رووداو دیجیتال
مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێ، لەو کاتەوەی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستی پێکردووە، ئێران و ئەو گرووپانەی تاران پاڵپشتییان دەکات، ژێرخانی هەستیاری ئەمریکا دەکەنە ئامانجی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، لە نووسراوێکدا بۆ لیژنەی ئاسایشی نێوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، مۆڵین ئاماژەی بەوە کرد، چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران کەرتەکانی گواستنەوە، چاودێریی تەندرووستی، ئاو، وزە و خزمەتگوزارییە داراییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێ: "حکومەتی ئێران و ئەو لایەنانەی تاران پاڵپشتییان دەکات، ژێرخانی هەستیاری ئەمریکایان کردووەتە ئامانج."
مۆڵین باس لەوە دەکات لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکەوە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران چڕتر بوونەتەوە و هۆشداریشی دا کە دەکرێ لاوازی لە سیستمە پیشەسازییەکاندا لێکەوتەی مەترسیداری هەبێ.
جەی کلەیتن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە یاسادانەرانی راگەیاند، هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و گوتی: "پابەندین بە ئاشکراکردن، رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی پیلانە کوشندەکانی ئێران لە دەرەوە و ناوخۆی ئەمریکا."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا رووبەڕووی زنجیرەیەک پەککەوتنی تەکنەلۆژیی نامۆ بووەوە، لەوانە پەککەوتنی سیستمی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانیی دەزگای فڕۆکەوانیی فیدراڵی کە بووەهۆی راگرتنی هەزاران گەشتی ئاسمانی، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکانی چەند بانکێکی گەورە و کێشەی تەکنیکی لە تۆڕی پەیوەندییە ناوخۆییە نهێنییەکانی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی.
سەرەڕای نیگەرانییەکان، مۆڵین تاران و ئەو رووداوانەی بەیەکەوە نەبەستەوە.
دوێنێ سێشەممەش، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و گوتی: "ئێمە رووبەڕووی هێرشێکی سیستماتیک نەبووینەتەوە. ئەم رووداوانە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە و هەموویان جیاوازن."


