رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا تەواو کراون؛ فێستیڤاڵێک کە لەلایەن سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە سازدەکرێت و ئامانج لێی گەیاندنی دەنگ و ناسنامەی کوردە لە رێگەی سینەماوە.
فێستیڤاڵەکە رۆژانی شەممە، 7ـی تشرینی دووەم (لە کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو) و یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم (لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو) بەڕێوەدەچێت. ئەمە سێیەم ساڵی لەسەریەکە فێستیڤاڵەکە لە دوای دەستپێکردنی لە ساڵی 2024ـەوە رێکدەخرێت و بڕیارە لە یەکەم رۆژیدا پانێڵێکی تایبەتیش بە تیشکخستنەسەر هونەر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی پێشکەش بکرێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، 17 فیلمی جۆراوجۆر کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و چیرۆک کە بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کرمانجی و لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەرهەمهێنراون نمایش دەکرێن؛ لەوانەش فیلمەکانی دۆسیەی ژمارە 1، من کێم؟، شوێنپێی مێروولەکان و شەو و تەم لە کوردستان. هەموو فیلمەکان سەرنجیان لەسەر کولتوور، هونەر، مێژوو و ئەزموونی ژیانی هاوچەرخی گەلی کوردە.
دەلال حەسەن، هاوڕێکخەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی شیکاگۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی بەشی ئینتەیکی رووداودا رایگەیاند: "پێم وایە و بە بۆچوونی من وەک یەکێک لە رێکخەران، گرنگە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانەی فیلم، کولتوور و هونەر هەبن بۆ ئەوەی بتوانرێ ئازادانە و بەبێ هیچ فیلتەرێک فیلمەکان بڵاوبکرێنەوە. پێم وایە فیلم هێزێکی هەیە کە جیاوازە لە چیرۆکی رۆژانە بەتەنیا و گرنگە چیرۆکەکانی کوردستان بکرێنە فیلم و کاریان لەسەر بکرێت."
هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە سەبارەت بە پەیامی سینەمای کوردی گوتیشی: "دەمانەوێ نیشانی بدەین کە سینەمای کوردی دەتوانێت تێگەیشتنێکی نوێ بۆ مێژوو، کولتوور و زمانی کوردی لە جیهاندا دروست بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە جیهان زۆرجار وێنەیەکی شێوێندراو دەبینێت. هونەر دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە چەوتە کەم بکاتەوە و شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە و تێڕامان بخوڵقێنێت."
لە لایەکی دیکەوە، حەسەن زیرەک، هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بە سرووشتی کارەکانیان و ئاستەنگەکان کرد و گوتی: "ئێمە وەک هەموو ئەوانەی دیکە کارەکە بە خۆبەخشی دەکەین. دەمانەوێ سوپاسی دەرهێنەرەکان بکەین بۆ کارەکانیان. سەنتەرەکەیشمان دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و کار لەسەر پرسە گرنگەکانی کورد دەکات."
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە باسیان لەوە کردووە کە بانگهێشتنامەی فەرمییان ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی رەوەندی کوردی لە شیکاگۆ و ناوچەی نێوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکا کردووە، هاوکات ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و خۆجێیی ویلایەتی ئیلینۆش بانگهێشت کراون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای بەرهەمی فیلمسازانی کورد و کولتووری کوردستان بن.



