رووداو دیجیتاڵ
لە ژێر
چاودێرییەکی چڕی ئەمنیدا بۆ رێگری لە پێکدادان، هەزاران خوێندکار، کرێکار، مامۆستا
و خانەنشین لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئیتاڵیا رژانە سەر شەقامەکان. خۆپێشاندەران
داوای کەمکردنەوەی تێچووی بژێوی، زیادکردنی بودجەی خوێندن و راگرتنی سیاسەتی پڕچەککردنی
وڵات دەکەن.
خۆپێشاندانە
سەرتاسەرییەکەی رۆژی هەینی دوای چەندین هەفتە لە مانگرتن و خێوەتهەڵدانی خوێندکاران
دێت لەنێو زانکۆ و قوتابخانەکاندا. ئەم جووڵەیە لەگەڵ مانگرتنی گشتیی سەندیکای کرێکارانی
ئیتاڵیا یەکیگرتەوە، کە شۆفێرانی بارهەڵگر، شۆفێرانی تاکسی و جووتیارانیشی هێنایە
سەر شەقامەکان، ئەوانیش لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی
و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە خەرجییە سەربازییەکان دەنگیان هەڵبڕیبوو.
لە رۆمای
پایتەخت، هەزاران کەس بە هاوەڵیی دوو تراکتۆر و تاکسییەک بەردەم شوێنەواری کۆلۆسیۆم
و وەزارەتی ئابوورییان تێپەڕاند، هاوکات دروشمی وەک "خانوومان دەوێت نەک بۆمب"
دەگوترایەوە و ئاڵای فەلەستین لەنێو جەماوەردا دەشەکایەوە. بئاتریچێ چیلێلی، خوێندکاری
زانکۆ، بارودۆخی گەنجانی بە "کوشندە" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا تەنیا کرێی
ژوورێکی خوێندکاری لە رۆما دەگاتە هەزار و 200 یۆرۆ لە مانگێکدا، ئەمەش قورساییەکی
زۆری خستووەتە سەر شانی خێزانەکان.
هاوکات لە
شارەکانی میلان، بۆلۆنیا، جێنەوا، ناپۆلی و تۆرینۆش رێپێوان بەڕێوەچوو؛ لە تۆرینۆ
لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکەدا گرژیی لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی دژەئاژاوە
دروستبوو. بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێکدادان و تاڵانکارییەکانی دوو هەفتەی
رابردووی میلان، حکومەتی جۆرجیا میلۆنی یاساکانی گردبوونەوەی گشتیی توندتر کردووە
و رێوشوێنی دەستبەسەرکردنی مێرمنداڵانی ئاسانتر کردووە.
لە بەرامبەر
ئەم ناڕەزایەتییانەدا، حکومەتی میلۆنی هەفتەی رابردوو پاکێجێکی هاوکاریی بە بڕی
175 ملیۆن یۆرۆ بۆ شۆفێران و جووتیاران پەسندکرد تاوەکو کاریگەریی گرانیی سووتەمەنییان
لەسەر کەمبکاتەوە، هەروەها لە رەشنووسی بودجەی 2027دا پاداشتی ساڵانەی دوو هەزار و
500 یۆرۆی بۆ ئەو کرێکارانە دیاریکردووە کە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵە.
میلۆنی لە
لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یارمەتییانە بۆ ئەو گەنجانەیە کە هەست دەکەن دەوڵەت لێیان
بێئاگایە، "نەک بۆ ئەوانەی شووشەی دووکانەکان دەشکێنن".
ئەم شەپۆلە
ناڕەزایەتییە لە کاتێکدا سەریهەڵداوە ئیتاڵیا لەژێر گوشارێکی توندی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی
بەرچاوی نرخی وزە و ماددە خۆراکییەکاندا دەناڵێنێت. تێوەگلانی وڵاتانی ئەورووپا لە
ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان و جەنگی ئێران راستەوخۆ نرخی سووتەمەنیی بەرزکردووەتەوە؛
لە هەمان کاتدا قوتابیان لە شارە گەورەکانی وەک رۆما و میلان رووبەڕووی قەیرانی کەمیی
یەکەی نیشتەجێبوون و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری کرێی مانگانە بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە
بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بە چادرهەڵدان لەنێو کەمپەکاندا
دەست بە مانگرتن بکەن.
لە لایەکی
دیکەوە، تووڕەیی خۆپێشاندەران بەشێوەیەکی سەرەکی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە و کارنامەی
بەرگریی کابینەکەی جۆرجیا میلۆنی کراوە؛ دەڵێن، حکومەت لە بری کەمکردنەوەی باج و تەرخانکردنی
بوودجەی شایستە بۆ کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی، خەرجییە سەربازییەکان و هەناردەی
چەکی زیاد کردووە.

