رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، بەهۆی تێکچوون و ژێرئاوکەوتنی چەند بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی کریت لە باشووری ئەو وڵاتە، لانیکەم 21 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کۆچبەری دیکەش لە نێو شەپۆلی بەهێزی دەریادا رزگارکراون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژی دووشەممە کەشتییەک بەلەمێکی کۆچبەرانی لە دووریی نزیکەی 28 کیلۆمەتر لە باشووری دوورگەی کریت بینیوە؛ دواتر پاپۆڕەکانی پاسەوانی کەناراوەکان توانیویانە 18 کەس لەسەر ئەو بەلەمە رزگار بکەن و تەرمی 12 کۆچبەریش دەربهێننەوە. یەکێک لە رزگاربووان کە منداڵێکی ساوا بوو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی قوربانیانی ئەو بەلەمە گەیشتە 13 کەس.
بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، رزگاربووان چەندین رۆژ لە نێو دەریادا ماونەتەوە و بەهۆی سەرماوە تەندروستییان تەواو تێکچووبوو. بە گوتەی رزگاربووان، بەلەمەکەیان لە رۆژانی 3 یان 4ـی ئەم مانگە لە لیبیاوە بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتبوو.
لە رووداوێکی دیکەشدا کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو روویدابوو، تەرمی هەشت کۆچبەری دیکە لە باشووری هەمان دوورگە دۆزرانەوە. لەو رووداوەدا 28 کۆچبەری خەڵکی سوودان رزگارکران، هاوکات پۆلیسی یۆنان دوو کەسیانی بە تۆمەتی قاچاخیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوانەدا، درۆن و فڕۆکەکانی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) سێ بەلەمی دیکەی کۆچبەرانیان بە نزیکەی 180 سەرنشینەوە لە باشووری کریت بەدی کرد و سەرجەمیان رزگارکران و گوێزرانەوە بۆ دوورگەکە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 37 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە یۆنان، کە زیاتر لە 22 هەزاریان لە دوورگەی کریت دابەزیون؛ ئەمەش دوورگەکەی کردووەتە یەکێک لە سەرەکیترین و قەرەباڵخترین دەروازەکانی چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە باکووری ئەفریقاوە دەچن.

.jpg&w=3840&q=75)

