رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی باری نائاسایی رووسیا رایگەیاند، رووبەڕووی "هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی" بوونەتەوە لە ئەپڵیکەیشنە تایبەتەکەیان کە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە هێرشی درۆن و مەترسییەکانی دیکە دانراوە. ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئۆکراینا گومانی لە هاککردنی سیستمی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانیی وڵاتەکەی دەربڕی.
رۆژی دووشەممە 02-11-2026، وەزارەتی باری نائاسایی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "ئاگاداری! ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی وەزارەتی باری نائاسایی رووسیا رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی بووەتەوە، کە رێگەی بە هێرشکاران داوە زانیاریی هەڵە بۆ هاووڵاتییان بنێرن." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا و ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە شەوی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، ئەپڵیکەیشنی (Air Alarm) کەوتووەتە "ژێر دەستوەردانی دووژمنکارانە"، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشداریی هەڵە سەبارەت بە هەڕەشەی تیشکدانەوە لە ئەپڵیکەیشنەکەدا دەرکەوت.
یوری ئیگنات، گوتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا گوتی، ئەپڵیکەیشنەکە هاک کراوە. هاوکات ناوەندی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئۆکراینا (SPRAVDI) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رووسیای بە ئەنجامدانی هاککردنەکە تۆمەتبار کرد. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی کیێڤ رایانگەیاند، ئەپڵیکەیشنێکی جیاواز کە تایبەتە بە پایتەخت، هێشتا بە ئاسایی کار دەکات.
ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانە دوای ئەوە هاتن، درێژترین ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا لە بەشی رۆژهەڵاتی هەرێمی خێرسۆن کۆتاییهات. ئەو ئاگربەستە دەگمەنە بە نێوەندگیریی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا بەدیهاتبوو و بەیانیی رۆژی سێشەممە 27-10-2026 دەستیپێکردبوو، کە رێگەی بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ شاری ئۆلێشکیی ژێر دەسەڵاتی رووسیا کردبووەوە.

