناوبراو، ئاماژەی بە رێککەوتنێکی سێقۆڵی کرد لەنێوان حکومەتی فیدراڵی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت، کە بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوی برد و رایگەیاند، سامانە نەوتییەکانی هەرێم موڵکی هەموو گەلی عێراقە و ئامادەن هاوکاریی هەرێم بکەن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: دکتۆر زۆر بەخێربین بۆ رووداو.
باسم محەممەد: بەخێربێن، سوپاس بۆ کەناڵەکەتان و بەدواداچوون و تیشکخستنە سەر ئەم سەردانە گرنگە حکومی و ئابوورییەی حکومەتی بەڕێز زەیدی.
رووداو: گرنگترین ئەو گرێبەستانەی واژۆتان کردن چی بوون و چی لە عێراق دەگۆڕێت؟
باسم محەممەد: ئامانج لەم سەردانە بریتییە لە دروستکردنی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان. ئەمە لە چوارچێوەی ستراتیژ و پلانی حکومەت دایە. عێراق لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا بەدەست سیاسەتی ستەمکارانە و ئەو شەڕانەی بەسەریدا سەپێنران، ئازاری زۆری چەشت، کە دواترینیان شەڕی داعش بوو. بۆیە ئەمڕۆ خاوەنی ژێرخانێکی کۆن و پیشەسازییەکی نەوتین کە لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە. دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، وەک شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، هالیبێرتۆن، شەمبەرلین و ئەوانی دیکە، عێراق توانادار دەکات بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی نەوتی و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی نەوت و گاز و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گازی سووتاو. ئامانجی حکومەت بەدەستهێنانی خۆبژێوییە لە گاز بۆ مەبەستی کارەبا و پیشەسازی. ئێمە ئومێدێکمان هەیە، کە ئەوەش مافێکی رەوایە، چونکە خاوەنی پێکهاتەکانین، ئەویش ئەوەیە عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری گاز. ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن کە ئەمڕۆ واژۆ کران، یەکەم هەنگاون بەرەو بەردەوامبوون لە تەواوکردنی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێکاری گرێبەستی کۆتایی بۆ واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە.
رووداو: ئەمڕۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکمان لەگەڵ سووریا بینی و، پێش ئەوەش رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەبوو. گرنگیی ئەم رێککەوتنانە لەگەڵ سووریا و وڵاتانی دیکە بۆ عێراق چییە؟ نێوەڕۆکەی چییە و چ سوودێکی بۆ عێراقییەکان دەبێت؟
باسم محەممەد: سەبارەت بە دەروازەکانی هەناردەکردن، وەک هەمووان دەزانن، ئەو دەروازە سەرەکییەی کە پێش ئەم شەڕەی لەنێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا سەپێندرا و نەوتمان لێوە هەناردە دەکرد، تەنگەی هورمز بوو. بۆیە تووشی زیانێکی گەورە و لاوازی و کەمبوونەوەی داهات بووینەوە بەهۆی راوەستانی تەنگەی هورمزەوە، کە پێشتر رۆژانە زیاتر لە 3.4 ملیۆن بەرمیلمان لێوە هەناردە دەکرد. دەروازەی جەیهانمان بۆ مایەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی بە درۆن کرانە سەر هەندێک کۆمپانیا، ئەو کۆمپانیایانە کشانەوە و هەناردەکردن لە رێگەی جەیهانەوە وەستا. پلانی وەزارەت لەمێژە بریتی بوو لە فرەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی وڵات پێیدا تێپەڕی و سنوورداریی دۆخی دارایی، نەمانتوانی ئەو کارە بکەین. ئەمڕۆ، رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ سووریا و لەگەڵ هاوپەیمانیی کۆمپانیا ئەمریکی و قەتەرییەکان، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بریتین لە شیڤرۆن و (T.I. Capital) و کۆمپانیا قەتەرییەکەش (UCC)یە، ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی بۆرییە لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و، لەوێشەوە بۆ جەیهان و، لقێکی دیکەش لە حەدیسەوە بۆ بانیاس لە رێگەی سووریاوە، هەنگاوی دووەمیش بەرەو عەقەبەیە. ئەمە زیاتر لە سییەک بۆ هەناسەدان و توانای هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق دابین دەکات و، ئاسایشی ئابووری بۆ عێراق مسۆگەر دەکات لە ئەگەری روودانی هەر کێشەیەک، چ لەسەر ئاستی جیهانی یان هەرێمی. بۆیە، ئەم بۆرییە یەکێکە لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە عێراق توانادار دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، چ بە بڕەکانی ئێستا یان بەگوێرەی پلانی وەزارەت بۆ زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان.
رووداو: باسی بەندەری جەیهانت کرد و ئاماژەت بەوەدا کە هەندێک کێشە و هێرشی درۆنی بوونە هۆی راوەستانی. ئایا پێشبینی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن لەم نزیکانە؟ کێشەکە بە دیاریکراوی چییە؟ ئایا هێرشەکانە یان ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە؟
باسم محەممەد: سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، حکومەتی پێشوو دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنا بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی، وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن، نەوتەکە لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتەوە هەناردە دەکرا و، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە. ئامانجی حکومەت چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لەگەڵ برایانی هەرێم. ئامانجمان ئەوەیە نەوت و گازی هەرێم بە شێوەیەکی نموونەیی وەبەربهێنین و تواناکانی بەرهەمهێنان بەرزبکەینەوە و بگەینە ئاستە بەرزەکان. باوەڕمان وایە ئەو سامانە نەوتییەی لە بەسرە و بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و لە هەرێم هەیە، موڵکی هەموو گەلی عێراقە و، پێویستە تاکی عێراقی ژیانێک بژی کە لەگەڵ ئەم سامانەدا بگونجێت کە خودا پێی بەخشیوە بۆ مەبەستی بەختەوەری و ژیانێکی نموونەیی.
رووداو: باسی بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانت کرد، کێشەی قەرزی کۆمپانیاکان هەیە، کێ ئەو قەرزانە دەداتەوە و چۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو خاڵانە رێکدەکەون؟
باسم محەممەد: بێگومان هەموو دۆسیەکان لە داهاتوودا چارەسەر دەکرێن. پێشتر، هیچ لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لێکتێگەیشتن و بنەما هەن کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵیدا دانراون و، ئێمە بەرەو جێبەجێکردنیان دەڕۆین. بۆیە، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمیش کاردەکەن ئێستا دەرفەتی وەبەرهێنانیان هەیە، وەک کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی کە گرێبەستێکمان لەگەڵیدا لە کێڵگەی حەمرین واژۆ کرد. حکومەتی فیدراڵی، لە چوارچێوەی سیاسەت و ئاراستەکانیدا، هیچ هێڵێکی سووری نییە و، ئامانجی وەبەرهێنانی سامانە بە شێوەیەکی نموونەیی تاوەکو عێراق ببێتە ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێش بۆ هەموو کۆمپانیا جیهانییە شایستەکان. حکومەت کۆمپانیاکان وەک بەڵێندەر نابینێت، بەڵکو وەک هاوبەش دەیانبینێت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئابووری و دابینکردنی ئەوەی عێراقییەکان پێویستیانە لە ژێرخان و خزمەتگوزاری و ژیانێکی خۆش.
رووداو: باسی کۆمپانیای HKNت کرد کە لەگەڵ ئێوەو لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، هاتنی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کارئاسانی بۆ ئێوە دروستکردووە؟
باسم محەممەد: بێگومان، کۆمپانیای (HKN) گرێبەستی لە هەرێم هەیە. بە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە ئەمڕۆ، ئێمە پشتگیرییان دەکەین و هەموو ئاستەنگەکان لادەبەین بۆ ئەوەی گرێبەستەکە بە شێوەیەکی نموونەیی جێبەجێ بکەن و بەپێی پابەندییەکانی گرێبەستەکە بگەینە تواناکانی بەرهەمهێنانی خوازراو.
رووداو: سیاسەتی حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ئایا بەپێی خواستی ئۆپێکە یان دەتانەوێ بەرهەمهێنان زیاتر بکەن؟ هەروەها ئێستا چەند بەرهەمدەهێنن؟ ئایا هاوتایە لەگەڵ ئۆپێک؟
باسم محەممەد: ئێمە پێمانوایە ئۆپێک نرخ و ژینگەیەکی ئاراممان بۆ فرۆشتنی نەوت بۆ دابین دەکات، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ ئۆپێک هەیە. بەهۆی بارودۆخی عێراق و ئەو قۆناخانەی پێیدا تێپەڕیوە، پێویستە برایانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس تێبگەن کە دەبێت لە بابەتی رێژەکانی هەناردەکردندا رەچاوی عێراق بکرێت. حکومەت لە رێگەی وەزارەتی نەوت و رێڕەوی سیاسییەوە گفتوگۆی هەیە بۆ زیادکردنی تواناکانی هەناردەکردنی عێراق و، ئەمەش مافێکی رەوایە. بەڵام ئۆپێک بۆ ئێمە وەک ئەو رێکخراوە دەمێنێتەوە کە فرۆشتنی نەوت بەو نرخانە مسۆگەر دەکات کە سوود بۆ عێراق و هەموو وڵاتانی ئۆپێک دابین دەکات.
رووداو: ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ سووریا جێبەجێ بکرێت، ئایا بەتەواوی پشت بە تەنگەی هورمز نابەستن، یاخود ئەم رێککەوتنە شتێکی کاتییە تاوەکو ئەو کاتەی تەنگەی هورمز دەکرێتەوە؟
باسم محەممەد: سەبارەت بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ برایانی سووریا، رێککەوتنە نەوتییەکانی ئێمە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ نین، بەڵکو رێککەوتنی درێژخایەنن. پڕۆژەی بۆریی حەدیسە-بانیاس کە لە پلانماندایە، بۆ دەیان ساڵ درێژ دەبێتەوە، نەک بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ و، پشت بە تەنگەی هورمز نابەستێت، بەڵکو ئەمە پلانە کۆنەکەی ئێمەیە کە پشتی بە پلان و ستراتیژیی حکومەت بەستووە.
رووداو: هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سرووشتییەکانی نییە، ئێوە پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و، لە بواری کەرتی نەوت و گاز چ چاوەڕوانییەکت لە داهاتووی ئەو پەیوەندییانە هەیە؟
باسم محەممەد: لە روانگەی خۆمەوە وەک وەزیری نەوت لەم حکومەتە و بریکاری وەزارەت لە حکومەتی پێشوودا، ئێمە هەرێم وەک بەشێکی دانەبڕاو لە عێراق دەبینین و، برایانی هەرێم برای ئێمەن و پێویستە بگەینە رێککەوتن هەرچەندە ناکۆکییەکان هەبن، بەتایبەتی کە سامانەکە بۆ هەمووانە. پێویستە هەموومان ژینگەیەکی گفتوگۆی ئەرێنی دابین بکەین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن. ئێمە رێککەوتنی سێقۆڵیمان واژۆ کردووە و، پێموایە شتەکانی دیکە سادەن و دەتوانرێت بگەینە رێککەوتن کە هەردوولا رازی بکات.
رووداو: ئایا ئێوە ئامادەن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەرگریکردن لە کێڵگەکان بەرامبەر بەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەریان؟
باسم محەممەد: لە هەر قەیرانێکدا کە لە کوردستان روودەدات، پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز وەزیری وزە، دکتۆر کەمال دەکرێت و ئێمە پشتگیریی پێشکەش دەکەین. ئێمە ئامادەین چونکە هەر زیانێک لە هەرێمی کوردستان، زیانە بۆ پیشەسازیی نەوتی عێراق. بۆیە ئەو رووداوانەی کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت روودەدەن، خەمبارمان دەکەن. حکومەت رێوشوێنی یەکلاکەرەوەی هەیە بەرامبەر هەر کەسێک کە تاوانباربوونی لە خراپەکاری بەرامبەر بەم دامەزراوانە بسەلمێنرێت، چونکە دامەزراوەکان موڵکی حکومەتێکی دیاریکراو یان تاکەکەسێکی دیاریکراو نین، بەڵکو موڵکی هەموو گەلی عێراقن.
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز وەزیر.
باسم محەممەد: سوپاس بۆ ئێوە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. سوپاس.


