رووداو دیجیتاڵ
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای ئەلبێرتا، چوار سەرباز گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ئاگرەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە بنکەی هێزەکانی کەنەدا لە "وەینڕایت" کەوتەوە و بەهۆی رەشەبایەکی بەهێزەوە خێرا پەرەی سەند و ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەریشی گرتەوە.
سوپای کەنەدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە رووداوەکە تیرۆریستی بووبێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە بەردەوامە.
مارک کارنی لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کەسوکاری سەربازە گیانلەدەستداوەکان ئاگادارکراونەتەوە و لە سەرانسەری وڵاتیشدا ئاڵای فیدراڵی لە سەرجەم باڵەخانە حکومییەکاندا بۆ نیوە دادەگیرێت.
بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارانەوە، نەخۆشخانەکانی دەوروبەری بنکەکە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوون؛ دکتۆر وارنێر ثیرسک، پزیشکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رۆیاڵ ئەلێکساندرا لە شاری ئەدمنتۆن (کە 180 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە دوورە) رایگەیاند: "ئەم ژمارەیە لە بریندار تەنانەت شاری ئەدمنتۆنیش تووشی شۆک دەکات. ئەمە کارەساتێکە کە لە هەر 15 بۆ 25 ساڵ جارێک روودەدات."
بەهۆی زۆریی بریندارانەوە، چەند نەخۆشخانەیەک لە سەرانسەری پارێزگاکەدا باری نائاساییان بە (کۆدی نارنجی) راگەیاند، هاوکات دەسەڵاتداران داوایان لە هاووڵاتییان کرد خۆیان لە سەردانیکردنی بەشی فریاکەوتنی زانکۆی ئەلبێرتا بەدوور بگرن.
دەیڤید مەکگینتی، وەزیری بەرگریی کەنەدا، رایگەیاند کە پۆلیسی فیدراڵی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە رووداوەکە دەكات و خۆیشی بە رێگەوەیە بۆ ئەدمنتۆن تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بێت.
سوپای کەنەدا تاوەکو کەسوکاری سەربازەکان بە تەواوی ئاگادار نەکرێنەوە، ناو و ژمارەی وردی قوربانییان بڵاوناکەنەوە.
بنکەی سەربازیی وەینڕایت یەکێکە لە قەرەباڵغترین بنکە سەربازییەکانی راهێنان لە کەنەدا و پێگەی سەرەکیی سەنتەری راهێنانی مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتەیە. هەروەها ئاگرەکە کاریگەریشی لەسەر بەشێک لە پرۆسەی دەنگدانی پێشوەختە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەلبێرتا هەبوو و ناچار دوو ناوەندی دەنگدان زووتر دەرگاکانیان داخست.



