رووداو دیجیتاڵ
نەهیر ئایتوڵون، کچە وەرزشوانێکی خەڵکی شاری ئامەدی باکووری کوردستان، توانی لە جامی جیهانیی کیک بۆکسینگی (WAKO) کە لە شاری تاشکەندی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، میدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوانی جیهان.
ئەم پاڵەوانێتییە جیهانییە لە نێوان 13 تاوەکو 18ی تشرینی یەکەمی 2026 لە شاری تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، تێیدا نەهیر ئایتوڵون وەک یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا لە کێشی 48 کیلۆگرامی لە بەشی (فۆڵ کۆنتاکت) لەسەر ئاستی کچانی لاو بەشداری کرد.
ئەو کچە وەرزشوانە ئامەدییە لە یاریی کۆتاییدا توانی بە بەزاندنی هەردوو رکابەرە کازاخستانییەکەی، سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و پلەی یەکەم و میدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.
سەرکەوتنەکەی نەهیر لە ئۆزبەکستان دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە شاری ئامەد هەبوو و لە نێو قوتابخانەکەی و ناوەندە وەرزشییەکانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
نەهیر خاوەنی چەندین مەدالیا و ناونیشانە؛ لە ساڵی 2025دا پلەی دووەمی پاڵەوانێتیی کیک بۆکسی تورکیای بەدەستهێناوە، هەروەها لە حوزەیرانی 2026ـیشدا لە جامی جیهانیی واکۆ لە ئەنتاڵیا، لە هەمان کێش (48 کیلۆگرامی فۆڵ کۆنتاکت) پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو.
ئەم دەستکەوتە گەورەیەی نەهیر ئایتوڵون بە هاوکاری و راهێنانی بەردەوامی راهێنەری ناودار دیلەک ئێرۆڵ، کە خۆی راهێنەر و یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی نیشتمانییە، بەدیهاتووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە پێگەیاندنیدا هەبووە.


