رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لە نوێترین راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا ئاماری نوێی لەبارەی ئاستەنگ و رووداوە ئەمنییەکانی کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 145 رووداوی دەریایی پەیوەندیدار بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا تۆمارکراون.
بەپێی راپۆرتەکە کە رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، لە چوارچێوەی چاودێریکردنی جووڵەی گواستنەوەی دەریایی، وردبوونەوە لە سیستمی مانگی دەستکرد و بەدواداچوون بۆ پشێوییە ئەمنییەکان، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا 153 هۆشداریی دەریایی و 22 ئاگاداری و رێنمایی تایبەت بە سەلامەتیی کەشتیوانی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەرکراون.
28ی شوباتی ئەم ساڵ، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ دەستیپێکرد.
لە 2ی ئادارەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست و هۆشداری دا کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بە رێڕەوەکەدا بەبێ رەزامەندی ئەوان بدات، هێرشی دەکەنە سەر. ئەمە لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، تەنگەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و ئەو کەشتییانە دەپارێزن کە بیانەوێ پێیدا تێپەڕن.
ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە شەش هێرش کراوەتە سەر هێڵەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور، لە کاتێکدا 43 رووداوی پەیوەندیدار بە هەڕەشە و چالاکییەکانی چەتەگەریی دەریایی لە ناوچەی چاودێریی دەستەکەدا تۆمارکراون.
لە تەممووزی ئەمساڵیشەوە، گرژییەکان لەنێوان حووسییەکانی یەمەن لە لایەک و حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و سعودیە لەلایەکی دیکەوە زیادیانکرد. حووسییەکان ئەو کات گەمارۆیان بەسەر کەشتییەکان لە تەنگەی بابولمەندەبدا راگەیاند؛ هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی هەر کەشتییەکی ئەو وڵاتەیان لە ئەگەری تێپەڕینیان بە تەنگەکەدا کرد.



