رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان شاندەکانی ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینادا بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە فەرمی بەستنی ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی پشتڕاستکردووەتەوە. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئۆکراینی (TSN Week 1+1)، زیلینسکی پەردەی لەسەر ئامادەکارییە دیپلۆماسییەکان لادا و گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان قسەمان کرد، ئەوانیش سەردانی سانت پترسبۆرگیان کرد و لەوێ رێککەوتن کرا کە هەردوو لایەنی شەڕەکە، واتە رووسیا و ئۆکراینا، ئامادەن لەسەر خاکێک بۆ کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی کۆببنەوە." سەبارەت بە شوێنی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد، گفتوگۆ لەسەر ئەبووزەبی کراوە، بەڵام پێدەچێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبێت و لە پایتەختێکی ئەورووپیدا بکرێت، جەختیشی کردەوە کە بۆ کیێڤ زۆر گرنگە ئەورووپاش لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت. ئامانجی کۆبوونەوەکەی مانگی داهاتوو زیلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، گرنگترین ئەنجام لەم هەنگاوە ئەوەیە کە کۆبوونەوەی تیمە تەکنیکییەکان لە مانگی داهاتوودا رێگە خۆش بکات بۆ کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەسەر ئاستی سەرکردە و سەرۆکەکان. هاوکات سەرۆکی ئۆکراینا هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی دیاری کرد و رایگەیاند: "گەرەنتییەکانی ئاسایشی ئێمە نابێت لەلایەن مۆسکۆوە بسەپێندرێن. سنووردارکردنی سوپای ئێمە و بێلایەنیی ئۆکراینا لەژێر هیچ گفتوگۆیەکدا نین." پرسی ئاڵوگۆڕی خاک دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئاڵوگۆڕی خاک دەکەن، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد، لایەنی ئەمریکی زۆرجار پرسی ئاڵوگۆڕی خاک (Swap) دەورووژێنن، بەڵام جەختی کردەوە: "دەبێت هەمووان تێبگەن ئێمە هیچ شتێک بە هیچ شتێک ناگۆڕینەوە. پرسی خاک هێڵی سوورە و تەنیا دەکرێت لەسەر ئاستی سەرۆکەکان گفتوگۆی لێبکرێت، لە کاتێکدا پرسەکانی دیکە لە مانگی داهاتوودا لەسەر ئاستی گرووپە تەکنیکییەکان تاوتوێ دەکرێن."
جیهان26-10-2026توێژینەوەیەکی نوێ: 1.5 ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین و 86٪ـیان رووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە
جیهان26-10-2026گوتەبێژی سکرتێری گشتیی UN بۆ رووداو: راپۆرتەکانی هێرشکردنە سەر ئاوارەکانی گرێسپیم نەبینیون