رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سەر بە کۆمارییەکان رۆژی دووشەممە رێکارەکانی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانەی لە پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دەستپێکرد؛ ئەم هەنگاوەش زەمینەی دەنگدانێکی پڕ لە گرژی لە کۆنگرێس خۆشدەکات، چەند رۆژێک دوای ئەوەی پارتی کۆماری دووچاری شکستێکی گەورە بوو لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا.
تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە ویلایەتی کێنتاکی، هەشت بڕگەی تۆمەتی لێپرسینەوەی پێشکەش کرد کە تێیدا هێگسەس تۆمەتبار دەکات بە هەڵگیرساندنی نایاساییانەی جەنگ بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆکی پێنتاگۆن؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی چوارشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدات، هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی کۆماری ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەوانەیە لە پاڵپشتیکردنی تۆمەتەکاندا دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن.
تۆماس ماسی رێکارێکی تایبەتی بەکارهێناوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران ناچار دەکات لە ماوەی دوو رۆژدا تاوتوێی بڕیارەکەی بکات. ماسی لە گوتارێکدا لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "هێگسەس بە ئەنقەست فەرمانی نایاسایی جێبەجێ کردووە بە هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس." تۆمەتەکان پێشێلکردنی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی ساڵی 1973، قوربانیانی مەدەنی و ئۆپەراسیۆنەکانی یەمەن و ڤەنزوێلا لەخۆدەگرن، بەڵام پێنتاگۆن سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ وەزیری جەنگ دەربڕی و گوتی هێگسەس "کارێکی باشی کردووە" و جەنگەکانی ڤەنزوێلا و ئێرانی "بردووەتەوە". کاتێک لەبارەی چارەنووسی هێگسەس لە ئەگەری لێسەندنەوەی متمانە پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بەڵێ، لە تەنیشتی دەوەستم." ترەمپ تۆماس ماسیشی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد.
حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "زۆر لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانەم. ئەو کەسەی ناوی وەزیری جەنگە دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارهێناوە، ئاسایشی نیشتمانیمانی لاواز کردووە و ئەم جەنگە بێباکانە و پڕ لە تێچووەی بە خواستی خۆی لە ئێران بەرپا کردووە؛ پێویستە پێت هێگسەس بڕوات."
لە بەرامبەردا، هەندێک لە کۆمارییەکان دوودڵن، لەوانە دۆن بەیکۆن کە باوەڕی وایە هێگسەس شایەنی لێسەندنەوەی متمانەیە، بەڵام بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکراینا و رێگریکردن لە بەرزکردنەوەی پلەی نزیکەی 80 ئەفسەری باڵای سەربازی. هێگسەس هەوڵەکانی ماسی بە "شانۆگەری" ناوبرد و تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
دەستپێکردنی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا پێویستی بە زۆرینەی سادە هەیە، بەڵام بۆ لادانی لە پۆستەکەی، پێویستە دادگاییکردن لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەبچێت و دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان بەدەستبهێنرێت، کە ئەمەش بەربەستێکی زۆر گەورەیە تەنانەت دوای ئەوەی دیموکراتەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران دەگرنە دەست.
لە مێژووی ئەمریکادا تاوەکو ئێستا تەنیا دوو وەزیر رووبەڕووی لێپرسینەوەی لێسەندنەوەی متمانە بوونەتەوە و هیچیان لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە لە پۆستەکانیان لانەدراون.

