رووداو دیجیتاڵ
دووکاندار و خاوەنکارە کۆچبەرەکان لە شاری هالە لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا مانگرتنێکی 1 رۆژەیان راگەیاند، ئەوەش وەک دەربڕینی نیگەرانی و ترسیان لە داهاتوو دوای سەرکەوتنی گەورەی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) لە ڵبژاردنە نێوخۆییەکاندا.
محەممەد سامر، کە گەنجێکی تەمەن 29 ساڵی خەڵکی سووریاییـیە و لە چێشتخانەیەکی خواردنی خێرا لە شارەکە کار دەکات، رایدەگەیێنێت بەهۆی گەشەسەندنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و بڵاوبوونەوەی رەگەزپەرستی، چیدیکە ناتوانێت لە شارەکە بمێنێتەوە و گوتی: "نەک تەنیا من، بەڵکو تەواوی سووریایییەکان و سەرجەم بیانییەکانیش ناتوانن لێرە بمێننەوە."
نزیکەی 30 شوێنکاری جیاواز، لەوانە سەرتاشخانە، چێشتخانە و فرۆشگە بچووکەکان، بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کرد و بە داخستنی دەرگاکانیان و کێشانی شریتی سوور و سپی ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەم چالاکییە لەژێر دروشمی "هالە بەبێ ئێمە؟" بەڕێوە چوو، کە ئامانج لێی نیشاندانی گرنگیی رۆڵی کۆچبەرانە لە بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانەی ئەو شارەدا.
پارتی راستڕەوی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا"، کە دروشمی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و "کۆچی پێچەوانە ئێستا!"ی بەرز کردبووەوە، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلوولی هەرێمی ساکسۆن-ئەنهاڵت نزیکەی 44%ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو. هالەش دووەم گەورەترین شاری هەرێمەکەیە.
هاوکات لە گۆڕەپانی بازاڕی شارەکە، نزیکەی 200 کەس گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی زیادبوونی رەگەزپەرستی و هێرشەکان، کە بە وتەی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دوای هەڵبژاردنەکان رووی لە هەڵکشان کردووە.
دەلال میرزۆ، کە کۆچبەرێکی تەمەن 38 ساڵی خەڵکی سووریاییـیە و یەکێکە لە رێکخەران، رایدەگەیێنێت: "زۆرێک لە دووکاندارە کۆچبەرەکان بەهۆی ترسیان لە کاردانەوەی تووندڕەوەکان نەیانوێراوە بەشداری لە مانگرتنەکەدا بکەن، بەو پێیەی بەشێکی زۆری کڕیارەکانیان لایەنگری راستڕەوەکانن."
لەلایەکی دیکەوە، مەمەد محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەکان لە ویلایەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ناوچەیە بەدەست کەمبوونەوە و پیربوونی دانیشتووانەوە دەناڵێنێت و دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1990ـەوە چواریەکی دانیشتووانەکەی لە دەست داوە؛ هۆشداریشی دا کە رۆیشتنی کۆچبەران دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی ژیان لە ویلایەتەکەدا و هاوئاهەنگی لەم قۆناخــەدا بۆ پاراستنی مافی کۆچبەران پێویستە.


