رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداریدا کە سێ لەسەر چواری تەواوی ئاوارە و پەنابەرانی جیهان لە وڵاتانێکدا دەژین کە بە تووندی رووبەڕووی مەترسییە ژینگەییەکان دەبنەوە، ئەمەش وایکردووە نزیکەی 90 ملیۆن کەسی هەڵاتوو لە جەنگ و تووندوتیژی، راستەوخۆ بکەونە بەر شەپۆلی وشکەساڵی، لافاو و گەرمای کوشندە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنتۆن لەیس گارسیا، یاریدەدەری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی پەنابەران رووبەڕووی "ستەمێکی دوولایەنە" بوونەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوان ناچار کراون لەو شەڕانە هەڵبێن کە خۆیان هۆکاری نەبوون، کەچی ئێستا لە هێڵی پێشەوەی ئەو قەیرانەی کەشوهەوایەدان کە کەمترین دەستیان لە دروستبوونیدا هەبووە."
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسەکە، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا کارەساتە سرووشتییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 255 ملیۆن کەس لە نێوخۆی وڵاتەکانیاندا، کە ئەوەش یەکسانە بە ئاوارەبوونی 70 هەزار کەس لە هەر رۆژێکدا لە سەرانسەری جیهاندا.
مەترسی لەسەر سووریا و ئەفریقا
راپۆرتەکە کە چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسی کەشوهەوای جیهانی لە تورکیا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو پەنابەرانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان، گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتانێک کە زۆرترین زیانیان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە.
لە سووریادا، کە لەم دواییانەدا نزیکەی چوار ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە، کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و لافاوەکانی رووباری فوڕات لە مانگی ئایاری رابردوودا کە ماڵی هەزاران کەسی وێرانکردەوە، رێگری لە بووژانەوەی ناوچەکە دەکەن.
هاوکات لە ئەفریقاش مەترسییەکان بەردەوام لە هەڵکشاندان؛ پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050، لە هەر سێ کەمپی پەنابەران لە ناوچەکانی خوارووی بیابانی گەورەی ئەفریقا، کەمپێکیان ساڵانە رووبەڕووی 100 رۆژ یان زیاتر لە پلەی گەرمای مەترسیدار ببێتەوە. هەروەها دیاردەی کەشوهەوایی "ئێل نینۆ" رەنگە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 ببێتە هۆی ئاوارەبوونی سێ ملیۆن کەس بەهۆی لافاو لە هەریەک لە سۆماڵ، کینیا، باشووری سوودان و ئۆگەندا.


