رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێیوایە پشتیوانییەکەی ئەو بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، هۆکاری بەهێزکردنی پێگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی سێشەممەی کنێستدا.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) دەنووسێت: "کاتێک سەرۆک ترەمپ پشتیوانیی لە بیبی نەتەنیاهوو کرد، دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەوە و ئێستا لەبری شکستێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرۆکوەزیرانێکی مەزن، وەک گەڕانەوەیەکی گەورە لە دواوە بۆ یەکسانبوون دەردەکەوێت، یان تەنانەت بردنەوەیەک بۆ نەتەنیاهوو. هەموو ئەمانە لە دوای پشتیوانییەکەی سەرۆک ترەمپەوە روویاندا، کە تەنیا ئەوەی دەوێت کە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشە!".
تەواوی پۆستەکە وەک قسەی وەرگیراوی کەسێکی دیکە (کۆتەیشن) نووسراوە و روون نییە ئایا ترەمپ قسەی شیکەرەوەیەکی گواستووەتەوە کە لە کەناڵێکی هەواڵییەوە گوێی لێبووە، یان بە شێوازی کەسی سێیەم باسی خۆی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی تێکساس، لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل.
ترەمپ دەڵێت: "لە ئەنجامە بەراییەکانی دوای دەنگدانەوە، گوێم لێبووە کە [نەتەنیاهوو] ئاستێکی زۆر باشی هەبووە. پێموایە کاتێک پشتیوانییەکەم راگەیاند، ئەوە یارمەتییەکی زۆری دا."
کاتێک لێی پرسرا ئایا لەوەتەی ئەنجامەکان دەرکەوتوون قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە، ترەمپ گوتی قسەیان نەکردووە.



