رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەڵێت، دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکادا جموجۆڵێکی بەرفراوانیان لە ویلایەتی تەکساس هەیە و هەوڵدەدەن ئەو ویلایەتە لە کۆمارییەوە بۆ دیموکرات بگۆڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
بەرزین سەعدی، شارەزای هەڵبژاردنی ئەمریکا دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی جموجۆڵی دیموکراتەکان بۆ سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، کە بارودۆخی ئابووری بەرەو خراپی چووە و گرانی لە هەموو ویلایەتەکاندا بڵاوبووەتەوە.
لە ویلایەتی میشیگن، کە دوای 2016 بووەتە یەکێک لە ویلایەتە یەکلاییکەرەوەکان، ململانێکان تووندترن. بەرزین سەعدی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵگەی عەرەب و موسڵمان لەو ویلایەتە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان هەیە و دەنگیان دابەش بووە.
ئەو شارەزایە دەڵێت، ئەگەر دیموکراتەکان میشیگن لەدەستبدەن، کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) ئەستەم دەبێت، چونکە پێویستە 51 کورسی بەدەستبهێنن.
سەبارەت بە ویلایەتی مەین، کە ویلایەتێکی بچووکە، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیراندا گرنگە، شارەزایەکە دەڵێت، دیموکراتەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کورسییەک لە کۆمارییەکان وەربگرنەوە، کە چەندین ساڵە لەلایەن سوزان کۆلنزەوە بەدەستیهاتووە.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردنی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، زۆرجار لە هەڵبژاردنی نیوە خولدا، خەڵک دەنگ بەو پارتە دەدات کە رکابەری پارتی دەسەڵاتدارە، ئەوەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی.
قسەکانی ئەو شارەزایە ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-11-2026، لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی رێگەی کۆنگرێس کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پێشکەشی کرد.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی قسەی بەرزین سەعدی، دیاردەی گۆڕینی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردن بوو لەلایەن هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانەوە بۆ زیادکردنی دەنگەکانیان، کە لە ویلایەتەکانی وەک تێکساس و کالیفۆرنیا روویداوە.
هەروەها دەڵێت، کۆچی خەڵک لە کالیفۆرنیاوە بۆ ویلایەتەکانی وەک تێکساس و فلۆریدا بەهۆی باج و دۆخی ئابوورییەوە، کاریگەریی لەسەر ژمارەی کورسییەکانی کۆنگرێس و دیمۆگرافیای دەنگدەران دروستکردووە.
بەرزین سەعدی ئاماژەی بەوە کرد کە بە شێوەیەکی گشتی، ناوەندی شارە گەورەکان زیاتر دیموکراتن، لە کاتێکدا شارۆچکە و ناوچە گوندنشینەکان زیاتر کۆمارین، کە ئەمەش بەشێکی بۆ مێژووی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

