رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا ئێران بە هێرشێکی سایبەری بۆ سەر ساردکەرەوەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات. هێرشەکان رۆژانی 11 و 12ی تشرینی یەکەم کرابوون. ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانە ئەلیکترۆنییەکانی فەرەنسا کە لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی وڵاتەکە پێکهاتووە لە راپۆرتێکدا پەردەیان لەسەر هێرشەکەلادا. راپۆرتەکە بە فەرمی ئەو هێرشانە دەخاتە ئەستۆی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی و سایبەریی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و بەتایبەت هەردوو یەکەی پەلاماردەری "شەهید کاوە" و "شەهید شووشتەری".
رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی رۆژانی 11 و 12ـی تشرینی یەکەم گوتی، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئەم هێرشە لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشە لە رووی قەبارە و ئاستی دووژمنکارییەوە بێوێنەیە و رایگەیاند، "لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا سزای پێویست بەسەر سەرجەم ئەوانەدا دەسەپێنین کە بەرپرسیارن لەم هێرشە." هاوکات باڵیۆزی ئێرانیش لە پاریس بۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بانگهێشت کرا.
فەرماندە و ئەندازیارانی هێرشە سایبەرییەکان کێن؟
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەڵگەنامەی فەرمیی دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسا، سێ بەرپرسی سەرەکیی سوپای پاسداران لە پشت داڕشتن و سەرپەرشتیکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەن.
بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانە ئەلیکترۆنییەکانی فەرەنسا، حەمیدڕەزا لەشکەریان بەرزترین بەرپرسی ئەم پێکهاتەیەیە و وەک فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی سایبەری و ئەلیکترۆنیی سوپای پاسداران کار دەکات، کە سەرپەرشتی و ئاراستەی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەت دەکات.
لەشکەریان پلەی فەرماندەی فەرمیی لە نێو هێزی قودس هەیە؛ ئەم پێگەیە وای لێدەکات ئەندازیاری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان بێت؛ پێشتریش لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەهۆی تێوەگلانی لە ژمارەیەک هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی جیهان و بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکان، لەوانە سیستەمی کۆنترۆڵی ئاوی یونیتڕۆنیکس و نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن سزای بەسەردا سەپێنراوە.
مەهدی لەشکەریان راستەوخۆ لەژێر دەستی حەمیدڕەزا کار دەکات وەک جێگری فەرماندە و بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی یەکەی پەلاماردەری "شەهید کاوە"ی لە ئەستۆدایە کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنی تێکدانی پیشەسازی.
لە کاتێکدا حەمیدڕەزا نەخشەی ستراتیژی دادەنێت، مەهدی بەرپرسە لە گۆڕینی ئامانجە باڵاکان، وەک هێڵی دابینکردنی خۆراکی ئەورووپا بۆ پلانی کرداری و دروستکردنی ژێرخانی هاککردن؛ ئەویش هاوشێوەی فەرماندەکەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە.
رەزا سالاروەند، هاوشانی مەهدی لەشکەریان جێگری فەرماندەی یەکەی شەهید کاوەیە. سالاروەند تیشکی سەرەکیی کارەکانی لەسەر جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و دروستکردنی گرووپی ساختەی هاککەرانە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکی سەرەکیی سالاروەند بریتییە لە دابینکردنی بەرگی دیجیتاڵی ساختە تاوەکو رێگە لە بەستنەوەی فەرمیی هێرشەکان بە دەوڵەتی ئێرانەوە بگرێت.
وردەکاریی هێرشەکە بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەکانی فەرەنسا
راپۆرتەکەی ناوەندە هەواڵگرییەکانی فەرەنسا لە راپۆرتەکەیاندا دەڵێن، لە شەوی یەکشەممە 11 لەسەر دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێرشێکی بێوێنە لە رووی قەبارە و دەستدرێژیکارییەوە ئەنجامدرا کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکەرەکانی ساردکەرەوەی پیشەسازی بوو لە نزیکەی 700 پێگەی فرۆشگە گەورەکانی کەرتی خۆراک لە سەرتاسەری فەرەنسادا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاککەرەکانی یەکەی "شەهید کاوە" دوای چوونە نێو سیستمەکان، رێکخستنەکانی توانەوەی بەستەڵەکیان گۆڕی بۆ پلەی گەرمیی زۆر بەرز. ئەم دەستکارییە بووە هۆی خراپبوون و لەناوچوونی بڕێکی زۆر لە کاڵا و خۆراک و لانیکەم لە 15 شوێندا ئاگری لێکەوتەوە.
فرۆشگە گەورەکانی وەک کاسینۆ، لیکریک، کۆپێرەت یو، کارفور و ئینتەرمارچ لەگەڵ چەندین قەسابخانە، سەربڕخانە و کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک زەرەرمەندی سەرەکی بوون. هاوکات لە هەمان کاتدا چەند کەرەستەیەکی کۆمپانیای شنایدەر ئەلیکتریک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی لە فەرەنسا کرابوونە ئامانج.
بەڵگەنامە فەرەنسییەکە ئاشکرای دەکات کە ئەم بەڵگانە دەیسەلمێنن یەکەی شەهید کاوە لە پشت هێرشەکە بووە:
1. بەکارهێنانی هەمان ژێرخان کە پێشتریش بۆ پشکنینی ئامێرەکانی شنایدەر ئەلیکتریک بە پرۆتۆکۆلی مۆندس (پۆرت 502) بەکارهاتبوو.
2. بەکارهێنانی ئامرازی سکانکردنی ئێف ئۆ ئێف ئەی لەلایەن هێرشبەرانەوە کە شێوازی هەمیشەیی ئەو یەکەیەیە.
3. بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشەکە لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە ماڵپەڕی پرۆپاگەندەی سایبەریان نیوز کە سەر بە یەکەی شەهید کاوەیە.
4. دۆزینەوەی شوێنپێ و بەڵگەی بەکارهێنانی زمانی فارسی لە نێو ژێرخانی هێرشەکەدا.
ئۆپەراسیۆنە تێکدەرەکانی یەکەی "شەهید شووشتەری" لە 2020 تاوەکو ئۆڵۆمپیادی پاریس
راپۆرتەکەی فەرەنسا دەریدەخات کە سوپای پاسداران تەنیا لە رێگەی یەکەی شەهید کاوەوە کار ناکات، بەڵکو لە رێگەی یەکەیەکی دیکەی بەناوی "شەهید شووشتەری" کە بە ناوی کۆمپانیاکانی ئیلیانێت یان ئیمینیت پاسارگاد ناسراوە، لە ساڵی 2020ـەوە هێرشی بەردەوامی بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری کردووەتە سەر فەرەنسا:
بەئامانجگرتنی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ: ئەم یەکەیە لە ساڵی 2020 و دواتر لە 4ـی کانوونی دووەمی 2023، وەک وەڵامێک بۆ کاریکاتێرەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، فرۆشگەی ئۆنلاینی گۆڤارەکەی هاک کرد و تەواوی داتابەیسەکەی دزی.
ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024: لە 20ـی تەمووزی 2024، یەکەی شەهید شووشتەری دەستی بەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی شاشە و تابڵۆ ڤیدیۆییەکانی کۆمپانیایەکی فەرەنسیدا گرت. هێرشبەران هەوڵیان دابوو لە کاتی ئۆڵۆمپیاد و پارالۆمپیادی پاریس وێنەی دەستکاریکراو دژی بەشداریکردنی وەرزشوانانی ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە. دەزگا ئەمنییەکان پێش پەخشکردنی وێنەکان هێرشەکەیان ئاشکرا کرد و دەرکەوت وێنەکان رۆژێک پێشتر لە ئەکاونتێکی ئینستاگرامی فارسی و ماڵپەڕی جەهان نیوز بڵاوکرابوونەوە و هێرشبەران دوو ناونیشانی ئای پیـی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان بەکارهێنابوو.

.jpg&w=3840&q=75)
