رووداو دیجیتاڵ
پاش 42 ساڵ گەڕانی بەردەوام، تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایانی فیزیا بە سەرۆکایەتیی زانکۆی کەمبریجی بەریتانی توانییان دەستکەوتێکی مێژوویی لە قووڵترین بەشی سرووشتدا بەدەستبهێنن، تۆمارکردنی ئاماژەیەکی دەگمەن لە جیهانێکدا کە 100 ملیار جار لە ئەتۆم بچووکترە و فیزیازانان ناویان ناوە "جیهانی زێپتۆ" .
ئەم دەستکەوتە لە ڕێگەی پشکنەری (LHCb) لە نێو تەنۆلکەشکێنی گەورەی هادرۆن لە تاقیگەی ئەوروپی بۆ فیزیای تەنۆلکەکان )سێرن) لەسەر سنووری سویسرا و فەرەنسا تۆمار کراوە، کە بە دەروازەیەکی زانستیی بێ وێنە دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە نهێنییە نادیارەکانی "ماددەی تاریک"ی گەردوون.
دۆزینەوەکە چییە؟
لە نێو توونێلێکی 27 کیلۆمەتریی ژێر زەویدا، کاتێک پارچەکانی گەردیلە بە خێراییەکی نزیک لە رووناکی بەیەکدا دەدرێن، تەنۆلکەی "کوارکی جوانی" دروست دەبێت. ئەم تەنۆلکەیە تەنیا بۆ ماوەی 1.5 ترلیۆن بەشی چرکەیەک دەژی و دەستبەجێ لەناو دەچێت و دەگۆڕێت بۆ شتی دیکە. دۆزینەوەکە بریتییە لە سەلماندن و تۆمارکردنی شێوازێکی تەقینەوە و شیبوونەوەی یەکجار دەگمەنی ئەو تەنۆلکەیە، کە زانایان لە ساڵی 1984ـەوە (واتە ماوەی 42 ساڵە) بەدوای بەڵگەی روودانیدا دەگەڕان.
بەپێی یاساکانی فیزیای باو (مۆدێلی پێوانەیی)، لە نێو هەموو 10 ملیار جار لەناوچوونی ئەم تەنۆلکەیەدا، تەنیا یەک جار روودەدات کە تەنۆلکەکە لەگەڵ دژە-ماددەکەی خۆیدا یەکبگرێت و بتەقێتەوە و رستەوخۆ بگۆڕێت بۆ دوو تەنۆلکەی دیاریکراو بە ناوی "میۆن". ئەو ئاماژەیەی زانایان تۆماریان کردووە، شوێنپێ و سێبەری بیرکارییانەی ئەو دوو تەنۆلکەیەیە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا سەلماندی ئەم دیاردەیە لە سرووشتدا روودەدات.
ئەم کارلێکە لە قەبارەیەکی ئەوەندە بچووکدا روودەدات کە مرۆڤ بە چاو یان بە هیچ ئامێرێکی ئاسایی ناتوانێت بیبینێت، قەبارەکەی یەک بەشی ملیار-ترلیۆنی مەترێکە، کە بە "زێپتۆمەتر" دەپێورێت.
بەهۆی ئەوەی ئەم شیبوونەوەیە لە سروشتدا ئەوەندە دەگمەن و هەستیارە، وەک پەڕەیەکی سپی و خاوێن وایە، ئەگەر هەر هێزێکی نادیار لە گەردووندا هەبێت )وەک ماددەی تاریک کە 95%ی کێشی گەردوون پێکدەهێنێت و تا ئێستا نەبینراوە) لەو قووڵاییە وردیلەیەدا کاریگەری لەسەر تەنۆلکەکان دادەنێت و شێوازی تێکشکانیان دەگۆڕێت.
دکتۆر هاری کلیف، فیزیازان لە زانکۆی کەمبریج کە سەرپەرشتیی شیکردنەوەی داتاکانی کردووە، گوتی: "لە دەرگای جیهانی زێپتۆ دەدەین. ئەوەی دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە بچینە ژوورەوە و بزانین چ تەنۆلکەیەکی نوێ لەوێ چاوەڕێمان دەکات."
ئەم دۆزینەوەیە لە 3ی تشرینی دووەمی 2026 لە کۆنفرانسێکی فەرمیی تاقیگەی (سێرن) لە جنێڤ پێشکێش کرا؛ هاوکات لە هەمان رۆژدا راپۆرتی فەرمیی زانکۆکانی کەمبریج و واریک، دەستەی بودجەی زانستیی بەریتانیا و میدیای بەریتانى بڵاویانکردەوە.
بڕینی بودجە لە بەریتانیا و تووڕەیی زانایان
سەرەڕای ئەم دەستکەوتە گەورەیە، پڕۆژەکە لە بەریتانیا رووبەڕووی بەربەست بووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی 28 وڵاتی بەشداربوو رێککەوتوون لەسەر نۆژەنکردنەوەی پشکنەرەکە بە گوژمەی 150 ملیۆن پاوەند بۆ 10 هێندە زیادکردنی توانای پشکنین، دەستەی توێژینەوە و داهێنانی بەریتانیا بڕیاری داوە بەشە بودجەی وڵاتەکەی بۆ ئەم پڕۆژەیە بکێشێتەوە.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێناوە، پڕۆفیسۆر برایان کۆکس، فیزیازانی ناسراوی بەریتانی، بڕیارەکەی بە زیانبەخش بۆ پێگەی زانستیی بەریتانیا وەسف کرد. هاوکات توێژەرە گەنجەکانی وەک دکتۆر (مێری ڕیچاردسۆن-سلیپەر) ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕینی بودجە ناچاریان دەکات بۆ بەردەوامیدان بە توێژینەوەکانیان بەریتانیا بەجێبهێڵن و لە دەرەوەی وڵات بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن.

.png&w=3840&q=75)

