رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) دوای جیاکردنەوەی 55٪ـی دەنگەکان، پارتی لیکوود بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو بە بەدەستهێنانی 27 کورسی پێشەنگی گرتووە و کۆی کورسییەکانی بەرەی لایەنگرانی گەیشتووەتە 56 کورسی.
لە بەرامبەردا، بەرەی دژە نەتەنیاهوو (ئۆپۆزیسیۆن) بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت 49 کورسی بەدەستهێناوە و لیستە عەرەبییەکانیش 15 کورسییان مسۆگەر کردووە.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکان کە کاژێر 7:43 بەکاتی هەولێر بڵاوکراونەتەوە، لە کۆی 120 کورسیی کنێست، دابەشبوونی پارتەکان بەم شێوەیەیە:
دەنگی جیاکراوە: 55٪
بەرەی نەتەنیاهوو: 56 کورسی.
بەرەی ئۆپۆزسیۆن: 49 کورسی.
پارتی لیکوود (نەتەنیاهوو): 27 کورسی.
پارتی یاشار (ئایزنکۆت): 22 کورسی.
لیستی هاوبەش (عەرەبی): 12 کورسی.
پارتی پێکەوە: 11 کورسی.
تەوڕاتی جوو: 8 کورسی.
ئیسرائیل ماڵمانە: 8 کورسی.
هێزی جوو (بن گڤیر): 7 کورسی.
زایۆنیزمی ئایینی (سمۆتریچ): 7 کورسی.
شاس: 7 کورسی.
دیموکراتەکان: 7 کورسی.
پارتی رەعەم (مەنسوور عەباس): 4 کورسی.
هاوسەنگیی بەرەکان و مەرجی 61 کورسی
بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل، پێویستە هەر هاوپەیمانییەک لانیکەم 61 کورسی لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمان کۆبکاتەوە:
بەرەی لایەنگرانی نەتەنیاهوو (راستڕۆ و ئایینییەکان): خاوەنی 56 کورسییە و تەنیا پێویستی بە 5 کورسیی دیکەیە بۆ گەیشتن بە زۆرینە.
بەرەی دژە نەتەنیاهوو (ئۆپۆزیسیۆن یان بەرەی گۆڕان): خاوەنی 49 کورسییە.
پارتە عەرەبییەکان: خاوەنی 15 کورسین (لیستی هاوبەش 11 و رەعەم 4).
رێژەی بەشداری: رێژەی بەشداری لە دەنگداندا گەیشتە 77.7٪، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 (70.6٪) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەرزترین ئاستی بەشدارییە لە ساڵی 1999ـەوە.
ئەم هەڵبژاردنە بە یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دادەنرێت، کە تێیدا چارەنووسی سیاسیی بنیامین نەتەنیاهوو، درێژترین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەکەیدا، خرایە بەردەم مەترسییەوە؛ نەیارەکانی نەتەنیاهوو بە شکستی ئەمنیی بەرامبەر هێرشەکان و رەتکردنەوەی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە تۆمەتباری دەکەن.
سەرەتا پێشکەوتنی بەرەی گادی ئایزنکۆت و پارتی یاشار ئاهەنگگێڕانی لایەنگرانی لە هۆڵێکی تەلئەڤیڤ لێکەوتەوە؛ لەنێو بەشداربوواندا، ئۆهاد بن عەمی کە بارمتەیەکی پێشووی دەستی حەماس بوو لە غەززە رایگەیاند، حکومەت ئەوانی بەجێهێشتووە لە کاتێکدا رێککەوتنی ئازادکردن هەبوو.
نوا ئەیال، سەربازێکی یەدەگ کە زیاتر لە 360 رۆژ خزمەتی سەربازیی کردووە، گوتی، زۆر لەمێژە چاوەڕێی ئەم گۆڕانکارییە دەکەن.
نەتەنیاهوو لە ئۆرشەلیم/قودس بەڵێنیدا حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنێت، بەبێ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوتن رابگەیێنێت.



