رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێک بۆ خەڵکی ئیسرائیل، پشتیوانیی "تەواو و بێمەرجی" خۆی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا راگەیاند و هۆشداریشی دا، سەرکەوتنی هەر کەسێکی دیکە جگە لە نەتەنیاهوو، بارگرانیی جەنگ لەگەڵ ئێران دەخاتە ئەستۆی واشنتن.
رۆژی یەکشەمە 18-10-2026 ترەمپ لە پەیامەکەیدا نەتەنیاهووی بە "شەرڤانێکی مەزن و هاوبەشێکی گەورەتری ئاشتی" ناوبرد لە رووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و رایگەیاند، ئێران چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی داراییەوە "بە شێوەیەکی سیستماتیک وێران کراوە" و ئەگەر بە خێرایی سیاسەتەکانی نەگۆڕێت، "بەم زووانە کارەکە کۆتایی پێدەهێنین."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، واشنتن پێویستی بە سەرکردەیەکی وەک نەتەنیاهوویە و گوتیشی: "ئەگەر ئیسرائیل سەرکردەیەکی هەڵەی هەبێت، کە هەر کەسێکی دیکە بێت جگە لە بیبی [نەتەنیاهوو]، ئەمریکا دەبێت خۆی ئەو کارە بکات [شەڕ بکات]، منیش ئەوەم ناوێت."
ترەمپ ستایشی خۆڕاگریی نەتەنیاهووی کرد لە بەرامبەر گوشار و دژایەتییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیلدا و داوای لە دەنگدەرانی ئەو وڵاتە کرد متمانەی پێبدەنەوە.
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە رۆژانی کۆتایی و پرسی ئاسایش و جەنگ لەگەڵ ئێران بووەتە تەوەری سەرەکیی کێبڕکێی نێوان لایەنەکان.
رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، واتە سێ ساڵ دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بنیامین نەتەنیاهوو و داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیان؛ هەڵبژاردنێک کە دەکرێت بڕیار لەسەر چەسپاندنی هەمیشەیی دەسەڵاتی راستڕۆی تووندئاژۆ بدات.
نەتەنیاهوو، کە لە 21ـی ئەم مانگەدا تەمەنی دەبێتە 77 ساڵ، خاوەنی درێژترین ماوەی سەرۆکایەتیی وەزیرانە لە مێژووی ئیسرائیلدا کە بەسەریەکەوە زیاتر لە 19 ساڵ حوکمی کردووە. ئەو لە کانوونی یەکەمی 2022 بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە ناسیۆنالیست و ئایینییە تووندڕۆکان گەڕایەوە سەر دەسەڵات. بەڵام ئێستا بەهۆی رەوتی جەنگەکەوە، ئیسرائیل لە زۆر وڵاتی رۆژئاوادا رووبەڕووی دابڕانی دیپلۆماسی بووەتەوە و خودی نەتەنیاهووش لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، جگە لەوەی لەناوخۆشدا رووبەڕووی دادگاییکردنە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی.
راپرسییەکان دەریدەخەن، کێبڕکێیەکی زۆر لەیەکتر نزیک لەنێوان نەتەنیاهوو و بەهێزترین رکابەریدا هەیە، کە ئەویش گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی سوپای ئیسرائیلە. ئایزنکۆت وەک نوێنەری بەرەی ناوەند و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆی بەربژێر کردووە و لە هەڵمەتەکەیدا باس لەوە دەکات، نەتەنیاهوو بەرپرسیاری سەرەکییە لە شکستی رێگری لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر.
ئایزنکۆت، کە بەڕەچەڵەک لە بنەماڵەیەکی جووی کۆچبەری مەغریبییە و یەکەم سەرکردەی لەو شێوەیە دەبێت بگاتە ئەو پۆستە، کوڕەکەی لە جەنگی کەرتی غەززەدا کوژرا. ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لە جەنگ و بۆردوومانەکان نەگرتووە، بەڵام بە تووندی هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانێتیی نەتەنیاهوو لەگەڵ پارتە ئایینییە "حەریدیمەکان [ئۆرسۆدۆکسە پەڕگیرەکان]،" بەتایبەت لە پرسی بەخشینی خوێندکارە ئایینییەکان لە خزمەتی سەربازی.
لە بەرامبەردا، لایەنگرانی نەتەنیاهوو پێیانوایە جەنگ لەگەڵ حەماس و لێدانی ئێران و حیزبوڵڵا سەقامگیریی گەڕاندووەتەوە. هاوکات نەتەنیاهوو لە رێگەی پارتەکەیەوە (لیکود) هەڵمەتێکی فراوانی دژی دەنگدەرانی عەرەبی ناوخۆی ئیسرائیل دەستپێکردووە کە نزیکەی 20٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵێنی داوە هەرگیز هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان نەکات.


