رووداو دیجیتاڵ
ئانا کۆکال، بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی هەژاری لە فەرمانگەی فیدراڵیی کاروباری ناوخۆ و نووسینگەی فیدراڵیی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی سویسرا بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 115 هەزار منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ لە سویسرا رووبەڕووی "هەژاریی داهات بوونەتەوە".
لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی رووداودا سەبارەت بە دۆخی هەژاریی منداڵان لەو وڵاتە، ئانا کۆکال گوتی، گرنگە جیاوازی بکرێ لە نێوان "رێژەی مەترسیی هەژاری" (کە بەپێی سنووری داهاتی رێژەیی دیاری دەکرێ) و "رێژەی هەژاریی راستەقینە" کە پێوەرە بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا داهاتی خێزان بەشی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان دەکات یان نا.
بە گوێرەی داتاکانی نووسینگەی ئاماری فیدراڵیی سویسرا، 8.1٪ی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە کە دەکاتە 708 هەزار کەس لە ژێر هێڵی هەژاریی داهاتدا دەژین.
ئەگەر هاووڵاتییەک لە سویسرا 2800 دۆلاری مانگانە کەمتر بەدەستبهێنێت، ئەو کاتە بەو جۆرە پۆلێن دەکرێ کە داهاتەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدایە.
سەبارەت بە پشکی ئەو منداڵانەی کە خەڵکی وڵاتی دیکەن و لە سویسرا دەژین، بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریی نیشتمانیی هەژاری لە سویسرا روونیکردەوە کە نموونەی راپرسی و داتاکانی بەردەست بەو ئەندازەیە گەورە نین تاوەکو بتوانرێت خەمڵاندنێکی ورد و متمانەپێکراو بۆ هەژاریی منداڵان بەپێی وڵاتی بنچینەیان (وەک عێراق، سووریا، ئێران یان تورکیا) بە جیا دەستنیشان بکرێ، بەڵام دەکرێت ئەو ئەنجامە وەربگیرێ کە بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی لە هەژاریدا دەژین، پاشخانی کۆچیان هەیە.
بە گوێرەی ئاژانسی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 400 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە هەژاریدا دەژین. هەمان ئاژانس ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 1.5 ملیۆن کەسی خوار 18 ساڵ لەو وڵاتەدا دەژین. بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری سویسراش، 58٪ی منداڵانی تەمەن شەش ساڵ لە وڵاتەکەیان منداڵی پەنابەرانن. ئەوانەی تەمەنیان 7 بۆ 15 ساڵە رێژەکە 56٪یە.



