بەربژێرێکی دیموکراتەکان دوای نزیکەی سەدەیەک کورسییەکی ئەنجوومەنی پیران لە کانساس دەباتەوە

رووداو
بنکەکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە بەشێک لە ویلایەتەکان داخران و پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێکردووە. 210 ملیۆن دەنگدەر لە سەرانسەری ئەمریکا مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیکەی 60 ملیۆن هاووڵاتی لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگیان بە بەربژێرەکان داوە. کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە لەسەر 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیرانە.

ئادەم هامڵتن بووە یەکەم بەربژێری دیموکرات لەدوای "قەیرانی گەورەی ئابووری"یەوە بتوانێت کورسییەکی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی کانساس بباتەوە، ئەوەش لە بردنەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا بەرامبەر رۆجەر مارشاڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان.
بردنەوەیەکی مێژوویی
هامڵتن کە سیاسەتمەدارێکی میانڕۆیە لە ناوچەی کانساس سیتی و تاوەکو مانگی شوباتی ئەم ساڵ وەک کۆمارییەک ناوی تۆمارکرابوو، سوودی لە نیگەرانی و بێزاریی دەنگدەران لە دۆخی ئابووری و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر رۆجەر مارشاڵ وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە مێژووییە.
مارشاڵ لە رۆژانی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی کرد و لە لایەن پارتی کۆمارییەوە پاڵپشتیی دارایی پێگەیشت، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ رزگارکردنی کورسییەکەی.
بەم هەنگاوە، هامڵتن بووە یەکەم دیموکرات لە ساڵی 1932ـەوە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە کانساس سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024دا بە جیاوازیی 16 خاڵ لە کانساس بردیەوە و سەرەتا پێشبینی نەدەکرا کێبڕکێیەکی ئەوتۆ لەسەر ئەم کورسییە دروست ببێت.
ئاستەنگ و کێشە یاساییەکانی مارشاڵ
ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر مارشاڵ لە ئاداری 2025دا دەرکەوتن، کاتێک بەهۆی تووڕەیی دەنگدەرانەوە ناچار بوو کۆبوونەوەیەکی جەماوەری جێبهێڵێت.
مارشاڵ لە هەڵمەتەکەیدا کەوتە دۆخی بەرگرییەوە دوای ئەوەی میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە کە لە ماوەی کارکردنیدا وەک پزیشکی ژنان و منداڵبوون، سکاڵای لەسەر زیاتر لە 700 نەخۆش تۆمارکردووە؛ هەروەها رووبەڕووی سکاڵایەکی دیکە بووەوە بەهۆی بەکارهێنانی پارەی باجدەران بۆ مووچەی کارمەندانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی.
لێکەوتەکانی جەنگی ئێران لەسەر دەنگدەران
ئادەم هامڵتن، دامەزرێنەری کەنیسەیەکە کە 24 هەزار ئەندامی هەیە و گەورەترین کەنیسەی کانساسە، بەهۆی پەخشی تەلەڤزیۆنیی رێوڕەسمە ئایینییەکانیەوە لە ناو خەڵکدا ناسراو بوو.
ئەم کێبڕکێیە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئاستەنگەکان بۆ جووتیارانی ئەم ویلایەتە کشتوکاڵییە کەڵەکە ببوون؛ ئاژەڵداران رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی گازوایل، بەنزین و پەین بوونەوە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، هەروەها هاوردەکردنی گۆشتی بێ باج بۆ ناو ئەمریکا و رێکارە تووندەکانی کۆچبەری کە بوونە هۆی کەمبوونەوەی دەستی کاری کشتوکاڵی. هاوکات کانساس تووشی وشکەساڵیش بوو کە بەرهەمی دانەوێڵەی کەمکردبووەوە. راپرسییەکان دەریاندەخست کە ئاستی رازیبوون لە ترەمپ لەم پایزەدا لە کانساس بە تەواوی دابەزیوە.
هەڵوێستی سەربەخۆ و پشتیوانیی کۆمارییە میانڕۆکان
مارشاڵ هەوڵی دا هامڵتن وەک کەسێکی بێئەزموون پیشان بدات کە لە ژێر هەژموونی سەرکردەکانی پارتەکەیدایە، بەتایبەتی چەک شومەر، سیناتۆری نیویۆرک. بەڵام هامڵتن بەڵێنی دا دژی هەوڵی شومەر دەبێت بۆ بوونە سەرۆکی زۆرینە ئەگەر دیموکراتەکان ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە و خۆی وەک یاسادانەرێکی سەربەخۆ پیشاندا کە ئامادەی کارکردنە لەگەڵ کۆمارییەکان.
هامڵتن هەروەها سیاسەتەکانی جۆ بایدنی لە کەرتی کۆچبەریدا بە "کارەسات" ناوبرد و رەخنەی لە زیادبوونی قەرزی نیشتمانی گرت.
هامڵتن پشتیوانیی چەندین کۆماریی دیاری بەدەستهێنا، لەوانەش دوو پارێزگاری پێشووی کۆماریی کانساس، بیل گرەیڤس و مایک هایدن، لەگەڵ ئارچ نارامۆر، کۆمارییە میانڕۆکە کە لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکاندا بەشدار بوو. هەروەها سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان شیلا فراهام پشتیوانیی خۆی بۆ هامڵتن راگەیاند.
دوا دیموکرات کە پێش هامڵتن کورسیی ئەنجوومەنی پیرانی لە کانساس بردبێتەوە، جۆرج ئێس ماکگیل بوو لە ساڵی 1932دا، کاتێک ناڕەزایەتییەکان لە بەڕێوەبردنی "قەیرانی گەورە" لە لایەن هێربێرت هووڤەرەوە دیموکراتەکانی گەیاندە دەسەڵات و فرانکلین دێلانۆ رۆزڤێڵتی بردە کۆشکی سپی.


بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی دیموکرات توانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە دەستی کۆمارییەکان دەربهێنێتەوە، کە وەک گۆڕانکارییەکی ریشەیی و سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێ.
بە گوێرەی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی نیووز، دیموکراتەکان توانیویانە لە کۆی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لانیکەم 244 کورسی ببەنەوە، ئەمەش زۆر لە سەرووی ئەو 218 کورسییەیە کە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستە، بەوەش دەبێتە گەورەترین زۆرینەی پارتەکە لە نزیکەی دوو دەیەی رابردوودا. ئەمە ئەنجامی بەراییە و هێشتا ئەنجامی فەرمی رانەگەیێنراوە.
ئەم سەرکەوتنەی دیموکراتەکان وەک لێپرسینەوە و پەرچەکرداری دەنگدەران دەبینرێ بەرامبەر سیاسەتەکانی ترەمپ، لەوانە جەنگی هەشت مانگەی بەرامبەر ئێران کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک و کەلوپەل.
کاتێک لە 3ـی کانوونی دووەمی 2027 دیموکراتەکان دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکە وەردەگرن، دەبێتە یەکەمجار لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کە تەواوی لایەکی کۆنگرێسی لەژێر دەستدا نەمێنێت، چونکە لە ماوەی رابردوودا بەبێ رێگریی کۆمارییەکان هەنگاوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگا فیدراڵییەکان، سەپاندنی پێناسی گومرگی و بڕینی بودجەی پەسندکراوی کۆنگرێس ناوە.
چاوەڕوان دەکرێ حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا مێژوو تۆمار بکات و ببێتە یەکەمین سەرۆکی رەشپێستی ئەنجوومەنی نوێنەران لە مێژووی ئەمریکادا.
بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتیی لیژنە سەرەکییەکان دەداتە دەست دیموکراتەکان، ئەمەش دەسەڵاتی دادوەری و بانگێشتکردنی زۆرەملێـیان پێدەبەخشێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیدارەکەی ترەمپ، خێزانەکەی و چالاکییە بازرگانییەکانی.
رۆبەرت گارسیای دیموکرات، کە پێشبینی دەکرێ ببێتە سەرۆکی لیژنەی چاودێری، رایگەیاندووە لیژنەکەی سەرنج دەخاتە سەر "گەندەڵیی خێزانی ترەمپ،" لەنێویاندا سەرمایەگوزارییەکانی دراوی کریپتۆ کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لێ بەدەستهێناوە، لەگەڵ پێشێلکارییەکانی دەزگای کۆچبەران و ئاسایشی نیشتمانی و دۆسیەکانی جێفری ئێپستین.
سەبارەت بە ئەگەری لێپرسینەوە و سەرکۆنەکردنی ترەمپ بۆ جاری سێیەم، گفتوگۆی نێوخۆیی لەنێو دیموکراتەکاندا هەیە و حەکیم جێفریز لەوبارەیەوە رایگەیاندووە دیموکراتەکان "هیچ بژاردەیەکیان یەکلایی نەکردووەتەوە و هیچیشیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو بەپێی دەستوور و یاسا و بەڵگەکان مامەڵە دەکەن."
جێفریز ئاماژەی بەوە کردووە، کارنامەی یاسادانانی دیموکراتەکان سەرنج دەخاتە سەر چوار پرسی سەرەکی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بودجەی تەندروستی، درێژکردنەوەی هاوکارییەکانی یاسای چاودێریی تەندروستی، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی کۆنگرێس سەبارەت بە سەپاندنی باج و پێناسی گومرگی، هەروەها هەوڵدان بۆ وەستاندنی جەنگ لەگەڵ ئێران.
ئەم ئەنجامە گورزێکی گەورەیە بۆ مایک جۆنسنی سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و هاوپەیمانی ترەمپ، کە پێشبینی دەکرێ لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ پۆستەکەی لەدەست بدات، لە کاتێکدا دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا پێویستیان بە بردنەوەی سێ کورسیی زیاتر بوو تاوەکو زۆرینە وەربگرنەوە.


لە شۆکێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ بەرپرسانی پارتی کۆماری، بەربژێرێکی دیموکراتەکان کورسییەکی ئەنجوومەنی پیرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ئەوەی ئانی ئەندرۆس توانی بە جیاوازییەکی کەم لە دارلین گراهامی بەربژێری کۆمارییەکان بباتەوە.
بەپێی پێشبینی و داتاکانی میدیاکانی ئەمریکا، ئانی ئەندرۆس کە پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە، سەرکەوتنێکی کەم چاوەڕواننەکراوی بەسەر دارلین گراهامدا تۆمارکرد.
دارلین گراهام دوای ئەوەی لە تەممووزی رابردوودا لیندزی گراهامی سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و برای کۆچی دوایی کرد، بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنی براکەی دەستبەکاربوو بەو ئومێدەی بتوانێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە کورسییەکە بە هەمیشەیی بۆ خۆی و حیزبەکەی بپارێزێ.
دارلین گراهام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی پارتی کۆماری و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرکەوت و نەیتوانی ببێتە بەربژێرێکی ئەوەندە بەهێز کە بتوانێت پێگەی نەریتیی کۆمارییەکان لەو ویلایەتەدا بپارێزێت.
ئەم سەرکەوتنەی دیموکراتەکان لە کارۆلاینای باشوور وەک گورزێکی گەورە لە کۆمارییەکان دادەنرێ و چانسێکی زۆر بەهێز بە دیموکراتەکان دەبەخشێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران لە کۆنگرێسدا بگرنە دەست.

لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی چەندین کێبڕکێی گرنگ لە ئەمریکا لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس و حاکمی ویلایەتەکان، چەند گۆڕانکارییەکی بەرچاو روویاندا:
•فلۆریدا (ئەنجوومەنی پیران): ئاشلی موودی، بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کورسییەکەی مارکۆ روبیۆی لە ئەنجوومەنی پیران پاراست دوای ئەوەی لە ئانجی نیکسنی دیموکراتی بردەوە.
•ڤێرجینیای رۆژئاوا (ئەنجوومەنی پیران): شێڵی مۆر کاپیتۆ، بەربژێری کۆمارییەکان کە ترەمپ پشتیوانی دەکرد، بە بەدەستهێنانی 55.9٪ـی دەنگەکان شکستی بە راچێڵ فێتی ئەندەرسۆنی دیموکرات هێنا و بۆ خولی سێیەم سەرکەوتەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران.
•ئیلینۆی (پۆستی حاکم): جەی بی پریتزکەر، بەربژێری دیموکراتەکان شکستی بە دارێن بەیلیی کۆماری هێنا و بووە یەکەم حاکمی دیموکرات لە مێژووی ئیلینۆیدا کە بۆ خولی سێیەم هەڵبژێردرێتەوە؛ پریتزکەر دوای بردنەوەکەی رایگەیاند، هیوایان بەسەر ترسدا هەڵبژارد.
•رۆد ئایلەند (پۆستی حاکم): هێلینا فۆڵکسی بەربژێری دیموکراتەکان شکستی بە کێنێت بلۆکی بەربژێری سەربەخۆ هێنا و بووە حاکمی نوێی ویلایەتەکە.
•کارۆلاینای باکوور (ئەنجوومەنی نوێنەران): جەیمی ئەیگەری دیموکرات لە بازنەی 11 سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و توانی بە جیاوازییەکی فراوان (60.1٪ بەرامبەر 38.5٪) لە جێنیفەر باڵکۆمی کۆماری بباتەوە و کورسییەکی نوێ بۆ دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زیاد بکات.
•ئارکنسا (داواکاری گشتی): تیم گریفی، بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پۆستی داواکاری گشتیی ویلایەتەکەی بۆ خولێکی دیکە پاراست.
•تێکساس (ئەنجوومەنی پیران): بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، جەیمس تالاریکۆی بەربژێری دیموکراتەکان بە جیاوازیی 9 خاڵ لەپێش کێن پاکستنی کۆمارییەوەیە.

لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی چەندین کێبڕکێی گرنگ لە ئەمریکا لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس و حاکمی ویلایەتەکان، چەند گۆڕانکارییەکی بەرچاو روویاندا:
•فلۆریدا (ئەنجوومەنی پیران): ئاشلی موودی، بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کورسییەکەی مارکۆ روبیۆی لە ئەنجوومەنی پیران پاراست دوای ئەوەی لە ئانجی نیکسنی دیموکراتی بردەوە.
•ڤێرجینیای رۆژئاوا (ئەنجوومەنی پیران): شێڵی مۆر کاپیتۆ، بەربژێری کۆمارییەکان کە ترەمپ پشتیوانی دەکرد، بە بەدەستهێنانی 55.9٪ـی دەنگەکان شکستی بە راچێڵ فێتی ئەندەرسۆنی دیموکرات هێنا و بۆ خولی سێیەم سەرکەوتەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران.
•ئیلینۆی (پۆستی حاکم): جەی بی پریتزکەر، بەربژێری دیموکراتەکان شکستی بە دارێن بەیلیی کۆماری هێنا و بووە یەکەم حاکمی دیموکرات لە مێژووی ئیلینۆیدا کە بۆ خولی سێیەم هەڵبژێردرێتەوە؛ پریتزکەر دوای بردنەوەکەی رایگەیاند، هیوایان بەسەر ترسدا هەڵبژارد.
•رۆد ئایلەند (پۆستی حاکم): هێلینا فۆڵکسی بەربژێری دیموکراتەکان شکستی بە کێنێت بلۆکی بەربژێری سەربەخۆ هێنا و بووە حاکمی نوێی ویلایەتەکە.
•کارۆلاینای باکوور (ئەنجوومەنی نوێنەران): جەیمی ئەیگەری دیموکرات لە بازنەی 11 سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و توانی بە جیاوازییەکی فراوان (60.1٪ بەرامبەر 38.5٪) لە جێنیفەر باڵکۆمی کۆماری بباتەوە و کورسییەکی نوێ بۆ دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زیاد بکات.
•ئارکنسا (داواکاری گشتی): تیم گریفی، بەربژێری کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پۆستی داواکاری گشتیی ویلایەتەکەی بۆ خولێکی دیکە پاراست.
•تێکساس (ئەنجوومەنی پیران): بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، جەیمس تالاریکۆی بەربژێری دیموکراتەکان بە جیاوازیی 9 خاڵ لەپێش کێن پاکستنی کۆمارییەوەیە.

رۆی کووپەر، بەربژێری دیموکراتەکان سەرکەوتنی لە کێبڕکێی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور مسۆگەر کرد. ئەمەش یەکەمین وەرگرتنەوەی فەرمیی کورسییەکی ئەنجوومەنی پیرانە لەلایەن دیموکراتەکانەوە لەم هەڵبژاردنەدا.
کووپەر، کە پێشتر حاکمی ویلایەتەکە و داواکاری
گشتی بووە، توانی شکستی بە مایکڵ وۆتلیی بەربژێری کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی
کۆمیتەی نیشتمانیی پارتەکە بهێنێت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پشتیوانی دەکرا.
ئەم کورسییە دوای خانەنشینبوونی تۆم تیلیسی
کۆماری چۆڵ ببوو. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان و دوای جیاکردنەوەی 51٪ـی دەنگەکان،
کووپەر 66.8٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 31.6٪ بۆ وۆتلی.
ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی
یەکلاکەرەوەیە بۆ هەوڵی دیموکراتەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران،
کە پێویستیان بە زیادکردنی چوار کورسی هەیە؛ هاوکات ئەمە یەکەمین جارە لە دوای
ساڵی 2008ـەوە بەربژێرێکی دیموکرات بتوانێت کورسیی ئەنجوومەنی پیران لە کارۆلاینای
باکوور بباتەوە.

لە کاتێکدا زیاتر لە 90٪ـی دەنگەکان لە ویلایەتی فلۆریدا جیاکراونەتەوە، کێبڕکێی کورسیی ئەنجوومەنی پیران و پۆستی حاکمی ویلایەتەکە یەکلانەبوونەتەوە و جیاوازیی دەنگەکان زۆر لە یەک نزیکن؛ هاوکات جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ناوچەی پانهاندڵ بەردەوامە کە بە ناوچەیەکی لایەنگری کۆمارییەکان دادەنرێت.
دوایین ژمارەکانی هەردوو
کێبڕکێکە بەمشێوەیەن:
ئەنجوومەنی پیران (92٪ـی
دەنگەکان جیاکراونەتەوە):
ئاشلی موودی (کۆماری): 3,840,367 دەنگ (50.2٪)
ئانجی نیکسن (دیموکرات): 3,718,911 دەنگ (48.6٪)
پۆستی حاکمی فلۆریدا (91٪ـی
دەنگەکان جیاکراونەتەوە):
دەیڤد جۆڵی (دیموکرات): 3,775,170 دەنگ (49.4٪)
بایرۆن دۆناڵدز (کۆماری): 3,767,536 دەنگ (49.3٪)

پارتی دیموکرات لە پێنج کێبڕکێی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتەکانی دێلاوێر، ئیلینۆی، نیوجێرزی، رۆد ئایلەند و ماساچوسێتس سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەرکەوتنی بەربژێرەکان لەم ویلایەتانە بەمشێوەیەیە:
دێلاوێر: کریس کوونز لە پارتی دیموکرات شکستی بە مایکل کاتزی کۆماری هێنا و کورسییەکەی پاراست.
نیوجێرزی: کۆری بووکەری دیموکرات توانی شکستی بە جەستن مێرفیی کۆماری بهێنێت و جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە.
رۆد ئایلەند: جۆن رید لە پارتی دیموکرات سەرکەوتەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران.
ماساچوسێتس: ئێدوارد مارکی، بەربژێری دیموکراتەکان جارێکی دیکە پۆستەکەی لە ئەنجوومەنی پیران مسۆگەر کرد.
ئیلینۆی: جولیانا ستراتۆن، بەربژێری پارتی دیموکرات سەرکەوتنی لەم ویلایەتەش بەدەستهێنا.

لەگەڵ بەردەوامیی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە سەرانسەری ئەمریکا، دوایین ئەنجامە بەراییەکان بەم شێوەیەن:
ئەنجوومەنی پیران: دیموکراتەکان 42 کورسی، کۆمارییەکان 34 کورسی
ئەنجوومەنی نوێنەران: دیموکراتەکان 84 کورسی، کۆمارییەکان 60 کورسی
پۆستی حاکمی ویلایەتەکان: دیموکراتەکان لە 6 ویلایەت و کۆمارییەکان لە 8 ویلایەت سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە

جۆن ئۆسۆف، سیناتۆری دیموکرات توانی شکستی بە مایک کۆلینزی بەربژێری کۆمارییەکان بهێنێت و جارێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتی جۆرجیا هەڵبژێردرێتەوە.
هەرچەندە بردنەوەی ئۆسۆف بە مانای زیادکردنی کورسییەکی نوێ نییە بۆ دیموکراتەکان، بەڵام پاراستنی ئەم پێگەیە لە ویلایەتێکی هەستیار و یەکلاکەرەوەی وەک جۆرجیا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پارتەکەی.
ئۆسۆف لەم هەڵمەتەدا بەهۆی گوتارە بەهێزەکانی سەرنجی بۆ لای خۆی راکێشا و بە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی دیموکراتەکان و بەربژێری ئەگەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 دادەنرێت،
هەرچەندە خۆی دووپاتیکردووەتەوە تەواوی شەش ساڵی خولی دووەمی لە ئەنجوومەنی پیران تەواو دەکات.
کێبڕکێی نێوان هەردوو بەربژێرەکە تووند و پڕ لە هێرشی کەسی بوو؛ ئۆسۆف سەرنجی خستبووە سەر دابەزینی ناوبانگی دۆناڵد ترەمپ، پێناسە گومرگییەکان، گرانیی بژێوی و جەنگ لەگەڵ ئێران.
لە بەرامبەردا کۆلینز هەوڵیدا بەرگری لە جەنگی ئێران و پێناسە گومرگییەکان بکات و کێشە ئابوورییەکانیش بخاتە ئەستۆی سیاسەتەکانی سەردەمی جۆ بایدن.

لەگەڵ داخرانی بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس، یەکەمین ئەنجامەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە چەند بازنەیەکی ویلایەتەکانی فلۆریدا و جۆرجیا یەکلایی بوونەوە.
لە ویلایەتی فلۆریدا، لویس فرانکڵ لە پارتی دیموکرات سەرکەوتنی لە بازنەی 23ـی کۆنگرێس بەدەستهێنا و جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە؛ هاوکات ماکسوێڵ ئەلێخاندرۆ فرۆست، بەربژێری دیموکراتەکان توانی لە بازنەی 10ـی هەمان ویلایەت بەبێ هەبوونی رکابەر سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
هەر لە ویلایەتی فلۆریدا، ئۆلیڤەر گیلبێرت لە پارتی دیموکرات لە بازنەی 24 بردنەوەی تۆمارکرد، لە کاتێکدا جیم شوارتزڵی بەربژێری کۆمارییەکان لە بازنەی 19ـی کۆنگرێس لەو ویلایەتە سەرکەوت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە ویلایەتی جۆرجیاش، نیکێما ویلیامز لە پارتی دیموکرات سەرکەوتنی لە بازنەی پێنجەم بەدەستهێنا و پۆستەکەی پاراست. هەروەها لە بازنەی 13ـی جۆرجیا، جاسمین کلارکی بەربژێری دیموکراتەکان شکستی بە جۆناسان چاڤێزی بەربژێری کۆمارییەکان هێنا و کورسیی ئەو بازنەیەی بۆ پارتەکەی مسۆگەر کرد.

مارک وۆرنەر، بەربژێری پارتی دیموکرات لە ویلایەتی ڤێرجینیا کورسیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەو ویلایەتەی بردەوە.
وۆرنەر خۆی ئەندامی ئەم خولەی ئەنجوومەنی پیران بوو، بۆ خولی داهاتوو دووبارە کورسییەکەی بردەوە.

لە ویلایەتانەی خوارەوە سندووقەکانی دەنگدان داخران:
1. ڤێرمۆنت
2. جۆرجیا
3. ئیندیانا
4. کارۆلاینای باشوور
5. ڤێرجینیا
6.کێنتەکی


زیاتر لە 230 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن لە هەڵبژاردنی نیوەخولدا دەنگ بدەن تاوەکو نوێنەرانی خۆیان لە کۆنگرێس هەڵبژێرن. کێبڕکێکەش لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیرانە، هاوکات لە 36 ویلایەتیش پۆستی حاکم یەکلایی دەکرێتەوە. لە کاتێکدا ئێستا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکەیان بەدەستەوەیە.
بنکەکانی دەنگدان کەی کرانەوە؟
کاتی دەنگدان لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە:
•یەکەم بنکەکانی دەنگدان لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کاژێر 05:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (1:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) کرانەوە.
•لە ویلایەتەکانی نیوجێرزی، ڤێرجینیا، کنێتیکەت و کێنتەکی دەنگدان کاژێر 06:00ـی بەیانی (01:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) دەستی پێکرد.
•لە جۆرجیا، فلۆریدا، پێنسلڤانیا و نیویۆرک لە نێوان 06:00 بۆ 07:00ـی بەیانی (1:00 بۆ 03:00ی دوای نیوڕۆ بە کاتی هەولێر) دەرگای بنکەکان کرانەوە.
•لە ئۆهایۆ و کارۆلاینای باکوور دەنگدان لە 06:30ـی بەیانی (01:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) دەستی پێکرد.
•لە میشیگن بنکەکانی دەنگدان کاژێر 07:00ـی بەیانی (03:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) کرانەوە.
بنکەکانی دەنگدان کەی دادەخرێن؟
داخستنی بنکەکان بە چەند قۆناخێک لە سەرانسەری ئەمریکادا دەبێت:
•زووترین کاتی داخستنی بنکەکان کاژێر 06:00ـی ئێوارەی سێشەممە بە کاتی ناوخۆ (2:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) لە هەردوو ویلایەتی ئیندیانا و کێنتەکی بوو.
•دەنگدان لە ویلایەتی میشیگن کاژێر 08:00ـی ئێوارە و لە کانساس کاژێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ (هەردووکیان دەکاتە 04:00ـی بەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) دادەخرێن.
•لە ویلایەتی ئایوواش کاژێر 08:00ـی ئێوارە (05:00ـی شەو بە کاتی هەولێر) دەرگای بنکەکان دادەخرێن.
بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکان بە پۆستە و پێشوەختە دراون، جیاکردنەوەی دەنگەکان لەوانەیە چەند کاژێرێک یان چەند رۆژێک بخایەنێت و دەستبەجێ روون نەبێتەوە کام پارت کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکات.
دیموکراتەکان پێویستیان بە چەند کورسییە بۆ بردنەوەی زۆرینە؟
•لە ئەنجوومەنی پیران: دیموکراتەکان پێویستیان بە زیادکردنی 4 کورسییە تاوەکو ببنە زۆرینە.
•لە ئەنجوومەنی نوێنەران: دیموکراتەکان پێویستیان بە بردنەوەی 3 کورسیی زیاترە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە.

لە شاری ئالێن لە ویلایەتی تێکساس، ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەو ویلایەتە شوێنی یەکێک لە گەرمترین و چارەنووسسازترین کێبڕکێی ئەنجوومەنی پیرانە.
ململانێی سەرەکی لە نێوان کێن پاکستن، داواکاری گشتیی ویلایەتەکە لە پشکی کۆمارییەکان و جەیمس تالاریکۆ، بەربژێری دیموکراتەکاندایە.
دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن بە سەرکەوتن کۆتایی بە زنجیرە شکستی 30 ساڵەی خۆیان لەو ویلایەتە بێنن. کۆمارییەکانیش لە هەوڵێکی توونددان بۆ پاراستنی ئەو قەڵا گرنگەیان تاوەکو زۆرینەی لەرزۆکی خۆیان لە ئەنجوومەنی پیراندا لەدەست نەدەن.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پرسی باج، ئایین و ئابڕووچوونەکانی پێشوو کاریگەرییان لەسەر بۆچوونی دەنگدەران هەبوو.
پاکستنی کۆماری هێشتا بەدەست کاریگەریی تۆمەت و ئابڕووچوونەکانی پێشوویەوە دەناڵێنێت، لە بەرامبەردا تالاریکۆی دیموکرات لەڕێگەی گوتارێکی پۆپۆلیستی و ئاوێتەکردنی پەیامەکانی لەگەڵ ئایین، هەوڵی داوە دەنگی دەنگدەرانی تێکساس بەدەستبهێنێت، کە پێش دوو ساڵ دۆناڵد ترەمپ بە ئاسانی تێیدا سەرکەوت.
لە ساڵی 1994ـەوە هیچ بەربژێرێکی دیموکراتەکان نەیتوانیوە پۆستێک لەسەر ئاستی ویلایەتی تێکساس بباتەوە، بەڵام زنجیرەیەک رووداو و گۆڕانکاری ئەم کێبڕکێیەی کردووەتە یەکێک لە پڕخەرجترین و تووندترین کەمپینەکانی ئەمریکا، تەنانەت کۆمارییەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەمجارە کورسییەکە لەدەستبدەن.
رۆژی سێشەممە دوایین رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسە، سەرەڕای گومانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر پاکوبێگەردیی دەنگدان لە ئەگەری دۆڕانی کۆمارییەکان، تاوەکو ئێستا بەشداریی ملیۆنان ئەمریکی بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر ریکۆردی شکاندووە و پرۆسەکەش بە کەمترین گرفت بەڕێوەدەچێت.
لە هەردوو ویلایەتی کێنتەکی و ئیندیانا دەنگدانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس کۆتایی هات و بنکەکانی دەنگدان داخران.