رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، تاران لە قەیرانێکی قووڵی داراییدایە بە جۆرێک نە پۆلیس و نە سەربازەکانی ناتوانن مووچە وەربگرن، لە کاتێکدا واشنتن کاتی پێویستی لەبەردەستدایە و تێچووی جەنگەکەیشی لە شوێنی دیکە قەرەبوو کردووەتەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026 رێکیخست، ترەمپ سەبارەت بە گفتوگۆ و دۆخی تاران گوتی: "ئەوان دەیانەوێ گفتوگۆ بکەن و بەردەوامن لەسەر ئەوەش، بەڵام ناتوانن مووچەی سەربازەکانیان بدەن، مووچەی پۆلیسەکانیان نادەن و لە کێشەیەکی زۆر جیدیدان."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە رووبەڕووبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران "جەنگێکی باو و ئاسایی نییە" و گوتی، واشنتن لەم رووەوە پەلەی نییە، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە حەوت مانگە لەوێین و لە رووی رێژەییەوە پارەیەکی زۆر کەم خەرج دەکەین."
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەگوترێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تێچوویەکی زۆریان لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکا دروستکردووە، ترەمپ گوتی: "هەر بڕە پارەیەک لە ئێران خەرجمان کردبێت، بە زیادەوە و بە نزیکەی 10 هێندە بەهۆی ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامماندا قەرەبوومان کردووەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خەرجییەی کراوە لەپێناو لەنێوبردنی مەترسیی چەکی ئەتۆمی بووە و ئەو ئامانجەش بەدیهاتووە.
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتیکدان، بە گوێرەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کە قسەیان بۆ میدیاکانیان کردووە، دەڵێن، واشنتن لەو جەنگەدا 47.1 ملیار دۆلاری خەرجکردووە.
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر ڤەنزوێلا ئەنجام دا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتەی دەستگیرکرد. دواتر، حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە پێکهات کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ واشنتن هەیە. لەو کاتەوە کۆمپانیاکانی ئەمریکا ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانییان لە بوارە جیاوازەکان، لەوانە وزە لەگەڵ ڤەنزوێلا واژۆکردووە و بەردەوامیشن لە کارکردن لەو وڵاتە.


