رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هاووڵاتیان و کارمەندانی وڵاتەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026 جەی کلەیتن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە دانیشتنێکی تایبەت بە (هەڕەشە جیهانییەکان) لە لیژنەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی گوتی: "پابەندین بە ئاشکراکردن، رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی پیلانە کوشندەکانی ئێران لە دەرەوە و ناوخۆی ئەمریکا. ئەم هەڕەشانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و هاووڵاتیانمان لە دەرەوە و لێرە لە ئەمریکا لە ژێر هەڕەشەی گەورەتردان."
لە هەمان دانیشتندا، کریستۆفەر رایا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) ئاشکرای کرد کە نووسینگەکەی ناوەندی ئەرکەکانی تایبەت بە هەڕەشەکانی ئێرانی نوێ کردووەتەوە و بەم دواییەش چەندین هەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانانەی نەیارانی ئێرانیان لە ناوخۆی ئەمریکا کردبووە ئامانج.
ئەم لێدوانانە دوای راپۆرتێکی ئەم هەفتەیەی تۆڕی هەواڵیی (سی ئێن ئێن) دێت کە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەری هەیە ئێران پیلان بۆ ئەنجامدانی هێرشێک لە واشنتنی پایتەخت بە بەکارهێنانی بۆمبی تیشکدەر دابنێت.
کاتێک لەبارەی ئەو راپۆرتەوە پرسیار لە کلەیتن کرا، ئامادە نەبوو بچێتە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە ئەو جۆرە هەڕەشانە نوێ نین و گوتی: "کۆمەڵێک هەڕەشە هەن کە ئێمە بە هەڕەشەی کۆمەڵکوژیی سڤیلی ناویان دەبەین و ماوەیەکی زۆرە هەن."
هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە گەشتێکدایە بۆ ئاسیا بە یاوەری دۆناڵد ترەمپ، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پێی وانییە هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لەسەر پایتەختی ئەمریکا هەبێت. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەکەی ئەگەری پلاندانانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش بە جیدی وەردەگرێ.
سەبارەت بە پەککەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ئەم دواییەی نێو ئەمریکاش، لەوانە راگرتنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان و پچڕانی هەندێک لە تۆڕەکانی پەیوەندیی ئاسایشی نیشتمانی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی روونیکردەوە کە ئەو کێشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نەبووە و لە ئەنجامی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە روویان نەداوە.
ئەم هۆشدارییانەی هەواڵگریی ئەمریکا زیاتر لە هەشت مانگ دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شوباتی 2026 دێن. تاران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردووە.
پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، جەی کلەیتن لە یاداشتێکدا بۆ وەزیری دەرەوە هۆشداری دابوو کە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکە گەیشتوونەتە "قۆناخی پێشکەوتوو".


.jpeg&w=3840&q=75)