رووداو دیجیتاڵ
دەمەقاڵێ و هاوارکردنێکی تووند لەنێوان مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و برۆنۆ رۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا، بووە هۆی راگرتنی کاتیی دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
رۆژی سێشەممە 27-10-2026، لە کاتی تاوتوێکردنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەیان ساڵەی ئەمریکا لەسەر کوبا، کاتێک مایک واڵتز گوتارەکەی پێشکەش دەکرد و داوای لە وڵاتان دەکرد پڕۆژەبڕیارەکە رەتبکەنەوە، برۆنۆ رۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا ناڕەزایەتی دەربڕی و بەرەو سەکۆی گوتاربێژ رۆیشت و داوای راگرتنی دەستبەجێی گوتارەکەی واڵتزی کرد.
واڵتز کە رەخنەی لە سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی کوبا دەگرت لەلایەن دەسەڵاتی کۆمیونیستی ئەو وڵاتەوە، بە هاوارەوە رووی لە رۆدریگێز و دیپلۆماتکارانی کوبا کرد و گوتی: "ئەمە نەتەوە یەکگرتووەکانە، دیکتاتۆرییە کۆمیونیستەکەی ئێوە نییە. ناتوانن بێدەنگم بکەن." لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی کوبا بە هاوارەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "تۆ درۆزنی."
ئەم گرژییە وایکرد سەرۆکی دانیشتنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆبوونەوەکە رابگرێت و فەرمان بە نوێنەرانی هەردوو وڵات بکات بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، پاشان رێگە بە باڵیۆزی ئەمریکا درا گوتارەکەی تەواو بکات.
ئەم پێکدادانە زارەکییە لە کاتێکدایە، کۆشکی سپی هەڵمەتێکی نوێی گوشار، گەمارۆی نەوتی و سزای بەرفراوانی بەسەر هاڤانادا سەپاندووە کە ئابووریی ئەو وڵاتەی ئیفلیج کردووە؛ هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کوبا کردبوو بە نهێنی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگەی هەواڵگریی سی ئای ئەی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆمیونیست لە وڵاتەکەیاندا.
کوبا لە ساڵی 1992ـەوە ساڵانە ئەم پڕۆژەبڕیارە ناپابەندکەرە پێشکێشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیاری ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بە 165 دەنگی بەڵێ، 7 دەنگی نەخێر و 12 دەنگی بێلایەن پەسندکرا، کە کەمترین ئاستی پاڵپشتی بوو لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا؛ هەروەها کوبا واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی گوشاری "بێوێنە" دەخاتە سەر وڵاتان تاوەکو دەنگ بە پڕۆژەکە نەدەن.


