رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی میسر سبەی یەکشەممە دانیشتنێکی نائاسایی دەکات، دوای ئەوەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە داوای مۆڵەتی کرد کە رەنگە رێگە بە میسر بدات پاڵپشتی لە بەرگریی سعودیە بکات ئەگەر شانشینەکە داوای ئەو هاوکارییە بکات.
ئەمڕۆ شەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی فەرمیی (ئەهرام)ی میسری بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی میسر بە سەرۆکایەتیی هیشام بەدەوی، سبەی یەکشەممە لە وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆککۆمار عەبدولفەتاح سیسی دانیشتنێکی نائاسایی دەکات بۆ تاوتوێکردنی مۆڵەتپێدان بە هاوکاریکردنی سعودیە.
بەپێی دەستووری میسر، سەرۆککۆمار پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە تاوەکو مۆڵەتی فەرمیی پێبدرێت بۆ هاوکاریکردن لە ئەرکی بەرگری لە وڵاتانی هاوپەیمان لە ئەگەری دروستبوونی هەر مەترسییەکدا.
ئەم پێشهاتە سەربازییە لە کاتێکدایە کە شاری ریازی پایتەختی سعودیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی چەکدارانی حووسییەکان بووەتەوە؛ لە نێویاندا هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید کە بوونە هۆی کوژرانی چەندین هاووڵاتی، کە یەکێکیان کچە فڕۆکەوانێکی میسریی تەمەن 28 ساڵان بوو و کاردانەوەی تووندی لە شەقامی میسریدا دروستکرد.
سەرۆککۆماری میسر پێشتریش چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە ئاسایشی کەنداو بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانیی میسر؛ ئێستاش لە سایەی جەنگی بەرفراوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڕەشەی بەردەوامی حووسییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە دەریاییەکان، قاهیرە دەیەوێت بە فەرمی چوارچێوەی یاسایی بۆ هەر پاڵپشتییەکی سەربازیی راستەوخۆ بۆ ریاز دەستەبەر بکات.



