رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل بە بەرزترین رێژەی بەشداری لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ کردەوە؛ ئەنجامی بەرایی دەڵێ، هەردوو بەرەی نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت بە نزیکەی 51 کورسی بەرامبەر 51 کورسی لە پەرلەمان (کنێست) یەکسانن، کە ئەمەش کەمترە لە 61 کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لە بەرامبەردا، لیستە عەرەبییەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان تۆمارکردووە و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 17 بۆ 18 کورسی مسۆگەر بکەن. لەم دۆخەدا، ئیسرائیل لە بەردەم چوار سیناریۆدا یە:
1. پێکهێنانی هاوپەیمانیی زۆرینە (61 کورسی)
پارتە براوەکان راستەوخۆ دەست بە دانوستاندن دەکەن بۆ ئەوەی زۆرینەی 61 کورسی مسۆگەر بکەن، بەڵام ئەم رێگەیە پڕە لە ئاستەنگ:
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئەو بەربژێرە رادەسپێرێت کە زۆرترین چانسی پێکهێنانی حکومەتی هەیە، مەرج نییە گەورەترین فراکسیۆن بێت.
بۆ بەرەی نەتەنیاهوو، هیچ دەروازەیەکی روون نییە بۆ کۆکردنەوەی کورسیی زیاتر، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە پارتە راستڕۆ بچووکەکان نەیانتوانی بەربەستی هەڵبژاردن ببڕن.
بۆ بەرەی ئایزنکۆتیش، هەرچەندە پارتە عەرەبییەکان بەتایبەت پارتی (رەعەم) ئامادەییان بۆ کارکردن نیشانداوە، بەڵام ئایزنکۆت لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دوورەپەرێزیی لێکردوون.
ئەزموونی پێشوو دەریخستووە ئەم دانوستاندنانە زۆر درێژخایەنن؛ لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2022دا نەتەنیاهوو 58 رۆژی پێچوو تاوەکو توانی کابینەکەی پێکبهێنێت.
2. پێکهێنانی حکومەتی کەمینە بە پاڵپشتیی عەرەب
ئەگەر هیچ لایەنێک نەگاتە 61 کورسی، بەربژێرێک دەتوانێت بەبێ هەبوونی زۆرینەی رەها حکومەت پێکبهێنێت و لە کاتی دەنگدانەکانی پەرلەماندا پشت بە پاڵپشتیی لایەنەکانی دەرەوەی کابینەکە ببەستێت:
لەم سیناریۆیەدا، پەرلەمانتارانی عەرەب دەبنە هێزی یەکلاکەرەوە؛ پارتی رەعەم بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس پێشتریش لە کابینەکەی بینێت-لاپید (2021-2022) بەشدار بووە، هاوکات (لیستی هاوبەش)ـیش ئامادەیی نیشانداوە ببێتە تۆڕی پارێزەری پەرلەمانی بۆ هەر لایەنێک کە نەتەنیاهوو لە دەسەڵات دووربخاتەوە.
بەشداریکردنی چڕی دەنگدەرانی عەرەب لەم هەڵبژاردنەدا بە پەیامێکی بەهێز بۆ هاوبەشیی سیاسی دادەنرێت، بەڵام ئایزنکۆت هێشتا بە ئاشکرا باسی لەم بژاردەیە نەکردووە.
3. حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانی (نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت)
لە سایەی دابەشبوونی تووند، بژاردەی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش لەنێوان دوو بەرە سەرەکییەکە دێتە کایەوە:
لەم سیناریۆیەدا، نەتەنیاهوو هاوپەیمانە تووندڕۆکانی (وەک ئیتامار بن گڤیر) و پارتە ئۆرسۆدۆکسەکان وەلا دەنێت و لەگەڵ ئایزنکۆت هاوپەیمانی دروست دەکات، کە لە زۆربەی دۆسیە ئەمنییەکاندا هاوڕان؛ پارتە عەرەبییەکانیش لەم حکومەتە دووردەخرێنەوە.
بەپێی راپرسییەکی 16ـی ئەم مانگە، 55٪ـی ئیسرائیلییەکان پێیان باشترە حکومەتی یەکڕیزی پێکبهێندرێت لەبری ئەوەی هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.
ئەم بژاردەیە لە ساڵی 2020 لە نێوان نەتەنیاهوو و بێنی گانتز بە دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران تاقیکرایەوە، بەڵام تەنیا یەک ساڵی خایاند؛ هاوکات لەم هەڵبژاردنەشدا بەرەی ئایزنکۆت هەڵمەتەکەی لەسەر بنەمای "نا بۆ مانەوەی نەتەنیاهوو" بنیاد ناوە و رازیبوونیان بەم هاوپەیمانییە کارێکی ئاسان نابێت.
4. بنبەستی سیاسی و هەڵبژاردنی نوێ
ئەگەر هیچ لایەنێک نەگاتە رێککەوتن، ئیسرائیل ناچار دەبێت دووبارە بچێتەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان:
بەربژێری راسپێردراو لەلایەن سەرۆکی ئیسرائیلەوە بە فەرمی 28 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 رۆژی دیکە.
ئەگەر شکست بهێنێت، قەیرانەکە دەچێتە قۆناخی دەنگدانی نوێ، هاوشێوەی قەیرانی ساڵانی 2019 بۆ 2021 کە تێیدا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا چوار جار هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو.


