رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی حکومەتی ئەمریکا دەریدەخەن کە لە ساڵی دارایی 2026ـدا کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکە گەیشتووەتە نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار، ئەوەش بەرزترینە لە ساڵی 2021ـەوە تۆمار کرابێت.
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کورتهێنان لە ساڵی دارایی 2026دا گەیشتووەتە 1.99 تریلیۆن دۆلار، کە بەراورد بە پار 12% زیادی کردووە، کاتێک لە ساڵی دارایی پێشوودا کورتهێنانەکە 1.78 تریلیۆن دۆلار بوو.
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی خەرجییەکان و بەرزبوونەوەی سوودی کەڵەکەبووی سەر قەرزە گشتییەکانی ئەمریکا بووە، کە بە بڕی 144 ملیار دۆلار زیادی کردووە و ریکۆردێکی نوێی بە 1.36 تریلیۆن دۆلار تۆمار کردووە لەسەر کۆی قەرزی گشتی کە نزیکەی 32 تریلیۆن دۆلارە.
هاوکات بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا لە مانگی شوباتدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێناسە گومرگییە سەپێنراوەکانی ترەمپ بووەهۆی گەڕاندنەوەی 145 ملیار دۆلار لە رسووماتی گومرگی بە شێوەی قەرەبوو، ئەمەش بەشێکی گەورەی داهاتە چاوەڕوانکراوەکانی گومرگی لەناوبرد.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەنجینە، داهاتی گشتیی حکومەت لەم ساڵە داراییەدا کە لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی هات، بە رێژەی 3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 5.40 تریلیۆن دۆلار، بەڵام لە بەرامبەردا خەرجییەکان زۆر خێراتر بەرزبوونەتەوە و بە رێژەی 6% زیادبوون و گەیشتوونەتە 7.40 تریلیۆن دۆلار. لەنێو کەرتەکانیشدا، خەرجیی پرۆگرامە سەربازی و بەرگرییەکان بە رێژەی 6% (48 ملیار دۆلار) بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 917 ملیار دۆلار.
بەپێی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، رێژەی کورتهێنان بەراورد بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتووەتە نزیکەی 6.2%، لە کاتێکدا ساڵی پێشوو 5.8% بوو، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئامانجەکەی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکایە کە پلانی دانابوو کورتهێنان بۆ 3% دابەزێنێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم ژمارانە تەنیا دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول دێ، کە تێیدا پارتی کۆماری هەوڵی پاراستنی زۆرینەی خۆی دەدات، لە کاتێکدا بەڵێنە نوێیەکانی ترەمپ بۆ پێدانی پێنج هەزار دۆلار بە هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان، لەوانەیە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلاری دیکە بخاتە سەر خەرجییەکان.


