رووداو دیجیتاڵ لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، پسپۆڕان و بەرپرسانی باڵای کەرتی وزە، کۆمپانیاکانی بواری کەشوهەوا و ئاژانسی ناسا لە کۆنفرانسی (Energy Tech Connect 2026) کۆبوونەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندیی نێوان کەرتی وزە و ژیریی دەستکرد. تەوەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی چارەنووسسازە: چۆن ژیریی دەستکرد (AI) کەرتی وزە بەرەوپێش دەبات و لە هەمان کاتدا چۆن کارەبای پێویست بۆ کارپێکردنی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد دابین بکرێت؟ ژیریی دەستکرد یان ژیریی باڵا گەیشتووەتە قۆناغێک کە چیدیکە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت، هەربۆیە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەرەسەندنی ئەم تەکنەلۆژیایە بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی بەردەوام و گونجاوی کارەبا مەحاڵە؛ ئەمەش وایکردووە دۆزینەوەی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە ببێتە پێویستییەکی سەرەکی. مارک مێنزێس، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی وزەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەو ژیرییە دەستکردە یان ژیرییە باڵایە، لە راستیدا بوونی نابێت ئەگەر هێز و کارەبا نەبێت. چۆن دەتوانیت ئەو کێشانە چارەسەر بکەیت بۆ دۆزینەوەی تەکنەلۆژیایەک کە بتوانێت ئەم کارەبایە دابین بکات؟ ئەمە کێشەیەکی بنەڕەتییە." مێنزێس ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆنفرانسەکەدا ئەو تەکنەلۆژیایانە نمایش دەکەن کە دەتوانرێت بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و باشترکردنی متمانەپێکراوی بەکاربهێنرێن، بە جۆرێک کە نرخەکەی گونجاو بێت و نرخی کارەبا بەرز نەبێتەوە. لە بەرامبەردا، کەرتی وزەش بۆ باشترکردنی کارەکانی، کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان و پاراستنی ژینگە، بە شێوەیەکی کردەیی پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت؛ بەتایبەت لە بواری گەڕان لە ژێر زەوی و بەڕێوەبردنی وێستگە دەریاییەکاندا. جۆن دێبار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی نەوت (لیژنەی راوێژکاری فیدراڵی بۆ وەزارەتی وزەی ئەمریکا) لەبارەی سوودەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە گوتی: "دوو رێگە هەیە کە تێیدا ژیریی دەستکرد لە پیشەسازیی وزەدا بەکارهێنراوە؛ یەکەمیان لە چالاکییەکانی ژێر زەوییە، بەتایبەت بەکارهێنانی فێربوونی ئامێر (Machine Learning) بۆ تێگەیشتن لەوەی لە کاتی راستەقینەدا و لە کاتی هەڵکۆڵیندا چی لە ژێر زەوی روودەدات." بە گوتەی دێبار، رێگەی دووەم لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە کارپێکراوەکانە، بەتایبەت لە پیشەسازیی دەریاییدا، کە تێیدا "دووانەی دیجیتاڵی" دروست دەکەن و سیستەمی ژیریی دەستکرد دەتوانێت دیاری بکات ئایا کارەکان بە باشی دەڕۆن یان پێویستیان بە دەستوەردانە. کۆنفرانسەکەی واشنتن ئەو راستییەی دووپات کردەوە کە داهاتووی وزە و ژیریی دەستکرد پێکەوە گرێدراون؛ یەکێکیان وزەی کارکردن دابین دەکات و ئەوی دیکەیان زیرەکی و خێرایی بە بەرهەمهێنانی وزە دەبەخشێت.
جیهان18-11-2026وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا: لە سەرەتای جەنگەوە ئێران هێرشی ئەلیکترۆنی دەکاتە سەر ژێرخانەکەمان