رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەیەکدا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەپڵیکەیشنی (تیکتۆک) یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا پێشێل دەکات، ئەوەش لە رێگەی بەردەوام خستنەڕووی بەکارهێنەرانی بۆ ئەو ناوەڕۆکانەی کە لەوانەیە زیان بە سەلامەتی و تەندروستیی دەروونییان بگەیێنن.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، کۆمیسیۆنی ئەورووپا، دەمێکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی کردووە لەبارەی کاریگەریی نەرێنی تیکتۆک لەسەر دەروونی بەکارهێنەرانی. لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکەشدا دەرکەوت ئەپڵیکەیشنی (تیکتۆک) یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا پێشێل دەکات. هۆکاری پێشێلکردنەکەش لە رێگەی بەردەوام خستنەڕووی ئەو ناوەڕۆکانەیە کە رەنگە زیان بە سەلامەتی و تەندروستیی دەروونی بەکارهێنەرانیان بگەیێنن.
لە مانگی ئابی رابردوودا، دەستەی پاراستنی داتاکانی بەرازیل، کۆمپانیای (بایت دانس)ی خاوەنی تیکتۆکی بە بڕی نزیکەی 29.8 ملیۆن دۆلار سزدا. هۆکاری سزادانەکەش بەهۆی بەکارهێنانی داتای کەسیی منداڵان و هەرزەکاران بەبێ بنەمای یاسایی پێویست و رێکارنەگرتنەبەری گونجاو بۆ رێگریکردن لەمە.
هەر لە مانگی ئابدا، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، پلاتفۆرمی (تیکتۆک) رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێدانی 400 ملیۆن دۆلار بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی کرابوونەوە سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتای کەسیی منداڵان.



