رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆماری رایدەگەیێنن، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بکات بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028، دەست لە کار دەکێشێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، ژمارەیەک بەرپرسی کۆمارییەکان بە رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)ـیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت مارکۆ روبیۆ لەنێو چەندین بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپدا بێت کە لەوانەیە دەست لە کار بکێشنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 ئامادە بکەن. بەپێی راپۆرتــەکە، روبیۆ لەنێو چوار یان پێنج کەسایەتیی باڵای ئیدارەکەدایە کە دوای شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا، بیر لە جێهێشتنی پۆستەکانیان دەکەنەوە.
سەرچاوە باڵاکانی پارتی کۆماری و بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا رایانگەیاندووە، تەنانەت پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولیش چاوەڕوان دەکرا روبیۆ دەست لە کار بکێشێتەوە. سەرچاوەیەکی کۆماری بە رۆژنامەکەی گوتی: "روبیۆ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخول نامێنێتەوە، نزیکەی چوار بۆ پێنج بەرپرس روو لە کشانەوە دەکەن."
شکستی پارتی کۆماری لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا، کە سەرچاوەکان بە "ئەنجامێکی کارەساتبار" وەسفیان کردووە، ئامادەکارییەکانی لەنێو ئەو بەربژێرە ئەگەرییانەی سەرۆکایەتیدا خێراتر کردووە کە هەوڵ دەدەن خۆیان لە ئیدارەکە دوور بخەنەوە. سەرچاوەیەکی کۆمارییەکان گوتی: "وڵاتەکە بە تەواوی دژی دۆناڵد ترەمپ هەڵگەڕاوەتەوە؛ خەڵک لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین تووڕەن."
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە روبیۆ پێویستە "خۆی لە جەنگی ئێران دوور بخاتەوە و ئەو بابەتە بە ترەمپەوە ببەستێتەوە." بەرپرسێکی باڵای کۆمارییەکان کە پاڵپشتیی روبیۆ دەکات، بە ئیندیپێندێنتـی راگەیاند: "تەواو لۆژیکییە روبیۆ ئیدارەکە جێبهێڵێت، چونکە ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات لە کاتێکدا هێشتا وەزیری دەرەوە بێت، هەروەها پەیوەستبوون بە ئیدارەکەوە تەنیا زیان بە دەرفەتەکانی دەگەیێنێت."
سەرەڕای ئەوەی وەک راوێژکارێکی نزیکی ترەمپ کار دەکات، بەپێی راپۆرتــەکان روبیۆ لە چەندین دۆسیەی دیپلۆماسیی گەورەدا، لەوانە دانوستاندنــەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا، پەراوێز خراوە و ترەمپ لەبری ئەو، پشتی بە نێردە تایبەتەکانی وەک جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف بەستووە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە وەک رکابەری سەرەکیی روبیۆ دادەنرێت، دەستی کردووە بە دوورخستنەوەی خۆی لە ئیدارەکە و جەنگی لەگەڵ ئێرانی وەک هۆکاری شکستەکانی پارتەکە ناودەبات.
کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی روبیۆ رەت دەکەنەوە. دەیڤیس ئینگڵ، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئیندیپێندێنتی بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ناڕاست" تۆمەتبار کرد و گوتی: "سەرۆک تیمێکی یەکگرتووی کۆکردووەتەوە و بەردەوام دەبن لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن." جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەش، راپۆرتەکەی بە "هەواڵی ساختە" وەسف کرد.

