رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، هێنانەدیی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەی کەنداو بەبێ دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ عێراق و ئوردن مسۆگەر نابێت، هەروەها هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە پێشینەی کارەکانی مۆسکۆیە و ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و وڵاتانی کەنداو 45٪ زیادی کردووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداریی تووندی دا لەبارەی دۆخی سەربازیی ناوچەکە و رایگەیاند: "ئێستا ناوچەی کەنداو بەدەست قەیرانێکی سەخت و مەترسیداری سەربازی و سیاسییەوە دەناڵێنێت، کە دوای دەستدرێژییە بێپاساوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران سەریهەڵداوە."
لاڤرۆڤ گوتی، وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵە ئاشتییانە دەکات کە رێگری لە خلیسکانی ناوچەکە بۆ نێو جەنگێکی سەرتاسەری و گشتگیر دەکەن و پێشنیازە ئەمنییەکەی مۆسکۆش بۆ همین ئامانجە.
سەبارەت بە شێوازی چارەسەری ئاڵۆزییەکان، لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت خودی وڵاتانی ناوچەکە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی ئاسایشیان بدەن، نەک هێزە دەرەکییەکان شتێکیان بەسەردا بسەپێنن: "بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە کەشێکی لەبار بۆ دیالۆگی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتانی کەنداو و دراوسێکانیان، بەتایبەتی عێراق و ئوردن بڕەخسێت."
وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشنیازی کرد کە کۆمکاری عەرەبی، رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و تەنانەت ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەتوانن وەک هاوکار بەشداری لەو پرۆسەی دیالۆگەدا بکەن ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە خوازیاری بن.



