رووداو دیجیتاڵ
لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا دوو ئاژەڵ بوونەتە ناسنامەی دیاری دوو پارتە سەرەکییەکە. گوێدرێژ هێمای دیموکراتەکانە و فیلیش هێمای کۆمارییەکانە. بەکارهێنانی ئەم دوو هێمایەش دەگەڕێتەوە بۆ سەتەی نۆزدەیەم و لە کاریکاتێری سیاسییەوە سەریان هەڵداوە.
گوێدرێژەکەی دیموکراتەکان چۆن دروستبوو؟
چیرۆکەکە بۆ ساڵی 1828 دەگەڕێتەوە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەندرۆ جاکسن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
لەو کاتەدا رکابەرە سیاسییەکانی جاکسن بۆ سووکایەتیکردن پێی، ناویان نا "گوێدرێژ" (Jackass)، بەو پێیەی گوایە کەسێکی کەلـلەڕەقە و تێناگات. بەڵام جاکسن زیرەکانە سوودی لەو ناوە وەرگرت و وێنەی گوێدرێژەکەی لە پۆستەرەکانی هەڵمەتەکەیدا بەکارهێنا، بەو مانایەی کە گوێدرێژ هێمای کۆڵنەدان، کارکردنی سەخت و خاکیبوونە، دواتریش سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

فیلەکەی کۆمارییەکان لەکوێوە هات؟
هێمای فیل بۆ ساڵی 1874 دەگەڕێتەوە، کاتێک تۆماس ناست، کە بە باوکی کاریکاتێری سیاسیی ئەمریکا ناسراوە، لە گۆڤاری (هارپەرز ویکلی)دا وێنەیەکی بڵاوکردەوە.
لە کاریکاتێرەکەدا ناست وێنەی فیلێکی کێشا کە لەسەری نووسرابوو "دەنگی کۆمارییەکان" و بەرەو تەڵەیەک هەنگاوی دەنا. هەرچەندە کاریکاتێرەکە وەک رەخنە لە پارتەکە کێشرابوو، بەڵام کۆمارییەکان هێماکەیان بەدڵ بوو و وەریانگرت، چونکە لای ئەوان فیل مانای هێز، شکۆ، دانایی و گەورەیی دەگەیەنێت.

کارتۆنێستێک هەردووکیانی کردە مێژوو
هەرچەندە پارتی دیموکرات تاوەکو ئەمڕۆش گوێدرێژی وەک هێمایەکی فەرمی بە تەواوی پەسند نەکردووە، بەڵام کۆمارییەکان فیلەکەیان بە فەرمی کردووەتە دروشمی خۆیان. لە کۆتاییدا ئەو کاریکاتێرانەی تۆماس ناست لە سەتەی نۆزدەیەمدا کێشانی، لە رووداوێکی کاتییەوە بوونە ناسنامەیەکی هەمیشەیی بۆ دیموکرات و کۆمارییەکان کە تاوەکو ئەمڕۆش لە هەموو هەڵبژاردنێکدا بەکاردەهێندرێن.



.jpeg&w=3840&q=75)