رووداو دیجیتاڵ
عەبدولڕەحمان ئەلسەید، بەربژێری پارتی دیموکراتەکان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتی میشیگن راگەیاند و شکستی بە (مایک رۆجەرز)ی کۆماری هێنا. بەم بردنەوەیە عەبدولڕەحمان ئەلسەید دەبێتە یەکەمین موسڵمان لە مێژووی ئەمریکادا کە دەچێتە ئەنجوومەنی پیران و شوێنی (گاری پیتەرز)ی خانەنشینکراو دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 عەبدولڕەحمان ئەلسەید لە گوتارێکدا لە بارەگای هەڵبژاردنەکەی لە شاری (دیترۆیت) سەرکەوتنی خۆی راگەیاند. ئەلسەید رووی لە لایەنگرانی کرد و گوتی، "میشیگن، ئێمە سەرکەوتین! زۆر شانازی دەکەم کە وەکو سیناتۆری هەڵبژێردراوی ئەم ویلایەتە مەزنە لێرە راوەستاوم."
عەبدولسەید کە پزیشکێکی تەمەن 42 ساڵە، بەڵێنی داوە چاکسازیی گەورە لە کەرتی تەندروستیی ئەمریکادا بکات و سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات. ئەو بە دەنگدەرانی میشیگنی گوت، "شایەنی ئەوەن سەردانی پزیشک بکەن بەبێ ئەوەی پارەیەکی زۆرتان لێ بسەندرێت."
هەروەها بەڵێنی دا کاریگەریی پارە لە سیاسەتدا کەم بکاتەوە و چارەسەری کێشە ئابوورییەکان بکات. ئەم پەیامانەی وایکرد جەماوەرێکی زۆر تەنانەت لە ناوچە کۆمارییەکانیشدا لە دەوری کۆببنەوە.
کۆمارییەکان هەڵمەتێکی تووندیان دژی (سەید) بەڕێوەبرد و بە کۆمۆنیست و تیرۆریست وەسفیان دەکرد بۆ ئەوەی ترس لای دەنگدەران دروست بکەن.
هەڵبژاردنی عەبدولسەید لە چەندین رووەوە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە کایەی سیاسیی ئەمریکادا. دەبێتە یەکەمین موسڵمان لە مێژووی 237 ساڵەی ئەمریکادا بچێتە ئەنجوومەنی پیران و هاوکات یەکەمین پزیشکی سەر بە پارتی دیموکراتەکانیشە لە ساڵی 1969ـەوە بگاتە ئەو ئەنجوومەنە.
ویلایەتی میشیگن بەهۆی بوونی گەورەترین پێکهاتەی عەرەب و موسڵمان لە ئەمریکا هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی تووند بووە.
ئەم سەرکەوتنە بەشێکە لە شەپۆلی بردنەوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کە رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو و بووە هۆی ئەوەی دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆنگرێس لە دەستی کۆمارییەکان دەربهێنن.




