رووداو دیجیتاڵ
دەنگی داواکاری بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوخۆی ئێراندا بەرزدەبێتەوە. حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ: "ئەوەی کە ئەم رۆژانە داواکاریی خەڵکە، گۆڕینی ستراتیژیی ئەتۆمیمانە. مافی بێ ئەملاوئەولای خۆیانە پێشنیازی ئەو بابەتە بکەن. بەرپرسان و هەموو ئەو کەسانەی لەم بارەیەوە بڕیاردەرن، دەبێ تاوتوێی بابەتەکە بکەن. دەبێ جیهان تێبگات ئەوە داواکاریی 90 ملیۆن ئێرانییە. ئەگەر ئێران لە مەترسیدا بێت، ئەوا لە هەر هۆکار و ئامرازێکی رەوا و رێگەپێدراو سوود وەردەگرین."
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران بە فەتوا دروستکردنی چەکی ئەتۆمی قەدەخەکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان بۆ ئاشتییە. کۆتایی مانگی رابردووش مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤیندا لەگەڵ میدیای ئەمریکی جەختی لەم فەتوایە کردەوە.
دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندا، سەرەکیترین پاساوی هێرشەکانی ئەمریکا بوو لە جەنگی 12 رۆژە و 40 رۆژەدا و دەڵێ، دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی تۆخترین هێڵی سوورە.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هەمووان دەزانن دەبووایە هێرش بکەینە سەر ئێران و دەبووایە دڵنیابین هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەمووان ئەمە دەزانن. ئەمە زۆر زۆر زوو کۆتایی دێت."
سەرەڕای ئەوەی واشنتن هەڕەشەی هێرشی سەربازیی نوێ دەکات لە ئەگەری نوێکردنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان، بەرپرسانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نەکەن.
لەو بارەیەوە، شەهریار زەرشناس، شارەزای زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ لە ئێران دەڵێت: "ئێمە دەبێت ستراتیژیمان ببێتە ستراتیژیی بۆمبی ئەتۆمی. دەبێت بگەینە بۆمبی ئەتۆم. هاوشێوەی چینی ساڵی 1964، سۆڤیەتی 1946، دەبێت بگەینە ئەو ئاستە، بۆ ئەوەی دواتر دووژمن وازمان لێ بهێنێت. کۆریای باکوور ئیدی! کۆریای باکوور لەبەر چاوتانە."
پێش جەنگی 12 رۆژە لە حوزەیرانی 2025، بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی 60٪ کە بە گوێرەی ئاژانسەکە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی کەمتر لە مانگێکی پێویستە. دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 90٪.


