رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، ئەورووپا بەشێکە لە ئامانجی ئێران و نابێت چاوپۆشی لە جموجووڵەکانی تاران بکرێ.
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین رایگەیاند: "ئەورووپا لە ئامانجی ئێراندایە و چاوپۆشی لە چالاکییە دووژمنکارانەکانی ئێران ناکەین کە لێرە لە ئەڵمانیا دژی جووەکان و کۆمەڵگە کراوەکەمان بە گشتی دەکرێن".
گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدان، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات، تاران لەلایەن ئەڵمانیا و بەشێکی دیکە لە وڵاتانی ئەورووپا تۆمەتبار دەکرێ بە هاندان بۆ تاوان دژی جووەکان لەو وڵاتانەدا.
دوێنێ، دادگەیەکی هامبۆرگ سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو هاووڵاتییدا سەپاند بە تاوانی پلاندانان بۆ کوشتنی جۆزێف شوستە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی جووەکان لە ئەڵمانیا. دادگە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، ئەو دوو کەسە لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە ئەرکدارکرابوون بۆ کوشتنی ئەو هاووڵاتییە.
دوێنێ و دوای بڕیارەکەی دادگەی هامبۆرگ، باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەڵمانیا تۆمەتەکانی دادگەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "رێزگرتن لە هەموو پەیڕەوانی ئایینەکانی ئیبراهیمی، لەنێویانداجووەکان لە مێژوو، کولتوور و باوەڕە ئایینییەکانی هەموو ئێرانییەکاندایە".
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2026، دوو هاووڵاتی ئێرانی لە شاری مانچستەری بەریتانیا بەهۆی هەوڵدانیان بۆ "کاری تیرۆرستی" سزادران. بە گوێرەی بڕیاری دادگەی مانچستەر، ئەوان هەوڵیان دابوو بە بۆمب هێرشبکەنە سەر مۆزەخانەی جووەکان و پەرستگەیەکیان. دادگەکە ئێرانی بە هاندانی ئەو دوو کەسە و ئەرکدارکردنیان بۆ ئەو کارە تۆمەتبار کرد.


