رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسە هەواڵییەکانی رووسیا رۆژی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، پۆلیسی رووسیا دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری لە ئەمریکاوە، مێرمنداڵێکی بە تۆمەتی پەیوەندی بە پلانێکی هێرشکردنە سەر مۆسکۆ دەستگیرکردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئاگاداری هەڕەشەیەکی جێگەی باوەڕن سەبارەت بە رووداوێکی خوێناوی و کەوتنەوەی زیانی گیانیی بەکۆمەڵ لە مۆزەخانەی تساریتسینۆ لە مۆسکۆ." باڵیۆزخانەی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو لایەنە نەخستەڕوو کە پلانی هێرشەکەی داڕشتبوو.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە لەلایەن ئاژانسە هەواڵییەکانی رووسیاوە بڵاوکرایەوە، دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) رایگەیاند، مێرمنداڵێکیان دەستگیرکردووە کە وێنەی خۆی لە تیکتۆک بڵاوکردبووەوە، تێیدا دەمامک، کڵاو و چاویلکەی تایبەتی بەستبوو و شتێکی بەدەستەوە بوو کە لە چەکی ئۆتۆماتیکی دەچوو.
دەزگا ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کوڕە، کە هاووڵاتیی رووسیایە و ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، وێنەی خۆی لە نێو مۆزەخانەی تساریتسینۆ بڵاو کردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: "شوێنێکم دۆزییەوە"، هەروەها دەگوترێت ئەندام بووە لە کەناڵێکی تەلەگرامی سەر بە "نازییە نوێیەکان".
دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لە زاری دەزگاکەوە بڵاوکراوەتەوە کە گوتوویەتی: "ئێمە سوپاسگوزاری لایەنی ئەمریکین بۆ ئەو زانیارییانەی پێشکێشیان کردووە."
مۆزەخانەی تساریتسینۆ کۆشکێکی ئیمپراتۆری و پارکی گەورەیە لە باشووری مۆسکۆ کە شوێنێکی دڵخوازی دانیشتووان و گەشتیارانە. کەناڵی تەلەگرامی رووسی (بازا)، کە پەیوەندیی لەگەڵ دەزگاکانی چەسپاندنی یاسادا هەیە، رایگەیاند، پارکەکە رۆژی شەممە داخراوە و تەنیا بۆ ئەو کەسانە کراوە بووە کە شوێنەکەیان جێدەهێشت.
پێشتریش ئەمریکا هۆشداریی دابووە رووسیا لەبارەی پلانی هێرشکردن، لەوانەش لە ئاداری 2024، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی داعشی خوراسان بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس.
گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا لە مانگەکانی رابردوودا خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و کیێڤ لەسەر رێککەوتنی گازوایلی نێوان ئەمریکا و رووسیا.



