رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین بینەرەکانی بێبەشکردن لە سەیرکردنی یاریی نێوان ریال مەدرید و راسینگ سانتاندێر لە یازدەیەمین هەفتەی خولی ئیسپانیا (لا لیگا). ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەهۆی لێدوانەکانی کیلیان مباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی سەبارەت بە ماو تسی تۆنگ، سەرکردەی پێشووی چین، بڕیاری دا پەخشی یارییەکانی ئەو خولە رابگرێت.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی فرانس پرێس، یارییەکەی یانەی شاهانە و راسینگ سانتاندێر لەسەر هیچ یەکێک لە دوو کەناڵە وەرزشییەکەی سەر بە تۆڕی فەرمیی (CCTV)ـی چینی پەخش نەکرا.
هەروەها، تاوەکو ئێستا ئەو کەناڵە فەرمییەی چین هیچ یارییەکی هەفتەی 11ـی لا لیگای پەخش نەکردووە، کە ئەمە یەکەمین هەفتەی خولەکەیە لەدوای سەرهەڵدانی ئەم قەیرانەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ فرانس پرێس، دەستەی بەڕێوەبەریی خولی ئیسپانیا (لا لیگا) رایگەیاندووە، تاوەکو پێش ئەم رووداوە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین هەموو یارییەکانی خولەکەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەخش دەکرد.
ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە بۆ ریال مەدرید ئەوەیە، یارییەکەیان بەرامبەر راسینگ سانتاندێر لەسەر پلاتفۆرمی پەخشی بەناوبانگی چینی (میگۆ - Migu)ـیش بەردەست نەبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە یارییەکانی دیکەی هەفتەی 11ـی خولەکە لەسەر ئەو پلاتفۆرمە بەردەست بوون، لەنێویاندا یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس.
قەیرانەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەستیپێکرد، کاتێک ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا مباپێ باسی لە وێنەیەکی گاڵتەئامێز دەکرد کە لەسەر ئەو بڵاوکراوەتەوە و وای نیشان دەدات کە "دیکتاتۆرێکی چینی" بێت؛ مەبەست لەمەش ئەو وێنانە بوو کە بە فۆتۆشۆپ دەستکاری کرابوون و دەموچاوی مباپێ خرابووە سەر وێنە بەناوبانگەکانی ماو تسی تۆنگ (1893-1976).
ماو تسی تۆنگ کەسایەتییەکی گرنگە لە مێژووی چیندا. زۆر لە چینییەکان وەک پاڵەوانێک سەیری دەکەن کە لە ساڵی 1949 کۆمار میللی چینی دامەزراند و دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و دابەشبوون، وڵاتەکەی یەکخستەوە.
لە بەرامبەردا، زۆر لە مێژوونووسان پێیانوایە ئەو سیاسەتانەی لە سەردەمی ماو تسی تۆنگ جێبەجێ کران، بوونە هۆی دروستبوونی قاتوقڕی، چەوساندنەوە و پشێویی کۆمەڵایەتی کە گیانلەدەستدانی دەیان ملیۆن کەسی لێکەوتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بەهۆی ئەو لێدوانانەی مباپێوە، سێ کۆمپانیای چینی کە ناوی مباپێیان بۆ رێکلامکردنی بەرهەمەکانیان (وەک خواردنەوەکان و بەرهەمە شیرەمەنییەکان) بەکاردەهێنا، کۆتاییهێنانیان بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە راگەیاند، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هەر لەو رۆژەدا داوای لێبووردنی کردبوو.
دوابەدوای ئەوەش، گرووپی میدیایی فەرمیی چین (CMG) کە سەرپەرشتیی تۆڕی کەناڵەکانی (CCTV) دەکات، راگرتنی پەخشی یارییەکانی لالیگای راگەیاند.
دەستەی لالیگا، کە چین بە بازاڕێکی زۆر گەورە و سەرەکی بۆ خۆی دەزانێت، "نیگەرانی و داخ"ـی خۆی بۆ لێدوانەکانی مباپێ دەربڕی. دواتر خودی یاریزانەکەش داوای لێبووردنی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "بە دڵسۆزییەوە داوای لێبووردن دەکات." لەلای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، ئەوان داوای لێبووردنەکەی ئەو یاریزانە "بە جیددی" وەردەگرن.



