رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی لووتکە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، شی جینپینگ و ڤلادیمیر پووتین لە شاری شێنجنی چین، دۆسیەی ئێران و قەیرانی تەنگەى هورمز وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەوەرەکانی نێوان هەر سێ زلهێزەکە دەردەکەوێ. بەپێی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، ئەمریکا هەوڵ دەدات پەکین رازی بکات تاوەکو لە رێگەی پێگە ئابوورییەکەیەوە گوشار بخاتە سەر تاران بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستووی نێوان واشنتن و تاران.
ئەم هەوڵەی واشنتن لە کاتێکدایە، دوای زنجیرەیەک رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، دۆخێکی "نە ئاشتی و نە شەڕ" باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. سوپای پاسدارانی ئێران تەنگەى هورمزی بە داخراو راگەیاندووە و چەندین مەرجی قورسی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان داناوە، لەوانە هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان، ئازادکردنی سەرجەم پارە سڕکراوەکان و پێدانی قەرەبووی جەنگ.
ستراتیژیی ترەمپ؛ بەکارهێنانی کارتی نەوت
بەگوێرەی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکانی شێنجندا چاوی لەوەیە چین وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران و گرنگترین شادەماری ئابووریی تاران، رۆڵی نێوەندگیر و گوشارخەر بگێڕێ بۆ کردنەوەی تەنگەى هورمز بە رووی بازرگانی و وزەی جیهانیدا.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکاش، دۆسیەی ئێران بووەتە بارگرانییەکی سیاسی بۆ ترەمپ. رەخنەگران بە تایبەت دوای شکستەکەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، رەخنە لە "جەنگی تێچووبەرزی ئێران" دەگرن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ترەمپ بەر لە گەیشتنی بۆ چین پێداگری لەسەر سەرکەوتنی ستراتیژەکەی کرد و رایگەیاند: "جەنگی ئێران لە دۆخێکی زۆر باشدایە."
وەک ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک دەڵێ، چین ئامادە نییە بەبێ بەرامبەر بچێتە ژێر باری داواکارییەکەی واشنتن. پەکین کە لە لووتکەی ئاپێکدا لە رێگەی شی جینپینگەوە داوای کرانەوەی بازرگانیی ئازاد و هەڵگرتنی کۆتوبەندە تەکنەلۆژییەکانی سەر کۆمپانیاکانی کرد. هەربۆیە ئەگەر بڕیار بدات گوشار بخاتە سەر ئێران، ئەوا لە بەرامبەردا داوای سازشی گەورە لە ئەمریکا دەکات، بە تایبەت لە دۆسیەکانی پێناسە گومرگییەکان، چیپەکانی ژیریی دەستکرد و فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تایوان.
لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە وڵاتەکەی لە ژێر سزا قورسەکانی رۆژئاوادایە و بەدوای شکاندنی گۆشەگیریی دیپلۆماسیدا دەگەڕێ، هاوبەشییەکی ستراتیژیی نزیکی لەگەڵ تاران هەیە. بۆ مۆسکۆ، سەرقاڵبوونی واشنتن بە قەیرانی تەنگەى هورمز و دۆسیەی ئێرانەوە، گوشارە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر بەرەی ئۆکراینا کەم دەکاتەوە، بۆیە رووسیا دژی هەر جۆرە رێککەوتنێکە کە ببێتەهۆی لاوازکردنی پێگەی ئێران بەبێ دەستکەوتی هاوشێوە بۆ مۆسکۆ.
تەنگەى هورمز کە دەکەوێتە نێوان عومان و ئێران و کەنداوی عەرەبی بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، بە گرنگترین رێڕۆی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا دادەنرێت، بە جۆرێک لە کاتی ئاساییدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کۆی نەوتی خاو و گازی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ. داخستنی ئەم رێڕۆیە یان بەردەوامیی دۆخی ناسەقامگیریی سەربازی تێیدا، مەترسیی راستەوخۆ دەخاتە سەر زنجیرەی دابینکردنی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە وڵاتانی ئاسیا گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئەم ناوچەیەن.


.jpeg&w=3840&q=75)