رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردن لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا لە ویلایەتی تێکساس، پێشنیازی ئەوەی کرد ڤەنزوێلا وەک 51ـەمین ویلایەت بخرێتە سەر نەخشەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەبری سەرۆککۆمار، حاکمێکی هاوشێوەی ویلایەتەکانی دیکەی بۆ هەڵبژێردرێت.
رۆژی سێشەممە 27-10-2026، ترەمپ لە گوتارێکدا لە شاری (کۆرپەس کریستی) لە ویلایەتی تێکساس بە ئامادەبوونی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، بە ئاماژەدان بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە لە پشت سەریەوە لەنگەری گرتبوو، گوتی: "ئەو کەشتییە بچووکە دەبینن لەوێیە؟ یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلای بارکردووە و ئێمە ئاهەنگی گەورەترین سەرکەوتنی نەوتی لە مێژوودا دەگێڕین."
ترەمپ ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی کرد لە سەرەتای ئەم ساڵدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا و گوتی: "بەهۆی سەرکەوتنە گەورەکەمان لە شەڕی ئەم دواییەمان لەگەڵ ڤەنزوێلا، ئەو نەوتەی لەسەر ئەم کەشتییانەیە بەبێ هیچ تێچوویەک بۆ باجدەرانی ئەمریکی دابین دەکرێت بۆ ئەوەی بیپاڵێوین."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا زۆر باشە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت لە تێکساس و سەرانسەری جیهانەوە ملیاران دۆلار لەو وڵاتە وەبەرهێنان دەکەن؛ هەروەها گوتیشی: "نەوتێکی زۆر بۆ خۆمان دەردەهێنین. دەبێتە وڵاتێکی خۆشگوزەران، کێ دەزانێت، لەوانەیە لەم نزیکانە ببێتە ویلایەتی 51ـەم. ئەوە ئەگەری هەیە. با بیکەین، با بیکەینە ویلایەتی 51ـەم و لەبری سەرۆککۆمار، هەڵبژاردن بۆ حاکمێک بکەین؛ نەوتێکی زۆریان هەیە."
هاوکات لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداریی کرد و ستایشی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ گەیشتنی یەکەم باری نەوتی ڤەنزوێلا بە پاڵاوگەکانی تێکساس.


