رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا بە فەرمی سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەوە بووە، کە لە مانگی رابردوودا سیستمی ساردکەرەوە و بەفرگرەکانی سەدان مارکێتی گەورەی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا پەکخست، هاوکات پاریس باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد و بەڵێنی دا لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا سزای تووند بەسەر تاراندا بسەپێنێت.
رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی رۆژانی 11 و 12ـی تشرینی یەکەم گوتی، "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئەم هێرشە لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشە لە رووی قەبارە و ئاستی دووژمنکارییەوە بێوێنەیە و رایگەیاند، "لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا سزای پێویست بەسەر سەرجەم ئەوانەدا دەسەپێنین کە بەرپرسیارن لەم هێرشە." هاوکات باڵیۆزی ئێرانیش لە پاریس بۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بانگهێشت کرا.
لێکۆڵینەوە لە یەکەی "شەهید کاوە"ـی سەر بە سوپای پاسداران
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەی وەزیری دەرەوە، لۆر بیکۆ، داواکاری گشتیی پاریس ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری لە دژی فەرماندەی یەکەیەکی هێرشبەری ئەلیکترۆنیی سەر بە سوپای پاسداران و دوو لە جێگرەکانی دەستیپێکردووە.
داواکاری گشتی ناوی یەکەکەی بە "شەهید کاوە" ناوبرد، کە بە گوتەی ئەو سەر بە ناوەندی ئەلیکترۆنی و سایبەریی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
هێرشە ئەلیکترۆنییەکە کۆنترۆڵی پلەی گەرمای بەفرگر و ساردکەرەوەکانی سەدان فرۆشگەی لە سەرانسەری فەرەنسادا تێکدابوو؛ لە هەندێک شوێندا پلەی گەرمای ساردکەرەوەکان هێندە بەرزکرابووەوە کە ئاگریان گرتبوو، ئەمەش بووە هۆی تێکچوون و لەناوچوونی بڕێکی زۆر لە گۆشت و بەرهەمە بەستووەکان کە زیانەکەی بە دەیان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت.
ئەم رووداوە لەم مانگەدا شەپۆلێکی دیکەی بەدوادا هات و زیاتر لە 100 فرۆشگەی لە حەوت وڵاتی دیکەی ئەورووپادا گرتەوە، تەنانەت لە نێو فەرەنساشدا کاریگەری لەسەر بەفرگرەکانی ناوەندی کۆگاکردنی خوێن دروستکرد و کارمەندانی ناچار کرد خوێنە کۆکراوەکان بۆ شوێنی سەلامەتتر بگوازنەوە.
ئەم تۆمەتانەی فەرەنسا هاوکاتن لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەبارەی لەکارکەوتنی بەفرگرەکانی چەندین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە مانگی ئابدا، کە بەرپرسانی سەربازیی واشنتن گومانیان لە ئێران هەبووە و لەم بارەیەوە لەگەڵ فەرەنسییەکان لە هاوئاهەنگیدان.

.jpg&w=3840&q=75)

